پەکەکە بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە

2 هەفتە لەمەوپێش
سەردار ستار
لەگەڵ دەستپێکردنی تێکۆشانی تەڤگەری ئاپۆچی، لە ساڵی ١٩٧٣ هەتا ئەمڕۆ، بێپسانەوە و ماندوبوون، زۆرترین دەستکەوتی بەدەستهێناوە. ئەوەی تەڤگەری ئاپۆچی لەم مێژووە بەرهەمی هێناوە، هەموویان لە کاتی خۆیدا لە مەحاڵ دەچوون، یان وەک ئەوەی بەگژ چیای قافدا چووبێ وابوون. ئەنجام پێشەنگی تەڤگەر ئاپۆچی، ئەو مەحاڵانەی کردووەتە حەقیقەت و ملیۆنان کەسی لە دەور کۆکردووەتەوە.
بۆ ئەوەی لە هەنگاوەکانی پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ تێبگەی، دەبێ خودی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە لە نزیکەوە بناسی و لەگەڵی بژی و بخوێنیتەوەو ڕەنجی لەگەڵ بدەی. واتا تەنها لە دوورەوە بینین و گوێگرتن لە هەندێک راگەیاندنی شەڕی تایبەت، ناتوانی هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە بۆ هەنگاوەکانی بکەی. چونکە ئەم تەڤگەر هێزێکی هزری و سیاسی و چەکداری تەقلیدی نییە، بە دەیان ساڵ خۆی دووبارە کردبێتەوەو بەر لە هەنگاونانی بزانی چی دەکات. وەک هەڤاڵ جومعە دەڵێت، بۆ ئەوەی دۆستایەتی یان دوژمنایەتی پەکەکە بکەی، دەبێ لەنزیکەوە بیناسی.
رێبەر ئاپۆ کە داینەمۆی هزر و سیاسەت و رێکخستنی پەکەکە و سەرجەم تەڤگەرەکەیەتی، ئەو خۆی لەهەموو کەس باشتر هەڤاڵەکانی دەناسێ، بۆیەش بەبێ دوودڵی هەنگاو دەنێ، هەڤاڵەکانیشی لە نزیکەوە رێبەرەکەیان دەناسن، بۆیە ئەوانیش بەبێ دوودڵی وەڵامی دەدەنەوە. نهێنیەکەش ئەوەیە، هەردوو لایان خاوەن هیچ بەرژەوەندیەکی تایبەت نین، سەرو ماڵ و ژیانیان فیدای ئاو و خاکی کوردستان و مرۆڤایەتی کردووە. بۆیە هیچ بیرکردنەوەیەکی ناجۆر لەگەڵ یەکتری ناکەن، ئەمەش بۆتە یەک پارچەی حەقیقەتی ئاپۆچیەتی لە کوردستان.
رێبەر ئاپۆ لە تەمەنی تێکۆشانیدا، زۆرترین گفتوگۆی هزری سیاسی وەک ئێستای، خستۆتە ناو کۆمەڵگەی کوردستان. هەموو هەنگاو و قەڵەمبازێکی بە هێزی هزری، ئایدیۆلۆژی و فەلسەفی و رێکخستنی ئەنجامداوە، بۆیە توانیویەتی دەسکەوتی مەزن بچنێتەوە.
ئەوانەی لەم تێکۆشانەدا خوێن و رۆح و رەنج و گیانیان بەخشیوە بە سەد هەزارانن، بۆیە ئەمڕۆ زۆرترین گفتوگۆ و لێکدانەوەو شیکاری بۆ دەکرێ، هەر هەمووشیان دەڵێن باهەبێ و گەرەنتی ئێمەیە، واتا ئەو قوربانیانە خۆیان خستۆتە گیان و رۆحی ملیۆنان مرۆڤ.
ماوەی چوار مانگە رێبەر ئاپۆ دەیەوێ هەنگاوێکیتر بنێ، بۆ چارەسەری کێشەی کورد و گۆڕانی دیموکراتیانە لە تورکیا، پەکەکەش بەهەموو هێزیەوە، وەڵامی ئەرێنی دەداتەوەو پشتیوانی بۆ هەنگاوەکانی نیشاندەدات، ئەنجام کۆنگرەی ١٢مینی لێ بەرهەمهات.
تەڤگەری ئاپۆیی چونکە لەسەربنەمای هزری و فەلسەفی بەرهەمهاتووە، گۆڕانکاری و وەرچەرخانیش دوو کۆلەکەی سەرەکین بۆ بەرەوپێشچوونی. ناکرێ ئەم تەڤگەرە کە خۆی بە تەڤگەرێکی زانستی و دیالکتیکی بەناودەکات، لە شوێنی خۆی و لەناو بێچارەیدا بخولێتەوە. دیسان ئەم تەڤگەرە خاوەن پارادایم و جیهانبینی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستیە، بۆیە ناکرێ بە هزری دەوڵەت – نەتەوەو مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هەڵسوڕێ.
تەڤگەری ئاپۆچی لە شێوازی تێکۆشانیدا مامەڵە و سازش لەسەر مافەکان ناکات، لەسەر مێزیش دانانیشێ بۆ ئەوەی لە دەوڵەت و دەسەڵات بپاڕێتەوە، بزانێ چی دەدەنێ و چی لێ دەبن. تەنها شتێک لە دەوڵەتی دەیەوێ ئەویش، بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر خزمەتکردن بەدەست بخات و دەسەڵات و دەوڵەت و سیستەمی باڵادەست، ناچاری گۆڕانکاری بکات. سەرکەوتنی پەکەکە و رێبەر ئاپۆش ئەوکات مسۆگەرە.
٣٣ ساڵە رێبەر ئاپۆ گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی کە کێشەی کورد و گۆڕانکاری دیموکراتیانەو گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی، بەمشێوازەی خەباتی پەکەکە نابێ، واتا ئەمشێوازە گەیشتۆتە بنبەست، بۆیە پێویستە رێگەیەکیتری لەبەردەمدا بکاتەوە. بۆیە گوتی سەردەمی پەکەکە تەواو بووەو ئەرکی مێژووی خۆی جێبەجێکردووە، بۆ بەدەست خستنی ئامانجەکانی ترمان، پێویستە گۆڕانکاری بکەین. لەوبارەیەوە ڕێبەر ئاپۆ، دەیان دەستپێشخەری جیاوازی کردووە، بەڵام بەناوەڕۆک هەموویان یەکن، ئەویش بەبڕیار بوون بووە، بۆئەوەی تێکۆشانی ئازادی کوردستان وەک بزووتنەوە چەپەکان خۆی دووبارە نەکاتەوە، وەک هێزە ملیگەرا سەرەتایەکانی کوردیش، نەبێتە ئامرازێک لەدەست دەوڵەتە هەرێمی و زلهێزە جیهانیەکان.
بۆیە هەر گۆڕانکاریەک لە پەکەکە بکرێ و لە رابردووش کراوە، بەدەستی خودی خۆی کراون. واتا لە ژێر فشار و پاڵەپەستۆ و زۆری بۆ هێنانی هیچ دەوڵەت و هێزێک نەکراون و ناکرێن. پێویستی قۆناغ و دۆزی رەوای گەلەکەمان چی پێویستبێ ئەوە کراوەو ئەوەش دەکرێ.
ئەم گۆڕانکاریانەی ئێستا، دەبێ زۆر کەسی تووشی شۆک کردبێ، بۆیە هەڵسەنگاندن و رەخنەی راست و چەپ دەکەن، هەموو رەخنەکانیش ئاساین، چونکە رێبەر ئاپۆ لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکان دەڵێ، ئامادەم بۆ هەموو رەخنەیەک سەبارەت بەم گۆڕانکاریانە بێنە سەرم، بەڵام سوورم لەسەر ئەوەی گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی مێژووی بکەم، بۆ ئەمەش کۆتای بە پەکەکە و خەباتی چەکداری دەهێنم. هەمووشمان ئەوەمان بیرە، لە لێدوانە مێژوویەکەی ٢٧ی شوبات گوتی، بەرپرسیاریەتی دەخەمە سەرشانم. ئەمەش گەورەترین رۆحی بەرپرسیاریەتیە بۆ رێبەری بزووتنەوەیەک لەناو شوێنێکی وەک چاڵی مردن لە ئیمراڵی، بەڵام گەورەترین وەرچەرخانی مێژووی بخاتە ئەستۆی خۆی.
