سووریا دەستەیەک بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنکراوانی سەردەمی ئەسەد پێکدەهێنێت

4 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سەرۆکایەتی کۆماری سوریا فەرمانێکی بۆ پێکھێنانی دەستەی دادپەروەری ڕاگوزەر دەرکرد، کە بەرپرس دەبێت لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ڕژێمی ئەسەد و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ڕژێمەکە و ھەروەھا قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان.

ئاژانسی ھەواڵی فەرمی سوریا "سانا"، بڵاویکردەوە سەرکۆماری وڵاتەکە،  فەرمانێکی بە ئامانجی پێکھێنانی دەستەیەکی سەربەخۆ بەناوی "دەستەی نیشتمانی بۆ دادپەروەری ڕاگوزەر"، واژۆ کردوە.

ئاماژەی بەوەشداوە کە ئامانج لە پێکھێنانی دەستەکە، بەدیھێنانی دادپەروەری ڕاگوزەرە وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی لەپێناو بنیاتنانی دەوڵەتێکی یاسایی و دەستەبەرکردنی مافەکانی قوربانیان، ھەروەھا بەدیھێنانی ئاشتەوایی نیشتمانی گشتگیر دەبێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دەستەکە بەرپرس دەبێت لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی سەردەمی ڕژێم، ھەروەھا قەرەبوکردنەوەی ئەو کەسانەی کە لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخاودا، زیانیان بەرکەوتوە.

یەکێک لە ئەنجامەکانی کۆنگرەی نیشتمانی سوریا کە لە مانگی شوباتی ڕابردودا ئەنجامدرا، جەختکردنەوە بو لەسەر گرنگی پێکھێنانی دەستەیەکی دادپەروەری ڕاگوزەر، ھەروەھا لێپرسینەوە لەو بەرپرسانەی سەردەمی ڕژێمی ڕوخاوی بەشار ئەسەد کە تێوەگڵاون لە ئەنجامدانی تاوان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

دەستوورە نوێیەکەی سووریا بۆ پێنج ساڵە، لە خاڵێکیدا هاتووە، "دەستەی دادی قۆناخی راگوزەر" دادەمەزرێت، بەمەبەستی "دیاریکردنی میکانیزمەکانی لێپرسینەوە، سەلماندنی راستییەکان و دابینکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییان و رزگاربووانی کردەوە خراپەکانی حکومەتی پێشوو".
 
بەگوێرەی کۆمیتەی نێودەوڵەتی بۆ کەسانی بێسەروشوێنکراو؛ لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ئایاری 2011، زیاتر لە 130 هەزار کەس لە سووریا بێسەروشوێن بوون، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، ئەو ژمارەیە دەگاتە 155 هەزار کەس.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار