کوالێتی چەپی کوردی بەرهەمی قەوانی کوردایەتییە

4 ڕۆژ لەمەوپێش
ئیبراهیم شێخ وەسانی
(١)
دونێکە خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە سمینارێک کە بۆ ناوخۆی رێکخستنەکانی حیزبەکەی قسەدەکات، لەسەر زیانەکانی چەپ لەسەر بزوتنەوەی کوردی تا ئەو شوێنە دەڕوا بڵێت « حەوزەی قوم کە مەبەستی(حەوزەی عیلمییەی قومی شیعەی دوازدە ئیمامیە)و کەڵتووری شیعەی سیاسیی بەرهەمی رەوتی چەپ و کۆمۆنیزمە».
((عەزیزی پێیوایە رەوتی چەپ زیانێکی زۆری لە بزوتنەوەی کوردی و کوردستان داوە))
(٢)
کێشەی گەورەی حیزبی سیاسی کوردی بە درێژایی مێژووی حیزبی کوردی یەک شتە، ئەویش ئەوەیە «ئەویدیکە بوون تاوانە».
((حیزبی کوردی یەکتری وەک رکابەر نابینن، وەک رەقیب حیساب بۆ یەکتری دەکەن، لە لای بەرەی راست هەموو چەپێک دوژمنە، لای چەپیش راست دوژمنە، لای ئیسلامیەکانیش هەردووکیان))
(٣)
هەڵبەت قسەکانی عەزیزی هەمووی هەڵە نیین، راستیەکی زۆر گرنگی تێدایە، ئەویش ئەوەیە کە چەپی کوردی نیشتمانی نیە، ناتوانێ لە باوەشی چەپی ئیرانی، عێراقی، سوریایی و تورکیایی بوون بێتە دەرێ.
(( ئەگەر هەر چەپێکی کورد، یان راستێکی کۆنزەرڤاتیڤ یان لیبڕال«بەرەی کوردایەتی»، یانیش ئیسلامیەکی کورد چەندین سەعات لەسەر کەموکڕی ئەویدیکە بدوێ، بەڵایەنی کەمەوە زیاتر لە نیوەی قسەکانی راستە))
(٤)
بەڵام کێشەی بەڕێز عەزیزی و هەموو ئایکۆنەکانی بەرەی کوردایەتی ئەوەیە لەوە تێناگەن نەبوونی چەپی نیشتمانی کورستانی بەرهەمی نەبوونی ناسیۆنالیزمی کوردییە، ئەتو هەتا ناسیۆنالیزمت نەبیت، چەپی نیشتمانیشت نابیت.
((کوردایەتی ناسیۆنالیزم نیە))
(٥)
بە باوەڕی من ناسیۆنالیزم ئایدۆلۆژیا نیە، بەڵام ئەگەر پێچەوانەکەشی راست بیت( ئەو بۆچوونەش هەیە کە دەڵێت ئایدۆلۆژیایە)، واتا ئایدۆلۆژیاش بێت، بەپێچەوانەی هەموو ئایدۆلۆژیاکان پێکهاتەیەکی ستونی نیە، ئاسۆییە، هەمووان لە باوەش دەگرێت.
((لە ئیسلام دا کافر و موسڵمان هەیە، تەنها موسڵمان هاوڵاتی پلە یەکە، لە کۆمۆنیزم دا سەرمایەدار و کرێکار هەیە، دەوڵەمەند دێوەکەی ناو داستانە ئەفسانەییە کوردیەکانە کە لەکۆتایدا هەمیشە ئەحمەد ناوێک دەیکوژێ، بەڵام ناسیۆنالیزم چەترە، دەتوانێت هەمووان لە ژێر رەحمەتی خۆی کۆبکاتەوە))
(٦)
بەڵام لە کوردایەتیەکەی بەڕێز عەزیزی کە بەرهەمی کۆمارە، زۆرێک پێیانوایە ناسیۆنالیزمە، هەمیشە ئەویدیکەبوون لەلای تاوان بووە، هیچکات نەیتوانیە هەموو کوردێک لە ژێر چەتری خۆی کۆبکاتەوە.
((لەلای مەدرەسەی کوردایەتی شیعەبوون تاوانە، فەیلی بوون تاوانە، ئێزدی بوون تاوانە، عەلەوی بوون تاوانە، شەبەک بوون و کاکەی بوون تاوانە، چەپ بوون ئەوەندە تاوانە شێوەی مەلا مێزەر رەشەکانی قوم دەدا))
(٧)
لە مەجلیسێکی عەشایری دۆستانە وەک ئەو سیمنارەی بەرێز عەزیزی زۆر زەمی کەسێک کرا، ئامۆزایەکم بۆئەوەی کۆتایی بەباسەکە بینی ،گوتی« کاکە وازی لێبینن، دووعای بکەن ، خەڵک ناپیاو بیت، ناپیاو زۆربن، لۆ ئەوەی پیاوەتی ئێمە دەرکەوی».
(( حیزبی کوردی حەفتا ساڵە دیسکۆرسی سەرەکی ئەوەیە«ئەویدیک عەیبدارە»، کاکە ئەو پای شەلە،ئەی تۆ بۆچی لەسەر یەک قاچ دەڕۆی؟!))
(٨)
عەیب نەبی بیلا مانا
ئاپێ مەسا عەنتەر لە بیرەوەریەکانی دەگێڕێتەوە:- گەوادێکی قەبە بەژنە لەشفرۆشەکەی دەڵێ:" ئەی هاوار ژنەکە تۆ دوای ئەو هەموو سەرجێییە چۆن دوگیان نابی؟ ئەویش دەڵێ " چۆن دووگیان بم ئەفەندی؟ یەکێکیان دەکات ئەوەی دیکە خراپی دەکات!
(( ئەو جۆرە چەپە بەرهەمی قەوانی کوردایەتییە، ئەو کوردایەتییەی نەیتوانی ببیتە ناسیۆنالیزم، لێینەگەرایە و، نەیهێشت ئیسلامی نیشتمانی، چەپی نیشتمانی، تەنانەت هاوڵاتیەکی نیشتمانی دروست بێت، باوەڕکەن ئەگەر عەزیزیەکان ریفۆرمێک لە کوردایەتی بکەن، هەموو خوارەکان، بە چەپیشەوە راست دەبنەوە))
# ئاها…هەڵەبەت بەڕێز خالیدی عەزیزی لەلای من مرۆڤەکی زۆر بەڕێزە، پایزی ساڵی (٢١٣) لەهەولێر لە بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستان چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیم بۆ گۆڤاری لڤین لەگەڵی ئەنجامدا، ئەوکات سکرتێری لەتێکی دوولەتە یەکگرتووەکەی ئێستای حیزبی دیموکرات بوو، یەکەمجار بوو لە نزیکەوە بیبینم، بەڵام بەپێچەوانەی سکرتێر و سیاسیەکانی باشور، زۆر بەسادەیی ئەکتی دەکرد، مرۆڤەکی بەویقار، بە ئەتەکێت و مەشڕەب خۆش، ئەو نووسینە نوکتەی تێدایە، تەنها لە قاڵبی تەنزە، هیوادارم کاک خالیدی عەزیزی بە سوکایەتی تێنەگات…