لە ماوەی ٣٣ ساڵی رابردوو، بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە بەدەستبخرێ، تاکو گۆڕانکاری و وەرچەرخانی تێدابکرێ، قوربانی زۆری بۆدرا، ئێستا بە باوەڕی لایەنی بەرانبەر لە دەوڵەتی تورکیا کە دەڵێن، سەد ساڵی داهاتوو وەک سەد ساڵی رابردوو نابێ، بۆیە بوێری ئەوەیان لا دروست بووە کە بڵێن، تورک و کورد بران.
خودی ئەم دەوڵەتە بە ملیۆنان مرۆڤی لەسەر بەلێو کردنی وشەی کوردی لەناو بردووە، بەڵام ئێستا دەڵێن (براین). ئەوکات دەرفەتێک هاتۆتە پێش بۆ ئەوەی لەچارەسەری دۆزی کورد هەنگاوێک بچینە پێشەوە، واتا یەکێک لە دەسکەوتەکانی تێکۆشان خەریکە بەدیبێ، بۆیە ئەگەر کەسایەتیەکی وەک باخچەلی و ئەردۆغان هەموو تەمەنیان لە پێناو نکوڵی و قڕکردن و لەناوبردنی گەلی کورد و زمان و کولتورەکەی بوو، ئێستا هاتوونەتە ئەو باوەڕەی، سەدەی ٢١ بەبێ کوردنابێ، ئەوکات کوردیش پێویستە هەنگاوبنێ. بۆیە نابێ بە هەڵە لەمە تێبگەین، واتا بێ ئەوەی زەمینەک هەبێ و هەر بەکوێری هەنگاو نرابێ.
ئەوەش دەبێ بزانرێ ١٠ ساڵی رابردوو، دیسان ئەردۆغان و باخچەلی بوون نەیانهێشت پرۆسەکە سەربگرێ و شەڕی مان و نەمانیان راگەیاند، ئێستاش دیسان ئەوانن، بەڵام بەوگۆڕانکاریەی لە چەمکی بیرکردنەوەیان دروستبووە، دەرفەتێک هاتۆتە ئاراوەو دەبێ هەڵبەسنگێنرێ، ئەمەش هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانەیە.
ئەوەی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە دەیکەن و کردوویانە، باوەڕیان پێ هەیە و لە ژێر هیچ فشارێک نییە، بۆیە وەک کۆنگرەی یەکەم و دامەزراندن، کاری بۆ دەکەن و ژێرەوەی پڕدەکەنەوەو دەسکەوتی زیاتر بەدەست دەخەن.
هەموو خەڵکی کوردستان، بەتایبەت باشوور و رۆژهەڵات، بەتایبەتریش کوردانی
ئەوروپا، لەلایەک ترسیان هەیە، لەلایەکیتریش باوەڕیان بە دەوڵەتی تورکیا نییە لە گۆڕانکاری و داننان بە مافە نەتەوەیەکانی کورد. تاشوێنێک ئاسایە و پێویستیشە ساویلکە سەیری لایەنی بەرانبەر نەکەین، بەڵام ئەوەی پێویستە بزانرێ، ئێمە وەک لایەنی کوردی بە باوەڕ و بڕیاری خۆمان هەنگاو دەنێین، بۆیە لەکوێ بزانین فێڵمان لێ دەکرێ و دەوڵەت دەیەوێ لەسەر سیاسەتی نکۆڵی و قڕکردن بەردەوام بێ، ئەوا گەلی کورد و تەڤگەری ئاپۆچی بێچارەنین، بەڵام سەرکەوتنی قۆناغەکە ئامانجی یەکەمینە، نەوەک لەگەڵ یەکتر بەفێڵ بوون.
دەوڵەتی تورکیا دەترسێ لە گۆڕانکاری، چونکە ئەوانەی لە مێژووی نوێی تورکیا باسی گۆڕانکاری و دەرچوونیان لە چوارچێوەی دەوڵەت – نەتەوە کردووە، سەریان تیاچووە. نمونەی تورکۆت ئۆزال و ئەشرەف بەدلیسی و بەختیار ئایدن، تا دەگاتە سڕی سوریا ئۆندەر. بۆیە هەنگاونان بۆ چارەسەری دۆزی کورد و دیموکراتیەت تا پار مانگی دە، موخاتەبی نەبوو.
