ئاک پارتی دواى بڕیارەکەى پەکەکە: دەرگای سەردەمێکی نوێ دەکرێتەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
عومەر چەلیک وتەبێژی ئاک پارتی ڕایگەیاند، "بڕیاری پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و دانانی چەک لەدوای بانگەوازەکەی ئیمرالی، هەنگاوێکی گرنگە لەڕووی ئامانجی "تورکیایەکی دوور لە تیرۆر"، ئەگەر تیرۆر بەتەواوی کۆتایی پێبێت، دەرگای سەردەمێکی نوێ دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامى کۆنگرەى ١٢ى پەکەکە، عومەر چەلیک وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان-ئاک پارتی پەیامێکى بڵاوکردەوە.
لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتەبێژەکەى ئاک پارتى ئاماژەى بۆ ئەوەکردئەم بڕیارە دەبێت بە کردەوە جێبەجێ بکرێت و بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە بەدی بهێنرێت. جێبەجێکردنی کۆنکرێتی و تەواوەتی بڕیاری “کۆتاییهێنان” و “تەسلیمکردنی چەک” کە سەرجەم لق و درێژکراوەکانی پارتی و پێکهاتە نایاساییەکانی دادەخات، دەبێتە خاڵی وەرچەرخان.
عومەر جەلیک جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە ئەم پرۆسەیە لە مەیدانەکەدا بە وردی لەلایەن دامودەزگاکانی دەوڵەتمانەوە چاودێری دەکرێت.
وتیشى: لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی ڕێکخراوی پەکەکە دەبێت بە شێوەیەکی کۆنکرێتی، چ "ناوەوە" و چ "دەرەوە"، بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە جێبەجێ بکرێت.
پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند کە بە بەشداریی 232 ئەندام بووە و دەڵێت، "خەباتکردن بە ناوی پەکەکەوە کۆتایی دێت." دەشڵێت، "گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا پەکەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "پرسی کورد بە رێگەی سیاسەتی دیموکراتیکمان ھێناوەتە خاڵی چارەسەری و رۆڵی مێژووییمان هەبووە. بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوە و کۆتایی ھێنان بە تێکۆشانی چەکداری دراوە."
