زیاتر لە مانگێکە حکومەتی عێراق گەمارۆی خستووەتەسەر کەمپی مەخمور
.jpeg)
6 كاتژمێر لەمەوپێش
چوار رۆژە دانیشتوانی کەمپی مەخمور کە پەنابەرانی باکووری کوردستانی تێدایە گردبوونەتەوە، سەرچاوەیەکیش لە کەمپەکە وتى، زیاتر لە مانگێکە لەلایەن عێراقەوە گەمارۆیان خراوەتەسەر و سێ بەرپرسیشیان دەستگیرکراوە.
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، لە 10ـی نیسانەوە حکومەتی عێراق گەمارۆی خستووەتەسەر کەمپەکە و رێگا نادات دانیشتوانی کەمپەکە بچنە بەغداد و ناوچەکانی دیکەی عێراق کاربکەن و تەنانەت هاتنی کەلوپەل و پێداویستی سەرەتایشیان بۆ نێو کەمپەکە راگرتووە.
گوتیشی، یەکشەممەی رابردوو بەمەبەستی چارەسەریی کێشەی کەمپەکە وەفدێکیان سەردانی بەغدادی کردووە و لەگەڵ وەزیری داد کۆبوونەوە، گەورەترین کێشەشیان نەبوونی ناسنامەیە و ئەوەش کێشەیان بۆ دروستدەکات کاتێک دەچنە ناوچەکانی عێراق، گوتیشی، وەزیری داد پێیراگەیاندوون ئەوەی لەدەستیان بێت بۆ چارەسەریی کێشەکە دەیکات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئەو بەرپرسانەیان ئازاد نەکرێن کۆتایی بە گردبوونەوەکە ناهێنن کە چوار رۆژە لە نزیک خاڵێکی سوپای عێراق خێمەیان هەڵداوە.
کەمپی مەخمور کە بەکەمپی رۆستەم جودیش ناسراوە، لە ساڵی 1998 لە رۆژهەڵاتی مەخمور بۆ کوردانی کوردستانی تورکیا دروستکراوە و نزیکەی 10 هەزار کەس لەکەمپەکەدا نیشتەجێن.
