کەجەکە: هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان پ.ەک.ەکە و دەوڵەتدا نییە

6 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرپرسێکی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت: پەکەکە تاکلایەنە نیازپاکیی خۆی نیشانداوە بۆ چارەسەریی دیموکراسییانە و ئێستا نۆرەی تورکیایە هەنگاو بنێت و هەرچی ڕوبدات پەیوەستە بەوەوە، دەشڵێت: هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتدا نییە.
زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، لە لێدوانەکەیدا بۆ بی بی سی فارسی، لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پارتەکەوە ڕایگەیاند: ئەوەی تا ئێستا کراوە ڕاگەیاندنی نیازپاکی تاکلایەنەی پەکەکەیە و هەنگاونانە بۆ ڕێگەی چارەسەریی کێشەی کورد بەشێوەیەکی دیموکراسییانە،ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا هەنگاو بنێت لەبارەی چارەسەریی و ئەوەشی لە داهاتودا ڕودەدات، بەتەواوەتی پەیوەستە بە هەنگاوەکانی تورکیاوە، کە هەنگاوی یاسایی و سیاسیی لەخۆدەگرێت.
وتەبێژەکەی کەجەکە ئاماژەی بەوەشداوە، کە تا ئێستا هیچ جۆرێک لە ڕێککەوتن و پەیمانێکی نوسراو و زارەکیی لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیادا نەکراوە.
زاگرۆس هیوا وتوشییەتی، بۆ ئەوەی کە عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە بتوانێت پڕۆسەی چارەسەریی بەڕێوەببات، دەبێت جەستەیی ئازاد بکرێت و دڵناییش لە پارێزراویی و ئاساییشی بدرێت و ئازادانە پێشەنگەیاتی پرسەکە بکات.
دووشەممە 12ی ئایاری 2025 پەکەکە، ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامی کۆنگرەکە پەکەکە بە فەرمی خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند.
پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزراوە، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، لە 18ـی ئابی 1984 یەکەم تەقەی لە دژی تورکیا کرد.
