سەرۆکی هەرێم دەچێتە تاران و لە کۆڕبەندێکدا بەشدار دەبێت  

5 كاتژمێر لەمەوپێش




محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا، رۆژی هەینی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە دوو رۆژی داهاتوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک دەچێتە تاران.
 
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بەشداریکردنە لە (کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران) کە لە لایەن (ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی)ی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە رێک دەخرێ.
 
کۆڕبەندەکە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 18-5-2025 و 19-5-2025 لە تاران بەڕێوەدەچێت.
 
سەعید خەتیبزادە، سەرۆکی (ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی)ی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، لە 53 وڵاتی جیهانەوە شاند بە مەبەستی بەشداریکردن لەو کۆڕبەندەدا بانگهێشت کراون.
 
محەممەد کازم ئال سادق ئاماژەی بەوەشکرد، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقیش بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەمان کۆڕبەند بانگهێشتی ئێران کراوە.
 
هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەیە، لەوانەش کۆماری ئیسلامیی ئێران. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە ماوەی نزیکەی 1 ساڵدا چەندین جار چووەتە تاران.
 
30-7-2024 نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشیکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران چووە تاران.
 
نێچیرڤان بارزانی سەرەتای مانگی ئایاری 2024یش چووە تاران و لەگەڵ هەریەکە لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو کات و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە. 
 
22-5-2024یش نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی ئیبراهیم رەئیسی چوونە تاران. 
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەو مامەڵەیەی لە تاران لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت مامەڵەی سەرۆکێکی رێزلێگیراوی کیانێکی دەستووری دانپێدانراوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار