پارە بدە و مرۆڤ راو بکە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
وەرە و بۆ خۆشی خۆت خەڵکی سڤیل بکوژە
نرخی منداڵ کوشتن گرانترە و پیرەکانیش بە بێبەرامبەر
ئامادەکردنی هاوڵاتی
ئەمەی باسی دەکەم فیلمی ئاکشن نییە، بەڵکو هەر بەراستی روویداوە و رووداوەکە بەمجۆرەیە:
لەنێوان ساڵانی 1992 بۆ 1995 کۆمەڵێک کەسی دەوڵەمەند لە رۆژانی پشووی هەفتە بۆ کات بەسەربردن و خۆشی خۆیان چوونەتە شاری ساراییڤۆی بۆسنە بۆ کوشتنی خەڵکی سڤیل بە پارە، بەڵام بە نرخی جیاواز.
ئەو کەسانە خەڵکی ئەمریکا، رووسیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژئاوای تێدا بووە و زیاتر لە 100 هەزار دۆلاریان لەبەرامبەردا داوە.
نرخی کوشتنی منداڵ گرانترین بووە، دوای ئەویش پیاوان، ژنان، ئینجا کەسانی بە تەمەن، کە ئەمان بە بێبەرامبەر کوژراون. گەشتیارە بکوژەکان چەکی نیشانەشکێنیان بەکارهێناوە و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی خەڵکی سڤیلیان کوشتووە.
بۆ ئەوەی باشتر لە رووداوەکان تێبگەیت، دەبێت باسی ئەو جەنگە بکەم لە بۆسنە روویداوە. ساڵی 1992 کاتێک بۆسنە لە یۆگسلاڤیای ئەوکات جیادەبێتەوە و سەربەخۆیی رادەگەیەنێت، راستەوخۆ جەنگ بەرپا دەبێت و سربییەکانی نێو بۆسنە دژی دەوەستنەوە بە هاوکاری سربیا و کرواتیا.
هەر دوای هەڵگیرسانی جەنگ، ئابڵوقەی ساراییڤۆی پایتەختی بۆسنە دەدەن. ئەم شارە بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی مسوڵمانن و دواتر مەسیحی سربی و کرواتیین.
هەموو ئەوانەی باسمکرد لەلایەن رۆژنامەنوس و نووسەرێکی ئیتاڵی بەناوی ئیزیۆ و گاڤازینی بڵاوکراوەتەوە و بە دەستکەوتنی بەڵگەنامەی نوێ، دەستیکردووە بە تۆمارکردنی سکاڵایەکی یاسایی لەسەر ئەو هاووڵاتییە ئیتاڵییانەی لەو تاوانەدا بەشداربوون.
ئەو دەڵێت، کوشتنەکان هیچ هاندەرێکی سیاسی و ئایینیان لەپشت نەبووە، بەڵکو بکوژەکان کەسانی دەوڵەمەند بوون کە چوون بۆ ساراییڤۆ بۆ خۆشی خۆیان و پڕکردنەوەی حەز و ئارەزووەکانیان، ئەوکەسانە خولیا و ئاواتیان چەک بووە و لەوانە بوون بۆ گەشتکردن بۆ راو دەچن بۆ ئەفریقا و وڵاتانی دیکە.
بەپێی رۆژنامەی لا ریپەپلیکای ئیتاڵی، ئەم کەسە دەوڵەمەندانە لە رۆژانی پشووی هەفتە لە شاری تریستی ئیتاڵیاوە بە فرۆکە بەڕێکەوتوون بۆ یۆگۆسلاڤیای جاران و لەوێوە بە یارمەتی سربییەکان چوونەتە سەر قەدپاڵەکانی دەوروبەری شاری ساراییڤۆ بۆ کوشتنی خەڵکی سڤیل.
ئاژانسی ئانسای ئیتاڵی باس لەوە دەکات هەموو پرۆسەکە بە ئاگاداری هەواڵگری سربیا کراوە و ئەوان لە پشتی بوون، هەرچەندە سربیا ئەمە رەتدەکاتەوە. رۆژنامەی لا ریپەپلیکا دەڵێت، تەنانەت هەواڵگری ئیتاڵیاش ئاگاداری بابەتەکە بووە.
لە جەنگی بۆسنە کە زیاتر لە چوار ساڵی خایاند، ١١ هەزار کەس بە تۆپباران و نیشانەشکێن کوژران. کەسێکی رزگاربوو کە بۆ کەناڵی جەزیرە قسەی کردووە و ئەوکات تەمەنی تەنها نۆ ساڵ بووە، دەڵێت: ئەو راستیانەی تازە هەڵدراونەتەوە لای من جێی سەرسوڕمان نین چونکە رۆژانی پشووی هەفتە لە سارایڤۆ "زۆر مەترسیدار" بوون، ئەمە قسەیەش وەک ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی لەو رۆژانەدا خەڵکی زیاتر بە نیشانەشکێن کوژراون.
