ئەردۆغان: هەڵوەشاندنەوەی پ.ە.کە.کە دەبێت عێراق و سوریا و ئەوروپاش بگرێتەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



له‌ یه‌كه‌مین په‌یام و كاردانه‌وه‌یدا سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری چه‌كدانان و خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا ده‌ڵێت، خۆهەڵوەشاندنەوەی په‌كه‌كه‌ کۆتایی بە "تیرۆر" لە ناوچەکەدا دەهێنێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی حکومەتەکەی باسی لە پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە کرد و هەنگاوەکەی بە "قازانج" بۆ تورک و کورد وەسفکرد.

ئەردۆغان رایگەیاند، حکومەت بە شکاندنی پێشبینییە نەرێنییەکان و فیتنەکان بەردەوام دەبێت لە رێگەکەی و گوتی: "ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور، بە ئامانجی بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆییمان ئەمڕۆ قۆناخێکی دیکەی گرنگمان لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بڕی. رێکخراوی تیرۆریستی  بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و رادەستکردنی چەکەکانی راگەیاند. بڕیارەکە بۆ ئاسایشی وڵاتەکەمان، ئارامیی ناوچەکەمان و بەهێزکردنی برایەتیی هەمیشەیی گەلەکەمان بە گرنگ دەزانین".

به‌پێی وته‌ی ئەردۆغان، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی په‌كه‌كه‌، کۆتایی بە "تیرۆر" لە ناوچەکەدا دەهێنێت و وتیشی، "هەوڵ بۆ تورکیایەکی خاڵی لە تیرۆر دەدەین و وڵاتەکە لەو برینە تەمەن 40 ساڵییە رزگار دەکەین"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ شه‌ڕی نێوان گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ و هێزه‌كانی توركیا.

ئەردۆغان هەروەها لەبارەی گشتگیریی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە گوتی: "ئەم بڕیارە بە جۆرێک هەڵدەسەنگێنین کە تەواوی باڵەکانی رێکخراوەکە لە باکووری عێراق، سووریا و ئەورووپاش دەگرێتەوە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا جەختیکردەوە کە مشەخۆرانی سەر خوێن و فرمێسک دۆڕاندوویانە و ئەوانەش کە براوەن، گەلانی تورکیا و براکانی لە ناوچەکەن. گوتیشی: "رێکخستنەکانی هەواڵگریمان و یەکینەکانی ئاسایشمان، بۆ بردنە سەری بەڵێنەکان، لەمەودوا زۆر هەستیارانەتر چاودێریی پرۆسەکە دەکەن. ئێمەش وەکو دەوڵەت بە وردی چاودێریی پێویستی پرۆسەکە دەکەین".
 
ئەردۆغان راشیگەیاند: "هەرچەندە نەژادمان، کولتوور و باوەڕمان جیاوازیش بێت، هەموومان هاووڵاتیی نمرەیەکی کۆماری تورکیاین. هەموومان بەیەکەوە تورکیاین و بەیەکەوەش بەهێزین".
 
ئەردۆغان هەروەها جەختیکردەوە کە ئەگەر یەکبگرن، هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت تورکیا ببەزێنێت. 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار