شۆرباکەی ئۆجەلان (سوێرە یان بێ خوێ) 

2 هەفتە لەمەوپێش



ئیبراهیم شێخ وەسانی

هەوڵێک بۆ سادەکردنەوە و تێگەیشتن لە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەژێر کاریگەری پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان 

بەشی یەکەم


(١)

جارێ هەر لەسەرەتاوە بۆ ئەوەی لە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەژێر کاریگەری عەبدوڵا ئۆجەلان و پەیامەکەی تێبگەین، دەبی ئێمە ئەوە بزانیین تاکو ئەوڕۆکە پارادۆکسێک لە فیکری ئۆجەلان و رەوتی پەکەکە هەبوو، روونتر بڵێیین دوو جۆر ئۆجەلان هەبوو
- ئۆجەلانی تیوری(فیکری).  
-ئۆجەلانی پراکتیکی(کەجەکەKCK).

((ئۆجەلانی فیکری کە خۆی لە کتێبەکانی ئۆجەلان دەبینیەوە و، شوناسێکی نێونەتەوەی- ئینتەرناسیونالی هەیە، ئۆجەلانی پراکتیکی کە( کەجەکەKCK)یە، شوناسێکی کوردستانی هەیە))

(٢) 

ئەوڕۆکە دەوڵەتی تورکیا بە جەبری گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە و بەرژەوەندیەکانی، کێشەیان لەگەل تێز و فیکری ئۆجەلان نیە.

((بەڵام کێشەیان لەگەل ئۆجەلانی پراکتیکی هەیە))

(٣)

بۆیە بابەتەکە تەنها پەیوەندی بە چەکداربوون و چەکدانانی پەکەکە نیە، یان روونتر بڵێم ئەوەی کە دەبووایە لەسەر خواست و داواکاری تورکەکان رووبدات، تەنها چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە نیە،
بەڵکو هەڵوەشانەوەی سیستەمی (کەجەکەKCK)یە.

  (( کێشەیان لەگەڵ شوناسی کەجەکەKCK دا هەیە))

(٤)

کەواتە کەجەکە KCK چییە؟
بۆچی تورکەکان کێشەیان لەگەل ئەو سیستەمە هەیە کە دروستکراوی ئۆجەلانە؟
وەڵام:-
- کەجەکە KCK  کە کورتکراوەی کۆما چڤاکێن کوردستانێیە، لە شوناسی کەجەکە KCK دا کوردستان وەک جوگرافیا بوونی هەیە.

((تورکیای ئێستا کێشەی لەگەل کورد نیە، بەڵکو کێشەی لەگەڵ کوردستان وەک جوگرافیا هەیە))

(٥)

رەنگە هەر کوردێک کە دەیەوێت پرسی کوردی لە رێگەی دروستکردنی دەوڵەتەوە چارەسەر بێت، بپرسێت« ئەدی  ئۆجەلان چۆن ئەمەی قەبوڵکرد؟»

وەڵام:- 
ئەوە ئەوڕۆ نیە کە عەبدوڵا ئۆجەڵان لەگەڵ چارەسەری پرسی کوردی لە رێگای ناسیۆنالیزم، دەولەتی کوردی، فیدرالی و خودموختاری نیە، کە لە دواین نامەکەی دا  ئاماژەی پێکراوە، بەڵکو زیاتر لە بیست ساڵە ئەو کابرایە لە رێگای کتێبەکانی گوتوویەتی کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ چارەسەری جوگرافی بۆ پرسی کوردی نیە.

(( ئەوە خەتای عەبدوڵا ئۆجەلان نیە، خەتای خۆتە کە ئەرکت نەکێشاوە لە تیروانینی ئەو کەسە تێبگەی کە نیو سەدەیە زۆرینەی کوردی بەخۆی و بزوتنەوەکەی سەرقاڵ کردیە))

(٦)

ئەوەی پێشتر بەچاوێکی بێلایەنانە ئەو کتێبانەی عەبدوڵا ئۆجەلانی خوێندبیتەوە کە لە زیندان نووسراون، دەزانی ئەوەی لە نامەکەی ئۆجەلان گرنگە بۆ خودی ئۆجەلان و هاوفیکرەکانی دوو شتە.
یەکەمیان :-  شوناسی کوردبوون.
 دوومیشیان:- کۆمەڵگەی دیموکراتیک.