ئەردۆغان زۆر دەترسێ، بۆیە باخچەلی کردە قەڵغان بۆ پرۆسەکە، چونکە باخچەلی لەهەموو فاشیستەکانی تورکیا زیاتر دوژمنایەتی کورد و پەکەکەی کردووە، لەناو دەوڵەتی قوڵیش زۆرترین پشتوانی هەیە. باخچەلی و ئەردۆغان ترسیان لە مان و نەمانی دەوڵەتی تورکیا هەیە، بۆیە دەیانەوێ تورکیا لە مەترسیەک رزگار بکەن. لایەنی راستی مەترسیەکەیان هەیە، چونکە شەپۆلی ئیسرائیل – ئەمریکا لەگەڵ ئێران، تورکیاش دەگۆڕێ و دەیخاتە ژێر هەژموونی خۆی. بۆ ئەم مەبەستە تورک پێویستیان بە کورد هەیە، موخاتەبی کورد و ئیرادەی کوردیش لە باکوری کوردستان رێبەر ئاپۆ و پەکەکەن، بۆیە راستەوخۆ دەبێ لەگەڵ ئەوان بکەونە چارەسەری.
بۆ ئەوەی گۆڕانکاریەکان دوولایەنە بکەونە بواری جێبەجێکردن، پێویستە دەوڵەتی تورک بەبێ سڵمینەوە هەنگاوبنێ و زیاتر کات نەکوژێ، چونکە چەندەی کات بڕوا لەناو تورکیا ئاڵۆزی زیاتر دەبێ و موخاتەبانی سیاسەتی تورکیا (باخچەلی – ئەردۆغان) لاوازتر دەبن، ئەگەر نەتوانن قۆناغەکە بەسەرکەوتووی ببنە سەر، لەوانەی کەلەیان تیا بچێ.
هێشتا دەسەڵاتدارانی تورک، نەیانتوانیوە هەموو هاوبەشەکانیان لە ناو دەسەڵات و لە دەوڵەتی قوڵ، ئیقناع بکەن بۆ قۆناغەکە. بۆیەش هێشتا ئەوانەی وەک هاکان فیدان و یەشار گولەر، پێداگری لەسەر شەڕ و ئاڵۆزی دەکەن، یان تائێستا ناتوانن شەڕ رابگرن و کەشێکی ئاشتیانە دروست بکەن. بۆیە لایەنی تورک لەچاو لایەنی کورد بێ هێزتر دەرکەوتوون. ئەگەر دەوڵەتی تورک گۆڕانکاریە پێویستیەکانی سەرەتای قۆناغەکە بۆ نیازپاکی نیشاننەدەن و بڕیاری پێویست لە پەرلەمان نەگرن و زیندانیانی نەخۆش و دۆزی پەکەکە ئازاد نەکەن و دەرفەت بۆ خەباتی رێبەر ئاپۆ نەئافرێنن و ئازادی نەکەن، ئەوکات بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی دەوڵەتی تورکە.
گەلی کوردستان سەد ساڵە لەناو شەڕ و بەرخودان دایە، بەتایبەت پەکەکە ٤٣ ساڵە لە گۆڕەپانی گەریلایەتی نەخشی نواندوەو لەچوارپارچە خاوەن دەیان هەزار شەهیدە. سەرجەم گەلی کورد گەریلای بۆخۆی وەک گەرەنتی مانەوەو سەرکەوتن زانیوە، بۆیە تاکو لەگەڵ سەردەم و قۆناغی نوێی خەبات ئاشنایەتیامن دروست دەبێ، لەوانەیە هەندێک کاریگەربین، بەڵام ئەو دەسکەوت و ئەنجامانەی لە قۆناغی نوێ بەدەست دەکەون، زیاتر دڵخۆشمان دەکات. چونکە جارێکیتر هەڤاڵانی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە، بەڵێنی خەبات و تێکۆشانیان داوە، بۆیەش دیسان پێکەوە خەبات و تێکۆشان و خزمەت بۆ گەل و نیشتمان، لە سەر بنەمای دیموکراتیەت و سۆسیالیزمی جڤاکی، رۆژانی پرشگندار و پڕ بەرهەم چاوەڕێمان دەکات.
