حەج و حاجی و حیجازی

3 مانگ لەمەوپێش



 

عەبدوڵا کۆمەڵە

کەناڵی ئار تی ڕوسی لەزمانی بەرپرسێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتی حەجی سعودیە هەواڵی مردنی ١١٠٠ کەسی لە کاتی بەجێگەیاندنی حەجی (٢٠٢٤) ڕاگەیاند،هەروەها ئەو بەرپرسە ڕایگەیاند کە ٥٧٧ کەس لەو کۆچکردوانە تەنها لە کێوی عەرەفەو یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان گیانیان سپاردوە، کە هۆی ئەم ژمارە زۆرەی گیان لەدەستدانیش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری پلەکانی گەرماو بڵاو بوونەوەی هەندێ نەخۆشی، کە لەشاری مەکە پلەکانی گەرما بۆ (٥٢) پلەی سەدی بەرز بوونەتەوە.

لەلایەکی ترەوە ئاژانسی (فرانس ٢٤) لە زمانی دیبلۆماتکارێکی عەرەبیەوە ڕایگەیاند کە ژمارەی کۆچکردوانی ووڵاتی میسر ٦٥٨ حاجی بوە،بەڵام بەپێی داتاکانی پێگەی ویکیبیدیا ژمارەی گیان لەدەست دان لەناو حاجیەکانی ساڵی (٢٠٢٤) بریتیە لە (١٣٣٠) حاجی،  هەروەها بەپێی هەمان سەرچاوە، بەشی هەریەک لەم ووڵاتانە لە گیان لەدەستدان بەم شێوەیەیە:

- میسر ٦٥٨ - ئەندەنوسیا ٢١٣- هیندستان ٩٨- ئەردەن ٧٥- پاکستان ٥٨- تونس ٥٣- بەنگلادیش ٣٥- جەزایر ٢٢- مەراکش ٢٠- عێراق ١٩- ئێران ١٥- مالیزیا ١٤- 
نایجریا ١٤- لیبیا ٨- فەلەستین ٨- ڕوسیا ٥- سینیگال ٣- هۆڵەندا ١

کۆی گشتی/ ١٣١٩
هەروەها چەند کۆچکردویەکی تر کەلەخشتەکەدا ڕەگەزنامەیان دیاری نەکراوە، کەیەکێک لەوانە خەڵکی سۆدانە، وە جگە لەم ژمارەیەی سەرەوە یەکێکی تر لە حاجیەکان خۆی کوشتوە بەڵام ڕەگەزنامەکەی دیاری نەکراوە، ئەمەش بەپێ هەمان سەرچاوەی سەرەوە.

بەڵام ئەوەی لێرەدا سەیرەو جێگای تێڕامانە ئەوەیە، کەلەم ژمارە زۆرەی گیان لەدەستدانی حاجیانی ماڵی خوا تەنها یەک دانەشیان خەڵکی سعودیە نین، هەروەها بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، خەڵکی سعودیە بەڕێژەیەکی زۆر کەمتر لە ووڵاتانی تری ئیسلام فەریزەی حەج جێ بەجێ دەکەن.

ئەمە لەکاتێکداو بەپێی هەواڵێکی پێگەی تەلەفزیۆنی( العربیە حدث) تەنها لەو چەند ڕۆژەی مەوسمی حەجی (٢٠٢٤) دا (١٥٠٠٠٠) هاوڵاتی سعودی گەشتی ئیمارەتی دوبەیان کردوە، لەکاتێکدا ئەو هاوڵاتیانەی دانیشتوی ووڵاتی سعودیە کەفەریزەی حەج ئەنجام ئەدەن بەشی هەرە زۆریان لەو کەسانەن کەخەڵکی ووڵاتەکە نین و بۆ کاروکاسبی ڕویان لە سعودیە کردوەو تیایدا نیشتەجێ بوون.

بەهەمان شێوە بەڵگەیەکی تر لە سەر ئەم بابەتە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە هەواڵێکدا باسی گیان لەدەستدانی(٧١٧) حاجی و برینداربوونی(٨٦٣) جاجی تر دەکات لەساڵی ٢٠١٥، دیسانەوە لەم ژمارە کۆچکردوەش تەنها یەک دانەیان خەڵکی سعودیە نەبوون و خاوەنی ڕەگەزنامەی ووڵاتانی جیاجیای تر بوون، بەڵام لەهەمان کاتدا پێگەی تەلەفزیۆنی( العربیە حدث) باسی ئەوەدەکات کەساڵی ٢٠١٧ لەکاتی ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆریسیتدا لە ئەستەنبوڵ لەناو یانەیەکی شەوانەدا (٣٩) کەس گیان لەدەست ئەدەن، کەلەم ژمارەیەش(٧)کەسیان خەڵکی مەملەکەتی سعودیەبوون، ئەمە جگە لە(١٠) برینداری تری سعودی.

ئەمانە هەموو داتاو بەڵگەی فەرمین و قسەی هەڵبەستراو نین، لەکاتێکدا لەساڵی ٢٠١٥ 
(٧١٧) حاجی لەووڵاتی سعودیە گیان لەدەست دەدەن، تەنها یەک دانەیەکیشیان خەڵکی سعودیە نین، بەڵام لەساڵی ٢٠١٧ و لە یانەیەکی شەوانەی ئیستانبوڵدا تەنها ٣٩ کەس دەکوژرێن، بەڵام لەم ژمارەیە ٧ کەسیان خەڵکی مەملەکەتی سعودیەن، هەروەها ساڵی ٢٠٢٤ بەهۆی گەرماو بڵاوبوونەوەی هەندێ نەخۆشیەوە، ١٣٣٠ حاجی ماڵی خوا گیان لەدەس دەدەن، لێرەش تەنها یەک کەسی خەڵکی سعودیەی تیانیە، بەڵام لەهامان وەرزی حەج کردندا (١٥٠٠٠٠) هاوڵاتی ئەهلی حیجاز بۆ گەشتکردن تەنها ڕویان لە ئیمارەتی دوبەی کردوە، ئەمە جگە لە وولاتانی ئەوروپاو ئەمریکاو ئاسیا، کە من دڵنیام ژمارەی ئەو حاجیانە تێ دەپەڕێنێت کە ئەم ساڵ ڕویان لە مەملەکەتی سعودیە کردوە.

ئەم داتایانە ئەوەمان پێ دەڵێن کە موسوڵمانانی جیهان لە بنی دنیاوە سەفەری ماڵی خوا دەکەن لە حیجازو پارەکانیان لەوێ خەرج دەکەن، حیجازیەکانیش لەو بن دەستەوە فەریزەی حەج جێ بەجێ ناکەن و بەپارەی ئەو موسوڵمانانە شەوە سورەکانیان لە یانە شەوانەکانی دوبەی و ئیستانبوڵ و ئەمستردام و لاس فیگاس بەڕێ دەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار