تورکیا: تێچوی شەڕ لەگەڵ پ.ەک.ەکە نزیکەی دو ترلیۆن دۆلار بوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
جێگری سەرۆك کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: بە پێی ئامارە نافەرمییەکان تێچوی شەڕی پەکەکە نزیکەی دو ترلیۆن دۆلار بوە و دەشڵێت: بە وریاییەوە دامەزراوە ئەمنییەکانیان چاودێری پڕۆسەی چارەسەریی دەکەن.
جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆك کۆماری تورکیا لە میانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ کەناڵی تی ئاڕ تی نیوز ڕایگەیاند: شەڕی تورکیا لەگەڵ پەکەکە تێچوی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیی هەیە، بە پێی داتا نافەرمییەکان تێچوی شەڕەکە نزیکەی دو ترلیۆن دۆلار بوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، شەڕی تورکیا و پەکەکە، زیانێكی زۆری بە خەڵكی ناوچەکە گەیاندوە، بە تایبەت لە ڕوی ژیان و ئابورییەوە، هەربۆیە پڕۆسەی چارەسەریی زۆرترین قازانج بە ناوچەکە دەگەیەنێت.
ئەوەشی خستوەتەڕو، لە ئێستادا گەیشتونەتە قۆناغێكی نوێ، بەڵام هێشتا پڕۆسەی چارەسەری تەواو نەبوە، هەربۆیە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانیانەوە بە وریاییەکی زۆرەوە چاودێری پڕۆسەکە دەکەن.
ئەوە لەکاتێكدایە، لە هەشت ساڵی ڕابردودا تورکیا بنکە و بارەگاکانی لە هەرێمی کوردستان فراوانتر کردوە و هەروەها بۆ پاراستنیشیان ناچاربوە درۆن و فرۆکەی جەنگی بەکاربهێنێت، کە ئەوەش تێچوی زۆر هەبوە.
