یەک ملیۆن لیرەى سورى بۆ 200 هەزار دینار بەرزبووەوە

7 كاتژمێر لەمەوپێش
بەهاى لیرەى سورى بەرامبەر دراوەکان بەرزبووەوە، لە هەرێمى کوردستانیش دواى ئەوەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا ئێوارەى رایگەیاند، سزاکانى سەر سوریا لادەبات، راستەوخۆ بەهاى یەک ملیۆن لیرەى سورى بۆ 200 هەزار دینارى عێراقى بەرزبووەوە.
چاوەڕوانکراو بوو ترەمپ لە سعودیە باسى سوریا بکات، هەر لە بەیانییەکەیەوە دراوى وڵاتەکە جوڵەى تێکەوت و رووى لە بەرزبوونەوە کرد، تاوەکو پێش قسەکانى ترەمپ بەهاى یەک ملیۆن لیرە لە هەرێمى کوردستان بۆ 153 هەزار دینار بەرزبووەوە.
بەڵام کاتێک گوتى، لێخۆشبوون و بینینى ئەحمەد شەرع، سەرۆکى راگوزەرى سوریای کرد، یەک ملیۆن لیرە بۆ 200 هەزار دینار بەرزبووەوە، لە ناوخۆى سوریاش 100 دۆلار بە 900 هەزار لیرە مامەڵەى پێوەدەکرێت.
جگە لە بڕیارەکەى ترەمپ، بەرزبوونەوەى بەهاى لیرە چەند هۆکارێکى دیکەى هەیە، لەوانە؛ ئەحمەد شەرع هەموو ئەو بڕیارانەى هەڵوەشاندەوە، کە لەنێوان ساڵانى 2012 بۆ 2024 لەبارەى دەستبەسەراگرتنى یەدەگى هاووڵاتیان دەسەڵاتى ئەسەد دەریکردبوو.
ئەوەىش کە کاریگەریى لەسەر موڵک و ماڵى هاووڵاتیان دانابوو، هەروەها بەریتانیا هەموو ئەو سزایانەى هەڵگرت، کە سەپاندبوونى بەسەر وەزارەتى ناوخۆ و بەرگریى و هەواڵگریى سوریادا، لەگەڵ 24 دامەزراوەى دیکە، کە لەنێویاندا بانکى ناوەندیى سوریا و بانکەکانى دیکەى وڵاتەکە و کۆمپانیا نەوتییەکانى تێدابوو.