(( چەمکی کورد سێ جار، چەمکی کۆمەڵگەی دیموکراتیکیش دووجار لە پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە هاتبوون))

(٧)

بەڵام وەک زۆرێک دەپرسن و حەقی خۆشیانە کاتێک لە نامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان دا هیچ مەرجێکی تێدا نەبوو بەرامبەر بە چەکدانان، پرۆسەکە چۆن دەتوانێت بەردەوام بیت، چ شتيک تورکیا ناچار دەکات هەنگاوی کردەیی باوێت و،پەشیمان نەبیتەوە؟ 
-  بەبڕوای من داواکاری ئۆجەلان بەلانی کەمەوە لە ئێستا دا هیچ زیانێک لە بەرژەوەندەیەکانی تورکیا نادات، بۆیە تورکیا هاوڕایی ئۆجەلانە بە چارەسەری ئەو پرسە بە پرۆسە.

(( لەلایەکی دیکەوە راستە هیچ مەرجێک لە مەتنی نامەکە نیە، بەڵام من پێموایە لەمەرج قورس تری تێدایە، ئەویش هەڕەشەیە))

(٨)

هەرەشەکەی ئۆجەلان بۆ تورکیا چیە؟

-ئۆجەلان لە مەتنی پەیامەکە بە نەرمی و، بە ئەدەبانە دەڵێت« تورکیا  لەسەدەی دووەمی خۆیدا دەتوانێت تەنیا بە تاج لەسەرنانی دیموكراتییەكی بەردەوام و درێژەدان بە برایەتی بمێنێتەوە»، کاڵفامێکی سیاسیش دەزانی ئەوە مانی ئەوەیە ئۆجەلان بەدەولەتی تورکیا دەڵێت« ئەگەر ئێوە ئەوە نەکەن تورکیا هەڵدەوەشێتەوە».

((ئەوەش وەک ئۆجەلان تورکەکانی لێ ئاگادار دەکاتەوە ئەگەر تورکیا پابەند نەبیت بەو پروسەیە، هەڵوەشانەوەی تۆرکیا زۆر ئاسانە، ئەوکات ئەوە تەنها کاری کورد نیە خەباتی مەدەنی بۆ بکات، بەڵکو بەیارمەتی دەرەکی دەکرێت، لە مەتنی نامەکە دەڵێت« مۆدێرنیتەی كاپیتاڵیست لەكۆتایی دووسەد ساڵدا، پارچەكردنی ئەو هاوپەیمانییەی کە مەبەستی هاوپەیمانی کورد و تورکە كردووەتە كاری سەرەكی خۆی))

(٩)

 کەواتە مادام ئۆجەلان و تورکیا هاوڕان لەسەر چارەسەرکردنی ئەو پرسە، بابزانیین پرۆسەکە چۆن بەڕێوەدەچیت :-

لە قۆناغی یەکەمدا دوای هەڵوەشانەوەی پەکەکە ئۆجەلان لەدانوستانی (دان +ستاند) نێوان خۆی و دەولەت، کەجەکەKCK کە ( کۆما جڤاکێن کوردستانێ)یە، شوناسی خاک و جوگرافیایی هەیە، هەڵدەوەشینێتەوە، لە بەرامبەردا دەولەتی تورکیا کورد وەک شوناسێک لە دەستور قەبول دەکات.

(( لە پەرلەمان تەعدیلی مادەی شێست و شەشی دەستور دەکرێت، بەجۆرێک لە جۆرەکان  ئیدی کوردبوون بە یاسا تاوان نابێت، رونتر بڵێم  مادەکە بەجۆرێکی لێدەکرێت کە هەموو خاوەن رەگەزنامەیەکی تورکیا بە مادەی دەستوری نەبێتە تورک))

(١٠)

 قوناغی دووەم کە لەلای ئۆجەلان ئۆبژەیە، کارکردنە بۆ بەدیهێنانی کۆمەلگایەکی دیموکراتیک و، خەباتێکی مەدەنی درێژمەودایەو بۆ هەموو نەتەوەکانی تورکیایە.

(( هەناردەی رۆژهەلاتی ناوەراست و، بگرە هەموو جیهانیش دەکرێت))

(١١)

 قۆناغی دووەم چۆن لە مەتنی پەیامەکە جێیکرایتەوە و دەست پێدەکات:-
بە باوەڕی ئۆجەلان یەکەم هەنگاو بریتیە لە دژایەتی کردنی نەتەوەپەرستییەكی توند، دەوڵەتێكی جودای نەتەوەیی، فیدڕاڵی، ئیدارەی خۆسەر و چارەسەری كلتووریە، لەجیاتی ئەوە دەبێت هەوڵ بۆ  دروستکردنی کۆمەڵگای دیموکراتیک بدرێت.

(( ئەوەش بەشێکە لە تێز و باوەڕی ئۆجەلان، لە مەتنی پەیامەکە و، تەنانەت کتێبەکانیشی هیچ ئاماژەیەکی تێدا نیە کە دژی یەکپارچەیی خاکی تورکیا بێت))

(١٢)

بەکورتی و کرمانجی ئۆجەلان باوەڕی وایە تەنها لە رێگەی کوردەوە گرێی کێشەکانی ئەو ناوچەیە دەکرێنەوە، ئەوەش لەرێگەی نەتەوەسازی کۆمەڵگەی دیموکراتیک( نەتەوەی دیموکراتیک)، دەتوانیین بڵێن ئۆجەلان کورد وەک کەرەستەیەک بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەی کێشەکانی رۆژهەلاتی ناوەراست بەکاردێنی.

((لە فیکری ئۆجەلان دا کورد سۆژەیە، ئۆبژە نیە، وەک پێشتر گوتم کۆمەلگایەکی دیموکراتیک لای ئەو ئۆبژەیە))

#بەباوەڕی من کێشەی سەرەکی لەبەردەم تێگەیشتن لە ئۆجەلان، یان روونتر بڵێم ئەوانەی لێناگەڕێن لە باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان کەس لە فیکری عەبدولا ئۆجەلان تێبگات سۆرانیە پەکەکەیەکان و، دژە پەکەکەیەکانن، یەکێکیان بەبێ تێگەیشتن ئۆجەلانیان لێبووە بە دارعەساکەی پێغەمبەر موسا، ئەوانی دیکەش تا ئەو شوێنە دەڕۆن بێژن ئۆجەلان پرۆژەی دەولەتی قوڵی تورکیایە، هەردووکیشیان هەڵەن، نە ئۆجەلان و تێزەکەی وەک موسا و دار عەساکەی پیرۆزن کە گومان لە جێبەجێکردنی نەکرێ و، رەخنەی لێنەگیرێ، نە پیاوی دەولەتی قوڵی تورکیاشە، کەواتە بۆچی هاوفیکر و دژە سۆرانیەکانی  لە ئۆجەلان تێناگەن؟ هۆکاری پیرۆزکردنی ئۆجەلان لەلایەن هاوفیکرەکانی و، رەشکردنی لەلایەن دژەکانی چیە؟ دەشێت ئەمن و، هەرکەسێک هاوفیکری ئۆجەلان نەبین و، پێمان وابیت ئەوەی ئەو دەیکات زیان بە دۆزی کورد دەگەینی، بەڵام ئۆجەلان خۆیتی، تەنها لە خۆی دەچێ، کالفامیە پێتوابێت ئۆجەلان پرۆژەی دەولەتی تورکیایە، پێموایە تێگەیشتن لە ئۆجەلان ئەوەندەش زەحمەت نیە، دەتوانم بڵێم  ئەگەر دژبەران و دەروێشەکانی لێگەرێن ئاسانە…
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار