لەبارەی ناوچەی قەندیلەوە   (نامەكانی عەبدوڵا ئۆجەلان و ئیدریس بارزانی)

دوێنێ



نەبەز گۆران

زیاتر لە چڵ ساڵ بەر لە ئێستا، كاتێك هەڤاڵانی باكووری كوردستان، بڕیاڕی شۆڕشی چەكداری دەدەن، بەڕێز ئۆجەلان، نامەیەك بۆ ئیدریس بارزانی دەنووسێت. (دەقی هەردوو نامەكە، لە ئەرشیفی هەڤاڵانی قەندل هەیە.) لە نامەكانی هەردووكیاندا، باس لە شوێن دەكەن، بەڕێز ئۆجەلان پێشنیازی ناوچەی قەندیل و ئەو دۆڵە دەكات هەتاكو دەگاتەوە زاپ، بۆ شۆڕشی نوێ‌. لە وەڵامدا ئیدریس بارزانی، ڕاستەوخۆ ڕازی دەبێت، كە شۆڕشگێڕانی باكوور بێنە ئەو ناوچەیە و بیكەنە خاكی شۆڕشەكەیان.

بۆ شرۆڤەكردنی ئەو دوو نامەیە، سەرەتا دەگەڕێینەوە بۆ ڕیشە مێژووییەكەی ناوچەكە و، پاشان لە گۆشە نیگای نامەكانی هەر دووكیانەوە، كۆمەڵێك سەرنج دەخەینە ڕوو. هیچ گومانم نییە، بەڕێز ئۆجەلان، مێژووناس و مێژوو خوێنە، زۆر بەباشی زانیویەتی دەبێت سەرزەمینی شۆڕشەكەی لەكوێ‌ دەست پێبكات. ئەو دۆڵە لە قەندیلەوە بۆ زاپ، دڵی هەر چوارپارچەی كوردستانە، هەر چوار پارچەكە بەیەكەوە دەبەستێتەوە، هەر هێزێك ئەو دۆڵەی بەدەستەوە بێت، ئەگەر كوردبێت، پشتووپەنایە بۆ كورد و، ئەگەر بێگانەبێت، مەترسییە بۆسەر هەر چوار پارچەكە، چونكە گرێی بەستنەوەی چوارپارچەكە، پەیوەستەوە بەو دۆڵەوە. 

ئێمەی زاگرۆس نیشن، زیاتر لە شەش هەزار ساڵە لەشەڕداین بۆ بەرگریكردن لە خاك و زمان و كولتوورەكەمان، لەو شەش هەزار ساڵەدا، لەڕووی جوگرافییەوە، شوێنێكمان هەیە، پێیدەگوترێت شوێنی نەگیراو، چ سۆمەری، ئەكەدی، ئاشووری و بابلی و هاخامەنشین، یۆنانی و ڕۆمی و بیزەنتی، عەرەب و عەباسی و مەغۆل و عوسمانی، فاشیزمی توركی و عەرەبی و فارسی، هیچ كامیان نەیانتوانیووە ئەو جوگرافیایە داگیربكەن و هەمیشە هی كورد بووە، شوێنە نەگیراوەكەی كورد لەڕووی جوگرافیاوە ئەو دۆڵەیە لە قەندیلەوە بۆ زاپ دەست پێدەكات و بۆ هەمیشە بەدەست كورد و زاگرۆس نشینەكانەوە بووە.(لە كتێبی هێماكانی دونیای ڕۆماندا، لەگەڵ كاك بەختیار عەلی كەمێك سەرنجمان لەسەر ئەو شوێنە داوە، كە وەك تاریكی وایە ناگیرێت.)

كاتێك دوو كارەكتەری سیاسیی كورد لە مێژووی نوێدا، لە نامەكانیاندا قسە لەسەر ئەو شوێنە دەكەن و، بە باشترین شوێنی دەزانن بۆ شۆڕش و بەرگریكردن لە كورد، سەرنجی ئێمە ڕادەكێشێن بۆئەوەی بەم جۆرە تەماشای بكەین. یەكەم/ هەردووكیان زانیویانە، ئەو خاكە پارچەكانی كوردستان بەیەكەوە دەبەستێتەوە و پێویستە بەدەست كوردەوە بێت، نەك بێگانە. 

