سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق: دۆخی ئاوی کۆگاکراوی وڵات مەترسیدارە

7 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق راگەیاند، دۆخی ئاوی کۆگاکراوی وڵات مەترسیدارە و هاووڵاتیانی عێراقیش لە بەفیڕۆدانی ئاودا لەسەر ئاستی جیهان بەرزترین رێژەیان تۆمارکردووە.
غەزوان عەبدولئەمیر سەهلانی بەڕێوەبەری دەستەی کارپێکردنی پرۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، دۆخی ئێستای ئاوی کۆگاکراو بەراورد بە 2024 و ساڵانی رابردوو مەترسیدارە.
دەشڵێت، رێژەی بەفیڕۆدانی ئاوی خواردنەوە لەسەرتاسەری عێراقدا لە رادەبەر بەرزە و رێژەی ئاسایی رۆژانە تێدەپەڕێنێت، بەشێوەیەک بەکارهێنانی رۆژانەی هەر تاکێک بۆ ناوچە گوندنشینەکان 135 لیترە، بۆ قەزا و ناحیەکانیش 200 لیتر، بۆ ناوەندی شارەکان دەگاتە 240 لیتر، بەڵام لە هەندێک شوێنی عێراق بەکارهێنانی ئاو بەرزترین رێژەی دیاریکراوی جیهانی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە 700 لیتر لە رۆژێکدا، ئەوەش پێویستی بە هەنگاوی خێرا و یەکلاکەرەوە هەیە.
هاوکات عەون زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بۆ دابینکردنی ئاو بۆ وەرزی هاوین تورکیا وەڵامی ئەرێنی داونەتەوە و چاوەڕێن ئەنقەرە بەڵێنەکانی جێبەجێبکات، لە رۆژانی داهاتووشدا بۆ دۆسیەی ئاو پەیوەندی راستەخۆ بە بەرپرسانی ئێرانەوە دەکەن تا ئاوی روباری کارون بەربدەنەوە، هەرچەندە ئێستا لە ئێرانەوە بەتایبەت لە رووباری سیروانەوە بڕێکی باشی ئاویان بۆ دێت کە سەرچاوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخانە.
