بارزانی بۆ بەغدا: ئەگەر باوەڕتان بە فیدراڵی نەماوە پێمان بڵێن
.jpg)
8 كاتژمێر لەمەوپێش
بارزانی بۆ بەغدا: ئەگەر باوەڕتان بە فیدراڵی نەماوە پێمان بڵێن
بارزانى ڕایدەگەیەنێت بەغدا دەبێت مامەڵە لەگەڵ شەرعییەتی هەرێم بکات، با بە سەراحەت پێمان بڵێن ئێمە قەناعەتمان بە فیدراڵییەت نەماوە. ئەو کاتە ئەوەی قبووڵی دەکات، قبووڵی دەکات، ئەوەی قبووڵیشی ناکات، بڕیاری خۆی دەدات.
لە گوتارێکدا، لە ڕێوڕەسمی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوان، ڕۆژى پینج شەممە مەسعود بارزانی ڕایگەیاند "بەغدا دەبێت مامەڵە لەگەڵ شەرعییەتی هەرێم بکات. لە ئۆکتۆبەری ڕابردوو هەڵبژاردن بووە و هەڵبژاردنیش سەنگی هەموو لایەکی پیشان داوە. ئەگەر چەند کەسێک لەبەر هەر مەبەستێک، خۆیان قەناعەتی پێیە، سکاڵا بکەن و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، ئەمە پێشێلکردنی دەستوور و شەرعییەت و هەموو شتێکە.
هەروەها ئەوەشى وت: وەرە مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکە، ئەگەر مەبەست ئەوەیە فیدراڵییەت نەماوە، با بە سەراحەت پێمان بڵێن ئێمە قەناعەتمان بە فیدراڵییەت نەماوە. ئەو کاتە ئەوەی قبووڵی دەکات، قبووڵی دەکات، ئەوەی قبووڵیشی ناکات، بڕیاری خۆی دەدات. بەڵام مامەڵەی ئێستای لەگەڵ هەرێم دەکرێت، هی فیدراڵییەت نییە."
بارزانی لە وتارەکەشیدا وتى: شەڕی جاران زۆر ئاسانتر بوو لە شەڕی ئێستا. جاران شەڕی فڕۆکە و تانک و تۆپ بوو. هەتا کیمیاباران، ئەنفال، بەڵام بڕوا بکەن شەڕی ئێستا زۆر مەترسیدارترە. شەڕی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەرە لە ناو کۆمەڵگەی ئێمە. ئەو شەڕەمان لەگەڵ دەکەن، شەڕی نەهێشتنی بیروباوەڕە. شەڕی نەهێشتنی ئەوەیە کە تاکی کورد، ئیتر بڕوای بە خۆی نەبێت، ئومێدی نەبێت، بۆیە ئەم شەڕە زۆر سەختر و مەترسیداترە."
سەرۆک بارزانی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و مامەڵەی بەغدا لەگەڵیان رایگەیاند: "وایانلێکردووە، وا دەزانرێت خەبات و تێکۆشانی ئەم میللەتە، ئەو هەموو ساڵە، ئەو هەموو سەرکردە و شەهیدە بۆ داواکردنی مووچە بووە."
هەروەها بارزانی باسی لەوەشکرد، ئەگەر خەبات بۆ مووچە بووبێت، "دەوڵەتانی پێشووتر دەستیان ماچ دەکردین."
هۆکاری مامەڵەی بەغدا بەو جۆرە لەگەڵ مووچەخۆران بە گوتەی بارزانی، "بەرێنمایی لایەنی نێوخۆیی بووە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بارزانی گوتی: "ئەو مامەڵەی بەغدا لە مانگەکانی پێشوو لەگەڵ مووچەخۆران کردوویانە، بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە."
