ئەحمەد تورک: لە داهاتوودا لەڕووی کردەییەوە بەرەوپێشچوون دێتەئارا
.jpg)
6 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەحمەد تورک، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و سیاسەتمەداری دیاری کورد راگەیاند، پێویستە لەپێناو داهاتووی تورکیایەکی دیموکراتدا، چەند هەنگاوێک بنرێت. ئەو هەنگاوانە سەودا و مامەڵە نین، بەڵکو بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ئامێزکردنەوەی تورکیایە بۆ هاوڵاتییانی.
تورک لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی گرنگە دیموکراتیزەکردنی تورکیا و چارەسەرکردنی کێشەکانە لە کۆمارێکی دیموکراسیدا. بێگومان لە داهاتوودا لەڕووی کردەییەوە بەرەوپێشچوون دێتەئارا.
ئەحمەد تورک لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان گوتی، "بڕیارەکانی پەکەکە چاوەڕوانکراو بوون، ئەوان دەیانزانی و پێشبینییان دەکرد، کە پەکەکە پابەندی بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان دەبێت. "
تورک، لەبارەی رۆڵی پەرلەمانی تورکیا و لایەنە سیاسییەکان ئاماژەی بەوەکرد، چەند ئەرکێک دەکەوێتە سەر پەرلەمان و پێویستە پەرلەمان ئەو ئەرکانە جێبەجێبکات، چونکە ئەم پرۆسەیە هەر دەچێتە پەرلەمان و پێویستە هەموو فراکسیۆنەکان رۆڵیان لە هێنانەئارای ئاشتی بۆ تورکیا هەبێ.
داواشیکرد، لە پەرلەمانی تورکیا و بە بەشداریی سەرجەم فراکسیۆنەکان، لیژنەیەک لەبارەی چاودێریکردنی پرۆسەکە دروستبکرێت.
ئەحمەد تورک، لەبارەی ئەگەری دیداری نوێی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان گوتیشی، "ئێستا نازانن دیداری نوێی ئیمراڵی دەبێت یان نا، بەڵام ئەگەر پێویست بکات و دۆخەکە بڕەخسێت، دیدار ئەنجامدەدرێت."
هەر لە سەرەتای پرۆسەکەوە باس لە مافی ئومێد دەکرێت بۆ ئۆجەلان و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەش لە تشرینی یەکەمی 2024، باسی لە مافی ئومێد بۆ ئۆجەلان کرد.
ئەحمەد تورک لەو بارەیەوە گوتی، "قسەکردن دەربارەی مافی ئومێد لە ئێستادا مانایەکی نییە."
لەڕووی یاساییەوە مافی ئومێد دەرگا بەڕووی ئازادبوونی ئەو زیندانیکراوانەدا دەکاتەوە، کە بە زیندانیکردنی هەمیشەیی سزادراون.
عەبدوڵا ئۆجەلان لە سێیەم دیداری ئیمراڵی و لە 27ی شوباتی 2025، بانگەوازی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی بۆ پەکەکە کرد و پەکەکەش چەند رۆژێک دواتر وەک یەکەم هەنگاو، ئاگربەستی یەکلایەنەی راگەیاند.
پەکەکە لە رۆژانی پێنج بۆ حەوتی ئایاری 2025، کۆنگرەی 12ی ئەنجامدا و بڕیاری دا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتایی بەخەباتی چەکداریی بهێنێت.
