چی لەم هەموو دیدار و پانێڵە بکەین؟ کامە ڕێگا دەمانباتە نێو مۆدێرنیتەوە

3 مانگ لەمەوپێش
هەفتانە لە تیڤییە هێچ دییەکانەوە کۆڕبەند و پانێڵ و سێمینار و دیدار و فۆڕمێکی زۆر و زەبەندی پڕ لە ئیسراف و گرانبەها و لوکسی دەمووچاوە سەدبارەکان لەم هەرێمۆچکەیە شەش میلۆنییەدا دەبینین، زۆرجار دەمووچاوە دووبارە ناشیرینەکان بۆ شەرعیەتدان بەخۆیان و شاردنەوەی بێتفاقی فیکری و لمۆزی ناسیاسیانەی خۆیان یەک دوو میوانی سوورو سپی و سیاسەتوانی ئێکسپایەری ڕوژئاوایی پێدا دەکەن.
تیناگەم لەگەندەڵی گەڕێ، ویژدانیان چۆن ئازاریان نادات کاتێک شتێکیان پێ نییە بۆ وتن هەر دەیڕێسن و درێژدادڕی دەکەن و خۆیان بە شتراوسی سەردەم ئەبینن! پرسیاری من ئەوەیە ئەم دیدارانە ئێمە بە کوێ دەگەیەنن؟ ئایا ئێمە کێشەکەمان دیدار و فۆڕم و پانێڵە؟
لەڕێگەی گەلی ئەفغانییەوە دەمەوێت خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی خۆمان بکەم:
تۆ دەبێت بە پێیەکانی خۆت و بە ئیرادەو پرسیار و گومان و ئەژێندای خۆتەوە نەوەک ئەژێندای سەر پشتی دەبابەکانی ئەوانی دیکەوە بچیتە نێو مۆدێرنیتەوە، ناکرێت کەسێکی دیکە بۆ ئەو دونیایەت بگوازێتەوە، هەموو ڕاکێشانێکت بۆ ئەو دونیایە وەک لاستیکێک لەپاش نەمانی ڕاکێشەرەکە دەتگەڕێنێتەوە دۆخەکەی خۆت، بۆ خاڵی سفر، بۆ دەرەوەی مێژوو.
تەماشا چل ساڵە ئەفغانستان لە خودە ڕاستەقینەکەی خۆی دوور دەخرێتەوە. دەمێک بە بیانووی کۆمیونیزم و دەمێکی دی بە بیانووی دیموکراسیی و مافەکانی مرۆڤ و نیولیبرالیزم هەڵدەفریوێندرێت و بەلاڕێدا دەبردرێت، ئەمە لەکاتێکدایە پێکهاتە سەرەتاییەکانی ئەو گەلە لە هۆزو تیرە و کەمەنەتەوەییەکانی دیکەی نە بۆ کۆمیونیزمەکەی سۆڤێتی جاران و نە بۆ لیبراڵ دیموکراسییەکەی جۆرج بوشی کوڕ ئامادنەەبوون.
داواکردنی دیموکراسیی و مافەکانی مرۆڤ لە گەلی ئەفغانی لەمکاتەدا وەک داواکردنی تێشگەیشتنی مناڵێکی سەرەتاییە لە فیزیای کوانتەم.
خەڵکی ئەفغانسان نە ئامادەسازیی بۆ کۆمیونیزمەکەی سۆڤیتی جاران هەبوو نە بۆ دیموکراسییەکەی ئامریکا. ئەفغانەکان لەڕووی فیکری سیاسییەوە خامبوون، وەک هەموو نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا هەنگاویان بەرەو پوختەبوون هەڵدەهێنا، وەک برینێک کە تازە قەتماغە دەبەستێت بە بیانووی سیتمێکی باشتری بەڕێوەبردن بەردەوام زامەکەیان لەلایەن زلهێزەکانەوە هەڵدەکەنراو دەکولێندرایەوە.
ئەم برینە نە ئەوەبوو بەتەواوی بیکوژێت نە ئەوبوو بهێڵن ساڕێژ بێت. هەموو جارێک لەگەڵ هەڵکەندنیدا بەکپارچە گەل و وڵاتەکەی دەبردەوە سەر خاڵی سفر و بۆ ئەوەی سەرلەنوێ دەستپێدەکاتەوە.
ئەوان ئێستا نە خامەکەی جارانی قوندوز و قەندەهار و هەراتن، نە دەشتوانن ببنە مۆسکۆ و بەیجین و نیویۆرک و برۆکسل.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین زرکەتاڵێکە هەموو جارێک پێش ئەوەی پێبگات بە کاڵی و کەڵبەیی لێدەکرێتەوە و پاشان خل خل کۆمەڵگاکە بۆ خاڵی سفر تلێر دەکاتەوە. تاڵیبان زەروورەتی کۆمەڵگای ئەفغانیی ئەمڕۆیە بۆیە توانیویانە بمێننەوە و بەرگەش بگرن، بەشی زۆری خەڵک لە بیست ساڵی ڕابردوودا خانەخوێی ئەو بزووتنەوەیە بوون. گەلەکە دەبێت لەگەڵ تاڵیبان ئەو ڕێگایەی لە پێشێتی بۆ تەکامولی کۆمەڵایەتیی بـە کاوەخۆ بیبڕێت. ئەوەی وا دەکات گەلی ئەفغانی نەگاته مەنزڵ دەستواردانیی دەرەکییە، ئامدەنەبوونی ئەو گەلەیە بۆ ئەو مەفاهیمە بریقەدارە فریونەرانە.
کۆمەڵگاکان سروشتی میوەیان هەیە، دەبێت بە سەرماو گەرمای زۆردا تێپەڕن تا پێدەگەن، ئەم پێگەیشتنەش ناوەکییە و پەیوەندیدارە بە هەمان ڕەگ و قەدو گەڵای ئەو دارەی کە پێوەی بەندن نەوەک کیمیایی و سەماد و فاکتەری دەرەکی. هەموو پێشوەخت ڕنینێکیان لە پێگەیشتن دووریان دەخاتەوە و دەیانخاتەوە ساڵی داهاتوو. ئیبن خەلدون پێی وایە کۆمەڵگاکانیش وەک مرۆڤەکان بە قۆناخەکانی منداڵی و هەرزەکاری و پێگەیشتوویی و کامڵی و پاشانیش پیربوون و مردندا تێدەپەڕن.
ناکرێت لەگەلێکی ناکامڵی وەک گەلی ئەفغانی چاوەڕێی سیستمێکی سۆشیال دیموکراسی بەلجیکیی و لیبراڵیی ئەمریکی بکەین.
