یەکەم کاروانى حاجییانى هەرێمى کوردستان بەرەو مەککە بەڕێکەوت

4 كاتژمێر لەمەوپێش



 

یەکەم کاروانى حاجییانى هەرێمى کوردستان لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو مەککە بەڕێکەوت، رۆژى 19ى ئایاریش یەکەم کاروانى حاجییان بە رێگای ئاسمانی دەچێتە مەککە.

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەرێوەبەری گشتیی حەج و عومرەى هەرێمى کوردستان راگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجییانی سنوورى پارێزگاکانى سلێمانى، هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان و راپەڕینیان بەڕێکردووە بەرەو سعودیە کە ژمارەیان زیاتر لە 700 کەس بووە.

گوتیشى، سبەى حاجییانى سنوورى پارێزگاکانى هەولێر و دهۆکیش بەڕێگاى وشکانى بەڕێدەکەن و رۆژى 19ى مانگیش یەکەم گەشتى ئاسمانى حاجیانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات و رۆژى 28ى مانگیش کۆتا گەشتى حاجییانە بەڕێگەى ئاسمانى.

ژمارەیەک لە حاجییانى هەرێمى کوردستانیش بە کەناڵ8یان گوت ، پرۆسەکە زۆر بە باشى بەڕێوەدەچێت و هیچ گرفتێکیان بۆ دروستنەبووە، هیواش دەخوازن بەسەرکەوتووى گەشتەکەیان ئەنجامبدەن.

پێشتریش، کاروان ستونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان  راگەیاند، ئەمساڵ کۆی حاجییانی هەرێمى کوردستان پێنج هەزار و 136 کەسە، لەو ژمارەیەش نزیکەى 300 کەسیان تەمەنیان سەروو 70 ساڵە

کاروان ستونی ئاماژەى بەوەشکرد، لە رۆژی 19ـی مانگەوە تاوەکو 28 مانگ، بەشێکی دیکەی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگای ئاسمانی دەچنە مەککە.

بەگوێرەى بەڕێوەبەرایەتیی حه‌ج و عومره‌ى هه‌رێمی كوردستان، حاجییان بڕى دوو هه‌زار دۆلاریان به‌ نرخى فەرمی کە 132 هه‌زار دینارە بۆ دەگۆڕدرێتەوە لەکاتێکدا لە بازاڕەکان هەر 100 دۆلارێک 142 هەزار دینارە.

رۆژى 15ى ئایارى 2025، یەکەم کاروانی حاجییانی عێراق کە ژمارەیان چوار هەزار و 581 کەس بوو لە رێگای دەروازەی سنووری عەرعەرەوە بە 192 پاس بەڕێکەوتن، کۆی ژمارەی حاجیانی عێراقیش بۆ ئەمساڵ 39 هەزار حاجییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار