تورکیا: ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانمان لەدژی پ.ەک.ەکە بەردەوامدەبن

9 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بەردەوام دەبێت.
زەکی ئاکتورک گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە هەموو ئەو ناوچانە بەردەوام دەبن کە پەکەکەی تێدایە. گوتیشی، ئامانجیان پاککردنەوەی ئەو ناوچانەیە لە پەکەکە بۆ ئەوەی چیتر نەتوانێت هەڕەشە بۆ سەر تورکیا دروستبکات.
جەختی لەوەشکردەوە، تورکیا تاوەکو ئەوکاتەی دڵنیا دەبێت لە نەمانی هەڕەشە و هەڵوەشانەوەی پەکەکە، چالاکییە سەربازییەکانی لە ناوچەکە راناگرێت.
پەکەکە لە رۆژانی پێنج بۆ حەوتی ئەم مانگە، دوانزەیەمین کۆنگرەی خۆی بەست و تیایدا بڕیاری چەکدادان و خۆهەڵوەشاندنەوەی راگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان کە لە 27ی شوباتی ئەمساڵ بڵاویکردەوە و داوای چەکدادان و هەڵوەشانەوەی پەکەکەی کرد.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەمساڵ داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان بکات، پەکەکە لە رۆژانی 5-7ی ئەم مانگە کۆنگرەکەی کرد، رۆژی 12ی ئەم مانگەش ئەنجامی کۆنگرەکەی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و چیدی بە ناوی پەکەکەوە خەباتی چەکداری ناکات.
