ئیدارەی خۆسەرو دیمەشق گفتوگۆ دەكەن بۆ هەموواری دەستوریی سوریا

کاتژمێرێک لەمەوپێش
روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە، ڕایگەیاند نوێنەرانی حكومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆسەر لە باكورو خۆرهەڵاتی سوریا گفتوگۆیەكی سیاسی دەكەن لەبارەی میكانیزمی هەمواركردنی ماددەكانی راگەیاندنی دەستوریی ئەمدواییەی سوریا.
ئەم گفتوگۆیە دوای ناڕەزایەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دێت لەبارەی داخڵكردنی هەندێك ماددە لە دەستورەكەدا، كە لەو رێككەوتنە سیاسییەدا نەهاتووە 10ی ئازاری رابردوو لەنێوان هەردوولا ئیمزا كراوە.
دانوستانەكانی ئێستای دیمەشق و ئیدارەی خۆسەر ئامانج لێی گەیشتنە بە چوارچێوەیەكی تەوافوقیی كە گەرەنتی مافی دانیشتوانی ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا بكات.
قۆناغی ئێستا دەستپێكی قۆناغێكی سیاسییە كە لەسەر بنەمای دیالۆگ و ئاشتیی راوەستاوە، دوور لە بەریەككەوتنی چەكداریی و لەچوارچێوەی هەوڵدان بۆ داننان بە مافە سیاسییەكانی كورد هاوكات لەگەڵ باشبوونی پەیوەندییەكانی حكومەتی سوریاو سعودیەو ئەمریكا، كە قورساییەكی زیاتر بەم قۆناغە دەدات.
لیژنەیەكی چاودێریی هاوبەش لەنێوان هەردوولا پێكهێنراوە بۆ پێداچوونەوە بە ماددەكانی رێككەوتنەو گەرەنتیكردنی گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێك كە خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا بكات.
دوو مانگ لەمەوبەر، لیژنەی نوسینەوەی دەستوری سوریا ڕەشنوسی دەستورەكەی ڕادەستی ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا كرد و ئەویش واژۆی كرد، بەڵام واژۆكردنەكە ناڕەزایی بەشێك لە پێكهاتەكانی سوریا و بەتایبەتیش كوردی لێكەوتەوە.
لەكاردانەوەی واژۆكردنی رەشنوسی دەستورەكە لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریاوە، هەرئەوكات ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە ڕایگەیاند: "دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێك بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعسی، دڵخۆشبوونی گەلی سوریا، ئەمڕۆ لە دیمەشق ڕاگەیەندراوی دەستووری دەركرا، كە بەندەكانی هاوشێوەی پێوەرەكانی حكومەتی بەعسە".
"ئەم ڕێوشوێنە ڕەتكردنەوەی ڕاستەقینەی سوریا و دۆخی فرەییە تێیدا، ساختەكردنی ناسنامەی نیشتمانی و كۆمەڵگەیی سوریایە، ئەو ڕاگەیەندراوە بێبەرییە لە جێپەنجەی ڕۆڵەكانی سوریا و پێكهاتە جیاوازەكانی لە كورد و تەنانەت عەرەب و سریان و ئاشورییەكانیش". ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری وای وت.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان جەختیشیكردەوە "سوریا پێویستی بە هاودەنگی رۆڵەكانی هەیە، هەروەها پێویستی بە یەكڕیزی بۆ دیاریكردنی داهاتووی دیموكراتی هەیە".
