کەرکوک و ئابادان: جوگرافیای نەوت لە خزمەت نەخشە هەژموونییەکان ​

7 كاتژمێر لەمەوپێش



د. سمکۆ شوانی

لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، کەرکوک و ئابادان تەنیا ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە نەوت نەبوون؛ ئەوان گرێی ستراتیژی بوون لەململانێیەکی نێودەوڵەتی لە نێوان ئیمپراتۆریەتەکانی ڕۆژئاوا و سەرهەڵدانی زلهێزە ناوچەییەکان. 

ئەو بەڵگەنامە نهێنیەی کە لە گۆڤاری صوت العراق ژمارە(٣٥) ڕێکەوتی: ١٣ /٤/ ١٩٥١  لاپەڕە(١٥) هاتووە، تیایدا باسی ئەوە دەکات کە دوو هەفتە پێش ئێستا واتە کۆتایی مانگی سێی ساڵی ١٩٥١ لە لایەن نوێنەرایەتی سەربازی ئەمریکا لە ئێران پێشکەشی ژنراڵ کرزان سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێرانی کردووە. 

تیایدا نەخشەیەکی سەربازی-جیۆپۆلەتیکی ئاشکرا دەکات کە ئامانج لێی دەستەبەرکردنی هەژموونی ڕۆژئاوایە بەسەر سەرچاوە وزەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە چوارچێوەی دیدگایەکی ستراتیژیدا کە دەنگدانەوەکانی تا ئەمڕۆش دەلەرێتەوە.

ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە:

ئەو بەڵگەنامەیەب پلانی بەرگری وشکانی و ئاسمانی بۆ پاراستنی شوێنە سەرەکییە نەوتییەکان لە:
- کەرکوک لە باکوری عێراق، وەک ناوەندی فەرماندەیی و ناوەندی گرنگی تۆڕی بەرگری، دیاری کراوە.
- ئابادان لە باشووری ئێران، وەک دڵی پیشەسازی نەوتی ئێران و کلیلی کۆنترۆڵکردنی کەنداوی فارس و عەرەبی.

- لە بەڵگەنامەکەدا هێڵی سەربازی پارێزگاری کە بە میحوەرەکەدا تێدەپەڕێت دیاری کردووە:
(موسڵ - کەرکوک - کەنداوی عەرەبی و ئابادان)، کەرکوکش وەک ناوەندێکی سەرەکی پارێزگاری کردن لەم ‌ هێڵەی تێپەڕبوونی نەوت دەست نیشان کراو.

لەگەڵ ئەم بەرەیەدا کە بە دوو هێڵی لاوەکی تر دیاری کراون بۆ پشتگیری لە هێڵە سەرەکیەکە، ئەویش دوو بنکەی بەرگری لە هێڵە سەرەکیەکە دادەنرێت بەم شێوەیە:
١.  لە تەدموری ڕۆژهەڵاتی سوریا فرۆکەخانەیەکی سەربازی گەورە دادەمەزرێنن.
٢. بنکەیەکی پشتیوانی بەدرێژایی ڕووباری فورات، لە شاری( البوکمال)ی سوریاوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە  قامیشلۆ.

لە بەڵگەنامەکە ئەوەش هاتووە سەرکردایەتی باڵای بەریتانی بۆ بەرگریکردن لە ناوچە نەوتیەکان مۆڵگەی سەربازی دابمەزڕێنن لە هێڵی فراوانی نێوان موسڵ وبەغدا، ئەم هێڵەش بە هێڵی ژمارە(٢-٣-٤-٥-٦) ناونرابوو.

ئەم جێگیرکردنە سەربازییە مەبەست لێی ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنە ناوخۆییەکان نەبووە، بەڵکو بۆ ڕێگریکردن بووە لە هەر دەستدرێژییەکی سەربازی سۆڤیەت و پاراستنی بۆرییە نەوتییەکانی ڕۆژئاوا لە بەرەی باکووری ڕۆژهەڵاتی (کەرکوک)ەوە بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی (عەبادان).

داواکارییەکانی ئێران:
سەرکردایەتی ئێران لە بەرامبەر بەشداریکردنی لەو پرۆژەیەی ئەمریکا وبەریتانیا
داوای هەزار فڕۆکەی مۆدێرن و دوو هەزار تانکی سەربازی کردووە لەگەڵ گەرەنتی پاراستنی ئازەربایجان و ناوچەی باکوریخۆرئاوای بەرزاییەکانی تورکستان لە هەر دەستدرێژیەکی  سەربازی سۆڤیەت، ئەگەرنا ئامادە نیە بەشداری لەو پرۆژەیە بکات. 

