قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئاڵنگارییەکان و مەترسییە گەورەکە

9 كاتژمێر لەمەوپێش




-  دەسەڵاتدارانی هەرێم، خۆیان فاوڵە گەورەکە.
-  مووچە، پرسێکی فرە ڕەهەند و کاریگەرییە دەرەکییەکان.
-  ڕۆڵی نێگەتیڤی بەشیک لە ئۆپۆزیسیۆن و بەشێک لە چالاکوانان.
قەوارەی هەرێم، چارەنووسێکی نادیار و ستراتیژێکی نیشتمانیی

تاریق فاتیح

ئاڵنگارییەکان و مەترسییە گەورەکە

ئەو ئاڵنگارییانەی هاتوونەتە پێش بۆ قەوارەی هەرێم زۆرن، لە کێشانەوەی دەزگا کارگێڕییەکانەوە لەلایەن حکومەتی بەعسەوە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تا دەگات بە دوو گەمارۆ ئابوورییە قورسەکە "نێودەڵەتی و عێراقیی". هەروەها شەڕی ناوخۆیی و دابەشبوونی هەرێم بۆ دوو زۆن تا دەگات بە هێرشە سەربازیی و بۆمبارانە ناوبەناو و بەردەوامەکانی دەوڵەتانی داگیرکاری دەوروبەر. 
ئاڵنگارییە مەترسیدارەکە و هەڕەشە وجودییەکەی دواهەمینیان بۆ هەرێمی کوردستان، چەند ساڵێکە دەستیپێکردووە و قۆناغ بە قۆناغ و لەسەرخۆ، سڕینەوەی بوونی قەوارەکەی کردووەتە ئامانج، ئەویش پرسی نەوت، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی خەڵکی کوردستانە. 

دەسەڵاتدارانی هەرێم، خۆیان خەتاباری سەرەکی
بە درێژایی تەمەنی هەرێمی کوردستان، دوو هێزە دەسەڵاتدارە حوکمڕانەکەی کوردستان، سەرچاوەی نەوەکو تەنها گەندەڵی بوون لەنێو دەزگا کارگێڕیی، داراییەکان و سەرچاوەکانی داهات، بەڵکو تەواوی دەزگا گشتییەکانی کۆمەڵگاشیان ئالوودە کرد بە هەمان دەرد و دواتر گەندەڵکردنی کۆمەڵگا و گەندەڵکردنی هەست و بیرکردنەوەی تاکە کەسەکان. 

ئەو مۆدێلە حوکمڕانییەی دەسەڵاتداران کە مۆدێلێکی ناوازەیە لە گەندەڵیی هەمەلایەن، هەست و بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد و کۆمەڵگایان ئاڕاستە کردووە بەرەو بێباکیی و نابەپرسیارێتیی لە ئاست نیشتمان و دۆزی ڕەوای مرۆڤی کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان. ئەو شێوە ژیانە شاهانەییەی دەسەڵاتداران بە کەسوکار و نەوەکانیانەوە، تاکە کەسەکان و کۆمەڵگای کوردستانیان بەرەو بێباکیی لە ئاست چارەنووسیی قەوارەی هەرێم و لاوازیی هەستی نیشتمانپەروەریی بردووە. 

مووچە، پرسێکی فرە ڕەهەند و کاریگەرییە دەرەکییەکان
مافێکی هەرە سادە و ڕەوای فەرمانبەران، مووچەخۆران و خانەنشینانی کوردستان، مووچەکەیانە. بەڵام ئەم پرسە وەکو چەندەها پرسی دیکە، ڕەهەندی جیاوازی پێوە گرێدراوە. مووچە بە بودجە و نەوتی هەرێمەوە گرێدراوە. 

پرسی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە دەستپێکەوە پرسێکی ناڕوون و پڕ گەندەڵی بووە و ئێستاش لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، بە تەواوی بووەتە قاچاغچیێتییەکی ڕووت و ئەمەش پرسەکەی هێندەی دیکە ئاڵۆز و ناڕوون کردووە. 
دەسەڵاتدارانی هەرێم هەر ماوەیەک و ژمارە و داتای جیاواز لەبارەی داهاتی ناوخۆ، داهاتی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی فرۆشتنی نەوت بە قاچاغ، بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی ڕادەگەیێنن. هاوکات، ژمارەی مووچەخۆران و بڕی پارەی پێویست بۆ مووچە، چەندین جار گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە لە داتاکانی حکومەتی هەرێم بۆ حکومەتی ناوەندیی. لێرەوە متمانەی خەڵک و حکومەتی ناوەندیی بە ژمارە و داتاکانی حکومەتی هەرێم بەردەوام لە کەمبوونەوەدایە. 

پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتننامەکانی نێوان هەردوولا یەکێکی دیکە لە کێشەکانە. 
دەسەڵاتدارانی بێباک و نابەرپرسیار لە ئاست ژیانی خەڵکی کوردستان و چارەنووسی قەوارەی هەرێم، ئەوەی بۆیان گرنگە لە پرسی بودجە، مووچە و داهاتی نەوتیی و نانەوتییدا ئەوەیە پارێزگاریی لە گەندەڵییە زەبەلاحەکەیان بکەن و ئەو سەرچاوە بەردەوامەی داهاتیان بۆ بمێنێتەوە.

عێراق و هەرێم، دوو جوگرافیای پڕ لە دەستوەردان و کاریگەرییە ناوچەیی و دەرەکییەکانن. هەر وەکو چۆن دوو حزبە حوکمڕانەکەی هەرێم لەژێر هەژموونی دوو دەوڵەتی دەوروبەر "تورکیا و ئێران" دان. بەهەمانشێوە عێراقیش لە ژێر هەژموونی توندی ئێراندایە. واتا پرسەکە خاڵی نییە لە دەستوەردانی دەرەکیی.
بەو پێیەی دەسەڵاتدارانی بەغدا بە کاریگەری مەزهەبیی و پشتگیریی هەمەلایەنەی سیاسیی، سەربازیی و دارایی لە ژێر هەژموونی ئێراندان بە تایبەتی چوارچیوەی هەماهەنگیی کە دەسەڵاتداری بڕیار بەدەستی حکومەتی ناوەندیین. بۆیە لە پرسی مووچەدا، ڕۆڵی نێگەتیڤی ئێران نکوڵی لێناکرێت. ئێران بە چەندین هۆکاری جیاواز خواستی بچووککردنەوە و لاوازکردنی هەرێمی کوردستانی هەیە. 

ڕۆڵی نێگەتیڤی ئۆپۆزیسیۆن و چالاکوانانی مەدەنی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان، ئۆپۆزیسیۆنێکی یەک بەرەیی، هاوئاهەنگ و یەکگرتوو نییە. بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن و هەندێک لە چالاکوانانی مەدەنیی، شەڕکردنیان لە دژی دەسەڵاتدارانی گەندەڵی هەرێم، لە خراپترین ئەڵتەرناتیڤ و مەترسیدارترین چارەسەردا، بەرجەستە کردووە. بەڕاددەیەک هەندێک لە شرۆڤەکاران ناویدەنێن ڕێگەچارەی خۆکوژییانە، کە ئەویش سکاڵاکردنە زۆر و بەردەوامەکانیانە لە دادگای فیدراڵی، وەزارەتی دارایی و سەرۆکایەتی حکومەتی ناوەندیی. ئەوانە بە ئاگاوە بێت یان بێئاگا بەشێک بوون لە هۆکارەکانی لاوازبوونی قەوارەی هەرێم و بنکۆڵکردنی. 

هەندێک لایەنی سیاسیی لەپێناو زیاترکردنی دەنگی خۆیان لە هەڵبژاردنەکاندا و هەندێکیش لەپێناو بوون یان بوونەوە بە ئەندام پەرلەمان، شکۆمەندیی نەتەوەیی خۆیان و ستراتیژی نیشتمانیی قەوارەی هەرێمی کوردستانیان فەرامۆش کرد. 
واتا چۆن حکومەتی هەرێم "دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە" و دەوڵەتانی دەوروبەر هۆکاری لاوازبوونی هەریم بوون، هەروەها هەندێک چالاکوان و هێزی ئۆپۆزیسیۆنیش ڕۆڵێکی خراپیان گێڕاوە و هۆکارێکی دیکەی لاوازبوونی زیاتری هەرێم بوون. 

دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە کە هەر یەکەیان لە ژێر هەژموونی دەوڵەتێکی داگیرکاری دەوروبەردایە و ئەوەش لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان کاریگەریی زۆر خراپی هەبووە و یەکگرتوویی و بەهێزیی هەرێمی کوردستانی بنکۆڵ کردووە، هەر بۆیە گرنگە هیچ لایەنێکی سیاسیی و هیچ تاکەکەس و چالاکوانێک هەمان شێوازی مامەڵە و پەیوەندیی نەگرێتە بەر کە ئەویش پەنابردنە بەر بەغدایە. گرنگە لە شەڕکردن لە دژی گەندەڵیی و ستەمکاریی دەسەڵاتداراندا، شەڕی قەوارەی هەرێم و لاوازکردنی نیشتمان نەبێتە ئامانج. 

دەسەڵاتدارانی بەغدا بەهۆی ئەو هەموو کەلەبەر و درزە گەورانەی لە پێکهاتەی سیاسیی کوردستان و بۆشایی نێوان دەسەڵاتداران و خەڵکدا هەیە کە لە ڕێگەی سکاڵا و هاتوچۆی چالاکوانان و هێزی ئۆپۆزیسۆنەوە و کۆبوونەوەی ئاشکرا و نهێنیی بە گروپ و بە تاکە کەسیی، گەیشتن بەوەی کە لە ڕێگەی فشاری ئابوورییەوە دەتوانن هەرێمی کوردستان بگەیەنن بە بنبەست و ئەمەش ئەگەر نەگات بە ڕووخان و هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەوا بە دڵنیاییەوە هێندە لاوازی دەکات کە حکومەتی ناوەندیی بتوانێت هەموو دەسەڵاتی خۆی لەسەر هەموو ئاستەکان بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت. 

پوختەی بابەت  - ستراتیژێکی نیشتمانی

گرنگە هەر تاک و لایەنێکی کوردستان لە جوڵە سیاسیی و یاساییەکانی خۆیان و هەر جۆرێکی فشار و چالاکی مەدەنیی و سیاسیی، بە ووردیی تێرابمێنن و بیربکەنەوە چونکە دەشێت هەر هەنگاوێک چەند ئاسایی و سادە دەردەکەوێت بەڵام قورس و سەخت لەسەر قەوارەکە بکەوێتەوە. دەسەڵاتداران و ئۆپۆزیسیۆن، دەڕۆن و بەڵام خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێم دەمێننەوە. قەوارەی هەرێم، قەوارەی خەڵکی کوردستانە نەوەکو دەسەڵاتدارانی نابەرپرسیار و گەندەڵ.

هەرێم کە گەیشتووەتە ئەوپەڕی لاوازیی خۆی، گرنگە هیچ کەسێک لە ویژدان و ئاگایی خۆیدا ڕیگە بە خۆی نەدات ڕۆڵی حەسەن خەیریی و مەلا ئیدریس بەدلیسیی بگێڕێت. هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی نیشتمانیی خەڵکی کوردستانە و شوناس و کەسێتیی یاسایی و دەستووریی هەر تاک و گروپێکی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، ئیتنیکی و مەزهەبیی کوردستانە. گرنگە وەکو ستراتیژێکی نیشتمانیی پارێزگاریی لە مانەوەی بکرێت. گرنگە هەڵوێست و هێز و تواناکان بخرێنە خزمەتی مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان. 
لە لایەن هەندێک لە دەزگاکان و کەسایەتییەکانەوە، پێشنیارێک لە پێکهاتن و گەڵاڵەبووندایە کە تێیدا داواودەکرێت لە بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی، وەکو مەرجەع و سەرۆکی حزبە گەورە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم، لە جوڵەیەکی سیاسیی نیشتمانییدا، گشت لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت کۆمەڵێک لە کەسایەتییە سیاسیی و ئەکادیمییەکان و ئایکۆنە ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتییە نیشتمانییەکان بانگهێشت بکات و لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا گفتوگۆی هەموو لایەنەکانی دۆخی هەنوکەیی هەرێمی کوردستان بکەن و پڕۆژە بڕیارێک و کۆمەڵێک ڕاسپاردە گەڵالە بکەن وەکو نەخشە ڕێگای دەربازکردنی قەوارەی هەرێم لەو تەنگژەیەی تێیکەوتووە و تێیدا پابەندبوونی هەموو لایەن و کەسایەتییەکان بە بڕیارنامە و ڕاسپادەکانەوە بخرێتە ڕوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار