ئەوەی نە میدیای عەرەبی و نە میدیای کوردیش سەبارەت بە دیدارەکەی ترامپ و شەرع نەیان ووت

2 هەفتە لەمەوپێش
هەڤاڵ کوێستانی
ترامپ ، وێڕای داخوازییە راگەیەنراوەکانی ، ئەم داخوازیانەشی لە شەرع هەبووە کە تێکڕایان پەیوەندییان بە رۆژاوای کوردستانەوە هەیە:
ــ دەبێ تەعامولی تەواو لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات دا بکەن.. دەبێ هەر شەڕ و پێکدادانێک لە رۆژهەڵاتی فوڕات دا دژ بە هەسەدە بوەستێنن. ئەوان ساڵانێکی زۆرە ، لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هاوپەیمانی ئێمەن؛ شەهیدێکی زۆریان دژی داعش داوە.. نامانەوێ هیچ ناکۆکیەک لە نێوانی ئێوە و کوردا دروست ببێ ؛ باش لەوە تێبگەن کە ئەمە لەبەرژەوەندی ئێوە نابێ .
ـــ دەمەوێ جەخت لەوە بکەمەوە کە زیندانەکانی داعش لە ئێستادا ، لەژێر چاودێری کوردیدا دەمێننەوە .. دوای ئەوەی هاوپەیمانی لە نێوان ئێوە و هەسەدە دا دروست دەبێ و پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە سوریادا دەگاتە ئەنجام، بەڵێ ئەو کاتە دەخرێنە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سوری …
هێزەکانی سوریای دیموکرات شارەزاییەکی دورودرێژیان لە بەڕێوەبردنی ئەو دامەزراوانەدا هەیە، بۆیە دەبێ لە ئێستادا ئەوان سەرپەرشتیان بکەن..ئەوان بەشێکن لە دەوڵەتی نوێی سوریا و توانایی و لێهاتوویی خۆیان لەو بوارەدا سەلماندوە.. ئێمە راپورتی سەربازی و هەواڵگری زۆرمان هەیە کە جەخت لە توانایی ئەو هێزە دەکەنەوە لە دژایەتیکردنی رێکخراوی داعشدا…
پێویستە لەسەرتان کە هاوکاریان بکەن و پشتیان پێببەستن…لەوەش زیاتر رێکەوتنی واژۆ کراو ، بە سەرپەرشتی ئەمەریکا، لە نێوان ئێوە و هاوڕێم جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی دا هەیە.. من چاوەڕوانی ئەوە لە ئێوە دەکەم پابەندی ئەو رێکەتنە بن. دەبێ ئەمە لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ بکرێ و نابێ دیمەشق هیچ رێگرییەک بۆ ئیشوکارەکانی هەسەدە بخولقێنێ…
دەبێ لێکتێگەیشتن لە نێوانتان دا هەبێ، بەتایبەتیش لە ئیدارەدانی گرتووخانەکانی داعش و لە بەرەنگاربوونەوەی داعش دا..هاوکاری هەسەدە بەشێکە لە ستراتیژی هەرێمایەتی ئێمە.. لەسەرتانە هاوپەیمانی ئەو هێزە بن، ئەوان هاوبەشی ئێمەن. . دەبێ ئێوە پابەندی ئەو رێکەوتنە بن،، ئێمەش لەسەر پشتیوانییەکانمان بۆ ئەو هێزە کوردیانەی سوریا بەردەوام دەبین..
دەبێ لەوەش تێبگەن کە ئەمەریکا ئامرازی جۆراوجۆری زۆری هەیە بۆ زامن کردنی بەردەوامبوونی ئەو هاوکارییە، ئێمە لەو هاوبەشیەتان دا پشتیوانیتانین.
ــ کورد و مەسیحییەکان زوڵمی زۆریان لێکراوە و زۆریان چەشتووە، هەر زوڵمێک بەرامبەریان بکرێ ئاکامی زۆر خراپی بۆ سوریا دەبێ.
وەختێک شەرع لە وەڵامی داواکارییەکانی ترامپ دا بەڵێن دەدا کە مافی کورد و ئەوانی دیکەش لە سوریای نوێ دا، لە چوارچێوەی یەکێتیی نیشتمانی و دەستووری نوێدا زامن کراو دەبێ ، ترامپ دەڵێ:
زۆر باشە، منیش ئەوەی دەمویست لە ئێوە بیبیستم ئەوە بوو… ئەگەر تۆ پابەندی ئەوە بیت، ئێمەش ئامادەین کۆمەک بە بەرقەرار بوونی سەقامگیری لە سوریادا بکەین و لەگەڵ هاوبەشە خلیجیەکانمان دا، کۆمەک و پشتیوانیی پێویستتان پێشکەش دەکەین بۆ وەبەرهێنان و گەشەی ئابووری و بینای دەوڵەتی نوێی سوریا.. بەڵام بیرت نەچێ ئێمە زۆر بە وردی و لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین، بۆیە دەبێ هەنگاوەکانتان روون و دیراسە کراو بن..
دیدارەکە بە دەربڕینی رەزامەندی شەرع لەسەر هەموو ئەو خاڵانە کۆتایی دێ.