ئەم وەڵامە لە سەرەتاوە ڕەنگدانەوەکەی ئەوەیە کە ئێران چۆن هەوڵی گۆڕینی خۆی لە تەنها وەسیلەیەکی ستراتیجیەوە بۆ هاوبەشێکی مەرجدار لە هەر هاوپەیمانییەکی بەرگریدا دەدات. ئەم تایبەتمەندییە تەنانەت دوای شۆڕشی ئیسلامیش لە سیاسەتەکەیاندا ماوەتەوە.
شیکاری ستراتیژی:

نەوت وەک بیانوو... و جوگرافیا وەک گۆڕەپانی ململانێ
بەڵگەنامەکە دوو میحوەری مەترسیدار ئاشکرا دەکات:
1- کەرکوک تەنها شارێکی نەوت نەبوو، بەڵکو ناوەندێک بوو بۆ ئۆپەراسیۆنە ستراتیژییەکانی ڕۆژئاوا لە چوارچێوەی خاکی عێراقدا.
2- مەبەستی ڕێکخستنە سەربازییەکان بۆ پاراستنی خەڵکی ناوچەکە نەبووە، بەڵکو بۆ پاراستنی ڕۆیشتنی نەوت بۆ ڕۆژئاوا و دەستەبەرکردنی هێڵەکانی کۆنترۆڵکردنی ئیمپریالیستی بووە.

ئەم سیاسەتانە وابەستەیییەکی جیۆپۆلەتیکی چەسپاند کە بۆ دەیان ساڵە بەردەوامە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی فۆڕمی نوێی ململانێ، لەوانە:
- ڕکابەریەکانی( ئەمریکا -ئێران) لە عێراق و سوریا.
- ناکۆکی لەسەر کەرکوک وەک هەرێمێکی نەوتی گرنگی ستراتیژی.

- دووبارە دەستێوەردانەکانی زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر یان پاراستنی کەمینەکان.
 
درێژبوەنەوەی بەڵگەنامەکە بۆ ئێستا: ڕابردوو هەرگیز نامرێت..
  ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق و سوریا و ئێراندا دەیبینین- ململانێی دەسەڵاتی سەربازی- ڕەنگدانەوەی پلانەکانی وەک بەڵگەنامەی ساڵی (١٩٥١)ە. ئاڵاکان گۆڕاون، بەڵام نەخشەکان هەر ماون.

کەرکوک ئەمڕۆش وەک ڕابردوو، تەنیا بابەتی ناکۆکییەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی ئەڵقەیەک دەکات لە ململانێیەکی ناوچەیی-نێودەوڵەتیدا لەسەر وزە و پێگە و سنوورەکان.

ئەمریکا و بەریتانیا لە کاتێکدا کە ئامرازەکانی هەژموونی خۆیان لە سوپاوە دەگۆڕن بۆ کۆمپانیا و ڕاوێژکار، هێشتا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی هەمان هێڵی ستراتیژی لە کەرکوکەوە تا کەنداو دەدەن.

ئێران لای خۆیەوە هەوڵدەدات پێگەی خۆی لە یاریزانێکی مەرجدارەوە لە ساڵی 1951 بۆ هێزێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوە بگۆڕێت، بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازە ناتەقلیدیەکان (هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری، کاریگەریی هەواڵگری، میحوەری بەرخۆدان).

ئەنجام:
بەڵگەنامەی نهێنی ساڵی ١٩٥١ تەنها ئەرشیفێکی لەبیرکراو نییە، بەڵکو نەخشەڕێگایەکە هێشتا لەسەر مێزەکان، بە بێدەنگی لە ژوورە گەورەکانی بڕیاردان دەخوێندرێتەوە.
بۆ ئەوەی گەلانی ناوچەکە لە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیان لەم هاوکێشانەدا تێبگەن، دەبێت مێژووی خۆیان نەک وەک چیرۆکی ڕابردوو، بەڵکو وەک ڕاستی زیندوو، دووبارەبوونەوەی فۆرمی نوێ، سەیر بکەن.

کەرکوک و ئابادان وەک بەڵگەیەک دەمێننەوە کە هەرکەسێک خاوەنی جوگرافیا و نەوت بێت، خاوەنی سەروەری نییە، مەگەر بە ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی سەربەخۆ و هاوپەیمانییەکی نیشتیمانی ئامادە نەبن بۆ پاراستنیان، کە ناتوانرێت لە بازاڕی نێودەوڵەتیدا بفرۆشرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار