(شيعه) لەناو بازنەی ترسی مان و نەمان!!

3 كاتژمێر لەمەوپێش
(سنوور دانان بۆ کورد و سونە!!)
دڵشاد مەجید
کاتێ مەرجعیەتی نەجەف ( سیستانی) هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکای بۆسەر ئێران بە ( دەستدرێژی و شەڕی زاڵمانە وەسفکرد و کۆشتنی سەرکردە سیاسی و ئاینەکانی ئێرانی بە هەنگاوێکی تاوانکارانە پێناسەکرد).
پێمانی ووت :- (هەرچەند ئێمە لەمەرجعیەت و سیاسەت جیاواز بین بەڵام چارەنووسمان وەک مەزهەب و پێکهاتە لەژێر هەڕەشەی مان و نەمانە.)
ئەم شەڕەی ئیسرائیل دژی ئێران و ئەو پلان و بەرنامەیەی دژی دەسەڵاتی زۆرینەی شیعە لە عێراق دارێژرابوو.
بووە ڕاچڵەکینێک بۆ شیعە، کە لەجاران زیاتر نەک تەنیا هێزە وەلایئەکانی سەر بەگروپی مقاوەمە، بەڵکو تەواوی پێکهاتەی شیعەی عێراق، بگەیەنێتە ئەو باوەڕو دەرئەنجامە، کە چارەنووسی مانەوەی شیعەی عێراق لەدەسەڵات، تەواو گرێدراوە بە چارەنووسی مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران.
شیعەکانی عێراق دوای (قەتول عامی) شیعەکانی سوریا. گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامە، بە نەمان و لەبارچوونی دەسەڵاتی شیعە لەئێران، ئەوانیش بەدەردی عەلەوییەکانی سوریا دەچن.
هەر ئەم هۆکارەکەشە نە مەرجعەیەت فەتوا دەدات ، نە حکومەتی عێراقیش بڕیار دەدات ، هێزەکانی ( حەشدی شەعبی) هەڵبەوەشێننەوە. بەڵکو دوای ئەم جەنگە و ئەو هەڕەشانە زیاتر پێدا دەگرن لە سەر مانەوەی ئەو ( هێزە عەقائیدەی) شیعە.
بۆیە لەمەودوا هەڵسکەوت و ڕەفتاری شیعە لە عێراق گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردادێت، وەک جاران سازش ناکەن و چاوپۆشیش لەهەمووشت ناکەن، بەتایبەتی لەبەرامبەر نەیارەکانیان وەک (کورد و سونە) توندتر دەبن.
🔹ئەمجارەیان شیعە بەهیچ شێوەیەک سازش لەگەل پارتی ناکەن، دەبێت پارتی و یەکێتی بەتەواوی مەرجەکانی عێراق ڕازی بن. ( جاران دەیانووت بەشێک لەنەوتەکە ڕادەستی سۆمۆ بکەن، ئەمجارەیان دەڵێن دەبێت تەواوی پرۆسەی نەوت تەسلیم بە بەغدا بکەن) ئەگەر حکومەتەکەی پارتی و قوباد ئەم مەرجانە جێ بەجێ نەکات، (یەک دینار )لەبەغداوە ڕەوانەی هەرێم ناکرێ.
🔹ئەم گۆڕانکاریانەش لە هەڵسوکەوتی حکومەتی بەغدا، یەکێک لەهۆکارەکانی لادانی سەرۆکی دادگای ئیتحادی بەرجەستە دەکرێ. چونکە ئەو سەرۆکەی پێشتووتر، بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەت و وەزارەتی دارایی عێراق، حکومەتی ناچارکرد مووچە بۆ هەرێم بنێرێت و لە مەسەلەی ( تەوتینی مووچەش) پاشەکشەی بەقەرارەکانی حکومەتی عێراق کرد.
بۆیە قۆناغی داهاتوو، قۆناغێکی سەختە بۆ حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی لەلایەک و بۆ سوونەکانی گرێدراویش بە پارتی و تورکیا ، هیچ ڕێگایەکی تریان نیە، جگە لەتەسلیمبوون.
🔹لەبەرامبەر تەسلیم نەبوونیش ، تەنیا ڕێگای شەڕ و ئاژاوانانەوەیان لەبەردەمە بۆ گوشار خستنە سەر بەغدا، ڕەنگە شەڕی ئەم چەند ڕۆژەی درۆنانەکان بەشێک بێت لەو پلانە؟؟
🔹خاڵێکی تر کە ترسی شیعەی عێراق و ئێرانی، گەورەتر کردووە، ئیسرائیل لە خستەڕووی پرۆژەی ئیبراهیمی، بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی ووڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل، هەرێمی کوردستان و بەشێک لەناوچە سوونەکانیشی خستۆتە ناو ئەو پرۆژەیە.
ئەمەش بەهیچ شێوەیەک قابلی قوبڵ نیە لای شیعەکان. بۆیە دڵنیابن ئەمجارە بەغدا بەجدیەتی و هیچ سازشێک لەگەل ئەو حکومەتەی پارتی و یەکێتی ناکات.
