دەوڵەت باخچەلی: هیوادارم لاپەڕەى خوێناویی 47 ساڵە دابخرێت

7 كاتژمێر لەمەوپێش



 

دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە سوپاسى ئۆجەلان و ئەردۆغان و دەمپارتى دەکات و رایگەیاند، بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی کۆتایی بە "تیرۆر" و "جوداخوازی" هێندرا کە دەیان ساڵ بوو پشتی تورکیای چەماندبووەوە، ئەوەش لەیەکەم هەڵوێستیدا لەبارەى بڕیارى خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانى پەکەکەوە.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی دووشەممە، 12ی ئایاری 2025 لە هەژماری فەرمیی پارتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ''هیوادارم ئەو پەڕە خوێناوییەی بۆ ماوەی 47 ساڵ بە ناپاکی نووسرا، دابخرێت و جارێکی دیکە نەکرێتەوە''.
 
سەرۆکی مەهەپە دەڵێت، ''پارتەکەمان و هاوپەیمانی جمهوور هیچ کاتێک هەنگاویان بەرەو دواوە نەناوە، هەروەها ئیمراڵی (ئۆجەلان) و دەم پارتی زۆر بە وردی خوێندنەوەیان بۆ مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەمان کرد''.
 
باخچەلی پێیوایە، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، ئامانجی یەکەمی سەت ساڵەی تورکیا بووە؛ گوتیشی: '' ئەمڕۆ ئاشتی و برایەتی براوە بوون، ئەمڕۆ سیاسەت و دیموکراسی براوە بوون''.

هەروەها جەختدەکاتەوە کە بەم جۆرە بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی کۆتایی بە "تیرۆر" و "جوداخوازی" هێندرا کە  دەیان ساڵ بوو پشتی تورکیای چەماندبووەوە و و تا دەهات قورستر دەبوو و دەڵێت: "ئەو پەڕە خوێناوییەی بە ناپاکی نوسراوە، بە جۆرێک دادەخرێت جارێکی دیکە ناکرێتەوە".

هاوکات دەولەت باخچەلی دەڵێت، دەبێت کەشی ئاشتی بە تەواوی و بە شێوەیەکی متمانەپێکراو، دروست و یەکجارەکی بڕەخسێندرێت و کۆتایی بە حوکمدانی پێشوەختە بهێندرێت و برایەتی هەزار ساڵەی کورد و تورک پتەوتر بکرێت و دەڵێت: "کورد و تورک هەر بران و هەر برا دەبن و هیچ پیلانێک ناتوانێت لێکیان داببڕێت. براوەی ئەم پرۆسە نوێیە ئاشتی و برایەتیی، سیاسەت و دیموکراسییەتە".

دەولەت باخچەلی بە هۆی ئەو بڕیارەی پەکەکەوە سوپاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا و گەورە بەرپرسانی تورکیا، شاندی ئیمراڵی، هاوسەرۆکانی دەم پارتی و ئۆجەلان دەکات و دەڵێت: " سوپاسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری دامەزرێنەری پەکەکە دەکەم".

دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لێدوانێکی نووسراوی دا. باخچەلی وتی، "تۆوی ئاشتی چێنراو لە هەموو ناوچەکانی نیشتمانى تورکیا بە زەحمەت و سەبر و فیداکاری بە ئومێد ئاو دراوە، دواجار گوڵیان کردووە و گوڵیان کردووە. بەم شێوەیە بەڵای پەکەکە کۆتایی دێت و هیوادارم و ئاواتەخوازم ئەو لاپەڕە خوێناوییەی 47 ساڵە بە خیانەت نووسراوە، دابخرێت، جارێکی دیکە هەرگیز نەکرێتەوە". وتی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار