ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ: کاتی قسەکردن و دیالۆگ و سیاسەت و کردار هاتووە

7 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆكی گەورەی شارەوانی ئەستەنبوڵ، كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراوە، لە بەیەننامەیەكدا لەبارەی چەك دانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان دەڵێت:

رێکخراوی پەکەکە بڕیاریدا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەکەکانی دابنێت،  زۆر دڵخۆشم، کە سەردەمێک کە گیانی گەنجەکانمان و دەیان هەزار هاوڵاتی تورک و کوردمان بەفیڕۆدا،  كە داهات و سەرچاوە داراییەكانمانی لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا وشک كرد، خەریکە کۆتایی دێت.

کاتی قسەکردن و دیالۆگ و سیاسەت و کردار هاتووە، دەبێت لە ناوخۆ و دەرەوەدا بجوڵێین بۆ ئەوەی نەگەڕێینەوە بۆ ئەو رۆژە خراپانە.

پێویستە رێوشوێنی یاسایی لە كۆمەڵێك  بواری بەرفراواندا بگرینەبەر، لە تەواوکردنی پرۆسەی داماڵینی چەک بەشێوەیەكی نەرمونیان تا دانپێدانان بە مافەکانی هاوڵاتیانمان وەك ئەندامی یەكسان لە کۆماری تورکیادا. 

جێبەجێکردنی چاکسازیی سیاسی و یاسایی هەمەلایەنە و دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گەشەسەندنی گەورە لە رۆژهەڵات و باشوری رۆژهەڵات ئەنادۆڵ.

پرۆسەیەکی وەها گەورەو گرنگ سەرناگرێت بە دیداری داخراوی چەند سیاسەتمەدارێک، وەک ئەوەی حکومەت بەدوایدا دەگەڕێت، بەبێ پشتیوانی و رەزامەندی کۆمەڵگا، بەبێ بەشداریکردنی کەسانی شارەزا و بەبێ بوونی لانی كەمی مەرجی دیموکراسی وەک ئازادی رادەربڕین و رێکخستن.

جارێکی تریش دەڵێم، پرۆسەیەكی وەها بەرفراوان و گرنگ بە دیدێکی کورتخایەن بەدینایەت، كە لەسەر بنەمای رزگارکردنی دۆخەکە و سەرکەوتن بێت لە هەڵبژاردنەکان و، چاوپۆشی لە رەهەندی هەرێمایەتی مەسەلەکە بكات.

بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە، پێویستە دیبەیتێکی گشتی لە ئەنجومەنی گەورەی نیشتمانی تورکیادا بکرێتەوە، دواتر لیژنەیەک بە بەشداریی هەموو لایەنەکان كە نوێنەرایەتیان هەیە لە پەرلەمان پێکبهێنرێت بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتە.

چل ساڵ ئازار، هۆکاری رەگداکوتاوی هەیە، هەندێکیان لە هەڵسوكەتەكانی دەوڵەتەکەمانەوە سەرچاوە دەگرن، پێویستە بزانین ئەم بابەتە کە چل ساڵە ئازارێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، مێژوویەکی قوڵی هەیە و هۆکاری هەیە، هەندێکیان لە پراکتیزە هەڵەکانی وڵاتەکەمانەوە سەرچاوە دەگرن.

هۆکاری سەرەکی پشت ئەم کارە ئەوەیە، ئێمە نەمانتوانی هاوڵاتی کوردی خۆمان والێبكەین هەست بەوە بکەن کە هاوڵاتی یەکسانن لە کۆمارەکەماندا،  لە ڕوانگەی ئەمنیەوە سەیری کوردمان لە دەرەوەی سنورەکانمان کردووە.

ئەگەر بتوانین وابكەین کورد هەست بە یەکسانی بکات لەگەڵ هەمووان، وڵاتەکەمان دەبێتە ئەستێرەی جەمسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار