وەزیرى نەوتى عێراق: هەرێم بۆی نییە گرێبەستی نەوت بكات

12 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت ئەمجۆرە گرێبەست و رێككەوتنانە دەبێت بەتەنیا لەلایەن حكومەتی فیدرالییەوە بكرێن؛ بەوپێیەی دۆسیەی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت بەتەنیا لە دەسەڵاتی ئەودایە.
رۆژی دووشەممە، 19-05-2025 لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی گەورەی لە بواری وزەدا بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناسراوی ئەمریکی، وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کرد، هەردوو کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس و HKN Energy پێشینەی کاریان لە هەرێمی کوردستان هەیە و خاوەنی وەبەرهێنانن.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لەوبارەیەوە دەڵێت: وەزارەتی نەوتی عێراق تێبینی خۆی لەبارەی ئەو رێككەوتنە تۆماركردووە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان كردویەتی بۆ وەبەرهێنان لە چەند كێڵگەیەك لەناوخۆی هەرێمدا.
ئەوەش دەخاتەڕوو ئەمجۆرە گرێبەست و رێككەوتنانە دەبێت بەتەنیا لەلایەن حكومەتی فیدرالییەوە بكرێن؛ بەوپێیەی دۆسیەی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت بەتەنیا لە دەسەڵاتی ئەودایە.
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە 21ی ئایاری 2025 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "دڵخۆشین دەبینین کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق فراوانتر دەبن بە واژۆکردنی رێککەوتننامەکان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان."
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەم جۆرە هاوبەشییان بەرهەمهێنانی گاز لە عێراق فراوانتر دەکەن و سوود بە گەلی هەردوولامان دەگەیێنن.
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو دوو گرێبەستە، بەتایبەتی گرێبەستی تایبەت بە کەرتی گاز، دەبنە هۆی زیادکردنی بەرچاوی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز. وەزیری سامانە سرووشتییەکان جەختیشی کردەوە کە "بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی گازەوە، بەرهەمی کارەباش زیاد دەکات،" ئەمەش وادەکات ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەهێزتر بکرێت.
لەلایەکى دیکەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکانی دوێنێ لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە، بەڵام هەر کەسێک دژایەتی هەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا: کاتی ئەوەیە بەیەکەوە بتوانین کارێک بکەین زیاتر ئاشتی و بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتەکەمان هەبێت، کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
