بارزانییەکان یەکێکێکیان لە تارانەو ئەویشیان لە واشنتنن

4 كاتژمێر لەمەوپێش



 

نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەیەک کاتدا هەرێمى کوردستانیان بەجێهێشتووە چونەتە درەوە، یەکەمیان، بەمەبەستى بەشداریکردن لە کۆڕبەندێک سەردانی تارانى پایتەختى ئێران، ئەوەى دووەمیش بۆ پرسی وزە و پێشمەرگە چووەتە واشنتنى ئەمریکا.

سەردانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران بە بانگهێشتێكی فەرمییە بۆ بەشداریكردن لە دیداری تاران بۆ گفتوگۆ كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕێكدەخرێت ئەمڕۆ یەكشەممە بەڕێوەچوو.

لەبەشێکى ئەو کۆڕبەندەدا بارزانى قسەیکردو له‌ تارانیش له‌گه‌ڵ مه‌سعود پزشكيان سەرۆک کۆمار کۆبووەتەوە.

سەرۆکى هەرێم لەبارەى ئەو کۆبوونەوەیە دەلێـت: جه‌ختمان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌نديى دوو لايه‌نه‌و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌.

هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، دوايين پێشهاته‌كان و دۆخى ناوچه‌كه‌‌مان به‌گشتى تاوتوێ كردو هاوڕا بووين له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و پێكه‌وه‌كاركردنى هه‌مه‌لايه‌نه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش.

لەلایكی دیكەوە، دوێنێ شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەمەریكاى کرد.

سەرۆك وەزیرانی هەرێم پرسەكانی وزە، كارەبا و پێشمەرگە لەگەڵ بەرپسانی باڵای ئەمەریكا تاوتوێ دەكات. دوو وەزیری حكومەتی هەرێم لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یاوەریی مەسرور بارزانی دەكەن.

پرسی پێشمەرگە یەكێكە لەو دۆسیانەی مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەمەریكییەكان تاوتوێی دەكات، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە یەكێكە لە شاندەكەی مەسرور بارزانی. 

جگە لە وەزیری پێشمەرگە، كەمال موحەمەد، وەزیری كارەبا و سەرچاوە سروشتییەكان یەكێكی دیكەیە لە ئەندامانی شاندەی حكومەتی هەرێم بۆ واشنتن.

بەگوێرەی زانیارییەکان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆ دەبێتەوە.

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە گەشتەکەیدا. لە چەند ڕۆژی داهاتوو ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، ئەندامانی کۆنگرێس لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی، وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە دەبێت.

ئەم گەشتەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە کاتێک دایە، ئیدارەی نوێی ترەمپ چەند مانگێکە دەست بەکاربووە، ئەمەش گرنگی خۆی هەیە کە سەرکردەیەکی دەرەوەی ئەمەریکا لە مانگەکانی سەرەتا سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان کۆ ببێتەوە.

نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئێران دڵنیا دەکاتەوە کە هەرێم نابێتە سەرچاوەى هەڕەشە بۆ سەر ئەو وڵاتە، رەخنەش لە عێراق دەگرێت کە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ هەرێم لە چوارچێوەی حکومەتێکی فیدراڵیدا نییە.

نێچیرڤان بارزانى لە چوارەم سەردانیدا بۆ ئێران لەساڵى رابردووەوە تا ئێستا و لەمیانەى بەشداریکردنى لە کۆڕبەندى تاران بۆ دیالۆگ باسى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ عێراق و ئێران و پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا کرد.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند،  ئەگەر دەستووری عێراق وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، زۆرینەی ئەو کێشانەى لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەن چارەسەر دەکرێن.

لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکى هەرێم جەختیکردەوە کە عێراق شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی حکومەتێکی فیدراڵی نییە و هێشتا دوورە لەو سیستمەوە، لەکاتێکدا چەندینجار داواى گفتوگۆى راستەوخۆ و راشکاوانەیان لە عێراق کردووە بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار