لاهور شێخ جەنگى: کۆتاییهێنان بە خەباتى چەکداریی، پێدانی بەهای زیاترە بە پرۆسەى ئاشتى

5 كاتژمێر لەمەوپێش
لاهور شێخ جەنگى پەیامێکى لەبارەى کۆنگرەى چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەى پارتى کرێکارانى کوردستان بڵاوکردەوە.
لەبەشێکى ئەو پەیامەدا، لاهور شێخ جەنگى دەڵێت: کۆنگرەى پارتی کرێکارانی کوردستان و بڕیاردان لە خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتى چەکداریی، پێدانی بەهای زیاترە بە پرۆسەى ئاشتى و چارەسەریى لە تورکیا و هەنگاوێکى ئەرێنییە بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕ و ئاڵۆزی.
هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەوەی ماوەتەوە دەوڵەتی تورکیایە، دەسەڵاتدارانی ئانکەرە بەرپرسیارێتیی گەورە و مێژووییان دەکەوێتە سەرشان، پێویستە لێرە بەدواوە بڕیارى خێرا و بوێرانە بدەن بە ئاراستەى چارەسەرى یەکجارى کێشەى کورد.
دەقى پەیامەکەى لاهور شێخ جەنگى
کۆنگرەى پارتی کرێکارانی کوردستان و بڕیاردان لە خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتى چەکداریی، پێدانی بەهای زیاترە بە پرۆسەى ئاشتى و چارەسەریى لە تورکیا و هەنگاوێکى ئەرێنییە بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕ و ئاڵۆزی.
لەکاتێکدا پێشوازی لە بڕیارەکانى کۆنگرەى 12ـیەمینى پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەم، پێشتر و ئێستاش هانی هەڤاڵانى پەکەکە و دەوڵەتی تورکیامان داوە لەبری شەڕ و خوێنڕشتن بگەڕێنەوە بۆ مێزى دانوستان و بە ئاشتى ئەو ململانێ مێژووییەى لەنێوان هەردوولا دروست بووە چارەسەر بکەن.
پەیامەکەى بەڕێز ئۆجالان لە 27ـى شوبات و کۆنگرەکەى ئێستاى پەکەکە بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە، نیاز پاکییەکى گەورەى کورد بۆ گەلانی تورکیا و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە نیشاندەدات، دەریدەخات کورد گەلێکى ئاشتیخوازە و لە ئەگەرى هەبوونى کەمترین ئاسۆ بۆ ئاشتى و چارەسەر، هەرگیز بیر لە چەک و شەڕکردن ناکاتەوە.
لەم پرۆسەیەدا و دواى کۆنگرەکەى پارتى کرێکارانى کوردستان، ئەوەی ماوەتەوە دەوڵەتی تورکیایە، دەسەڵاتدارانی ئانکەرە بەرپرسیارێتیی گەورە و مێژووییان دەکەوێتە سەرشان، پێویستە لێرە بەدواوە بڕیارى خێرا و بوێرانە بدەن بە ئاراستەى چارەسەرى یەکجارى کێشەى کورد و رێگە نەدەن پرۆسەکە لە هیچ شوێنێکدا تەگەرەى بۆ دروست بێت، تاوەکو دەگاتە دوامەنزڵ و ئیتر بۆ هەمیشە کورد و تورک پێکەوە بە ئاشتى بژین.
