نەوەی نوێ: بەهیچ شێوەیەك نایەڵێن کارەباى 24 کاتژمێرى سەر بگرێت

4 كاتژمێر لەمەوپێش
فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت ڕێکاری مەدەنی و یاسایی و پەرلەمانی دەگرینەبەر دژی بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا، ناوەستین و خۆشنابین، بەهیچ شێوەیەك نایەڵێن ئەو پرۆژەیە بچێتە سەر.
کوردەوان جەمال سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەی نوێ لە پەرلەمانى کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو نرخەى بۆ کارەباى 24 کاتژمێرى دانراوە رەتیدەکەنەوە و هەموو رێکارێکى یاسایی و مەدەنى لە دژى دەگرنەبەر.
گوتیشى، گرانکردنى نرخى کارەبا پێشێلکارییەکى گەورەیە و بەبازرگانیکردنى سەرجەم سێکتەرەکانى ئەم نیشتمانەیە.
کوردەوان جەمال، ئاماژەى بەوەشکرد، 10 هێندە بۆ 20 هێندەى پێشوو نرخى کارەباکە گرانکراوە و حکومەتى هەرێمى کوردستان ئامادەنییە هیچ رێکارێک لەبەرژەوەندى هاونیشتمانییان بگرێتەبەر، جەختى لەوەشکردەوە، لە فشارەکانیان بەردەوام دەبن، تاوەکو نرخەکە دادەبەزێنن، بەجۆرێک لەگەڵ بژێوى هاونیشتمانییان گونجاوبێت.