دووهەم/  ئیدریس بارزانی لەو قۆناغەدا هێزەكەی لە ئێران بووە و نەیتوانیووە بیباتە ئەو شوێنە، سێهەم/ بڕوای بە شۆڕشی باكوور بووە، بەبێ‌ ئەوەی بیرلەوە بكاتەوە، لە داهاتوودا ئەندامانی حیزبەكەی ناهوشیارانە هێرش دەكەنە سەر شۆڕشگێڕەكانی باكوور و ڕۆژهەڵات كە لەو شوێنەن و بەخاكی ئەوانی نازانن. (تێبینی: ئەو هەموو ساڵە شەڕ لە نێوان ئەو دوو هێزە دروست بوو، بەڵام لە ئەدەبیاتی پەكەكەی جاراندا، بۆ ڕێزگرتن لە نامەكەی یەك ڕستەی زبر لەسەر ئیدریس بارزانی نەوتراوە.)

دوای زیاتر لە چل ساڵ جارێكی تر پرسی قەندیل و دۆڵی نەگیراو دێتەوە ئارا. هێزە شۆڕشگێڕەكانی باكوور، كە حیزبەكەیان بۆ شۆڕشی باكوور دروستكرد، بە پیر نیەتێكی ئاشتییەوە حیزبەكەیان هەڵوەشاندەوە، بەڵام لەبارەی شۆڕش بۆ خاكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی، خاكی كوردستانی سوور، هیچیان نەگوت. چونكە پڕۆژەی تریان هەیە، بۆئەو شوێنانە، بەتایبەت بۆ ناوچەی گۆمی نەخچەوان و لاچین و سیاباخ، كە كوردستانی سووری پێدەگوترێت و، كوردە زازاكان و ئێزیدییەكان تێیدا نیشتەجێن و باكوورییەكان كۆمەڵێك ڕێكخراوی كلتوورییان بۆ دروستكردوون، تا سەرلەنوێ‌ بگەڕێنەوە بۆ پرسی خاك و زمان و كولتوورەكەیان.

ئێستا پرسی قەندیل بووە بە ترسێك لای زۆرێك لە كوردەكان. واگریمانە دەكەین، دوای نیەتی شۆڕشگێڕانی باكوور بۆ دەوڵەتی تورك، پرۆسەی ئاشتی دەچێتە پێش، زیندانییەكان ئازاد دەكرێن، سەرۆك ئاپۆ و دیمرتاش و هەڤاڵان دێنە دەرەوە، دەستوور دەگۆڕێت و ددان بە زمان و مافی كورددا دەنرێت و حیزبی سیاسیی نوێ‌ لە باكوور دروستدەكرێت بۆ بەشداری كورد لە مۆدێلی نوێی حوكومڕانی توركیا. 

گریمانەكە وا وێنا دەكەین هەموو ئەمانە ڕوودەدەن، بەڵام ئەم هەموو ڕووداوانە تەنها بۆ پرسی كوردی باكوورە، لای هەڤاڵانی قەندین، هێشتا پرسی كوردی ڕۆژهەڵات و كوردی خاكی سوور تەواو نەبووە. 

گەر پرسی كوردی باكوور بچێتە دۆخێكی جیاوازەوە، چیرۆكەكە تەنها گۆڕانێكی بەسەردا دێت، گۆڕانەكەش ئەوەیە، سیماكە لە شوێنێكەوە دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێكی تر، گەر پرسی باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان. 

چووببنە قۆناغێكی باشەوە و لە داهاتوودا باكووری كوردستان بچێتە هەمان قۆناغەوە، بۆ هەڤاڵانی قەندیل پرسی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و خاكی سوور، دەبێتە پرسێكی بنەڕەتی و لەوێ‌ چیرۆكێكی تر دەست پێدەكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار