نێچیرڤان بارزانی دەچێتە تاران و مەسرور بارزانیش دەچێتە ئەمریکا

6 كاتژمێر لەمەوپێش
بڕیارە ڕۆژى شەممەى داهاتوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێم بچێتە تاران، هاوکات وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی سەردانی ئەمەریکا دەکات و ژمارەیەک دیداری گرنگی دەبێت.
بەپێى زانیاریەکان مەبەستی سەردانەكەی نێوەندگریی نێوان توركیا و ئێران سەبارەت بە پرسی چەكدانانی پارتی كرێكارانی كوردستان.
هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران لە تایبەت بە پێكهێنانی حكومەت و پرسی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان.
لەلایەکى دیکەوە پێشەوا هەورامانی لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن کرد و ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمەریکا دەکات.
بە وتەی وتەبێژی حکوومەت، لە سەردانەکەیدا، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ژمارەیەک کۆبوونەوە و دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا دەبێت و دواتر وردەکاریی سەردانەکە ڕادەگەیەنن.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، ڕۆژی هەینی 11-04-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، "سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هاوڕابوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی."
حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردبوو،، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و رۆڵێکی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە.
دوایین سەردانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا، بۆ ڕۆژی دووشەممە، 26-2-2024، دەگەڕێتەوە. لەو سەردانەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری پێشووی ئەمەریکا کۆ بووەوە
