كێشەی مووچە & كێشەی نوێنەرایەتی كورد لە بەغدا

10 كاتژمێر لەمەوپێش
مامۆستا جەعفەر
تكایە ! تكایە ! تكایە !
كەس وا تێنەگات من دەمەوێت داكۆكی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەم . ئەوە خۆیان سەدان میدیاكاریان هەیە . من یەكەم رۆژی دروست بوونی كابینەی نۆیەم ، لە دوو كەناڵی ئاسمانیدا بەڕاشكاوانە گوتم : بریا ئەم حكوومەتە حكوومەتێكی تەكنۆكرات بوایە . باشیش دەمزانی بۆ وا دەڵێم . من تەنیا لە بەرژەوەندی گەلی كوردەوە دەدوێم و دەنووسم . هەرچیش نەیرانی گەلی كورد دەیڵێن با بڵێن !
گەلی كورد نوێنەرایەتی لە بەغدا بۆچییە ؟
پتر لە دوو مانگە مووچەخۆرانی هەرێم ، مووچەیان وەرنەگرتووە . هەموو چركەیەك بەدەم برسێتی و نەداریەوە دەناڵێنن . بێگومان دەسەڵاتدارانی ئێرە لەڕووی داراییەوە ئەو ئازاریان پێناگات . سەرجەم نوێنەرانی كورد لە بەغداش سادەترین ئازاریان پێناگات . ئەوەی ئازاری راستەقینە دەچێژێت و قوڕدەپێوێت مووچەخۆرانی هەرێم و كاسبكارانی مایەپووچكراوی بازاڕی شارەكانی هەرێمە .
بوونی نوێنەرایەتی كورد لە بەغدا ، هەر لە سەرۆك كۆمارەوە تا دوا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، بوون و نەبوونیان لای ئێمە وەكو یەك وایە .
ئێوە بەگشتی نەتانتوانیوە دەوری نوێنەری گەل : بە توركی ( میللەت وەكیلی ) بگێڕن . پاژێكتان لە دادگای فیدرالی شكاتان لە ئیدارەدانی ئێرە كردووە . پاژێكی ترتان راپۆرتی دارایی وردتان پێشكەشی سەرۆك وەزیرانی بەغدا كردووە ( ئەمە قسەی خۆتانە) . ئایا ئامانجی ئێوە ئەوە بوو ; گەلی كورد برسی بكەن و وردوخاشیان بكەن یان سیاسەتی خوارولاری حكوومەتی هەرێم راستبكەنەوە ؟ ئەوەی ئێوە كردوتانە ، پەندە عەربییەكە پڕ پێستیەتی : ویستی چاوی بڕێژێت كوێری كرد ( راد یكحلها عماها ) ئەوەی ئێوە دەیكەن هاڕینی ئێسك و پروسكی خەڵكی ئەم هەرێمە و هەوڵی تێكشكاندنی هەرێمە .
گریمان بۆ نموونە : سروە عەبدلواحید و سۆران عومەر دەڵێن : ئێمە لە قازانجی هاووڵاتی هەرێم ئەم ژاوەژاوە لە بەغدا دەكەین . ئەوە دوو مانگە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەهاتووە ، ئێوە چیتان كردووە ؟ ئاوی سارد دەخۆنەوە و دڵتان ئیسراحەتی كردووە ؟ بۆ ئەم دوو مانگە ، یان پێش ئەوەی كار لە كار بترازێت ، دەورێكی ئەرێنیتان بە قازانجی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان نەگێڕاوە ؟
من پێمباشە : بە زووترین كات هێزە سیاسیەكانی هەرێم ، بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق نەكەن . با كەس لە بەغدا نوێنەرمان نەبێت . ئەوەی چۆتە بەغدا تەنیا خەمی خۆی بووە و بۆ خۆی كاری كردووە . دیارە هەندێكیان بازاڕیان بە جوێندان بە هەرێم برەوی پەیدا كردووە و دەسكەوتیان هەبووە .
ئۆپۆزسیۆن باشترین هەلی لەبەردەم دا بوو ، داكۆكی لە خەڵك بكردایە لە مافی رەوای مووچەخۆرانی هەرێم بكردایە .
هەرێم نەمێنێت ، خەڵكی عەرەب ئێوە بە شایانی ئەوە نازانێت ئێوەمانان رەوانەی پەرلەمان بكات .
باقر جبر الزبيدي وەزیری پێشووتری ناوخۆی عێراقی ، سەردەمی نوری مالیكی ، لەبەردەم كەناڵێكی ئاسمانیدا گووتی : دووسەد و نەود ملیارد دۆلاری ئەمریكی دیار نەمابوو . ئەو كاتە بۆ نوێنەرانی كورد ورتەیان لێوە نەهات ؟ پێرار دزی سەدە كرا 2,5 دوو ملیارد و نیو دۆلار ئەمریكی دیار نەما بۆ نوێنەرانی كورد لە بەغدا هیچ لە دەمیان دەرنەچوو ؟
بەدرێژایی بیست و دوو ساڵی رابوردوو ،
سەرجەم تیمی نوێنەرایەتی كورد لە بەغدا چی كردووە ؟ جوان نییە ناوەكان یەك یەك بنووسم ، كە هەندێكیان چوار ساڵ لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بوون و یەك حەرف لە دەمی نەترازاوە ، ئیدی
نوێنەری چی وكەزی چی و چاوی چی ؟
بەسە بەس ! با ئەم مەهزەلە بێتامە كۆتایی پێبێت !
با كەس لە بەغداوە بازرگانی بە چارەنووسی ئێمەوە نەكات . با هیچ چڕوچاوێك لە كەناڵە ئاسمانییەكانەوە جارێكی تر دەرنەكەونەوە . ئەوەی لە ئێوە بینیمان بەشی هەزار ساڵمان دەكات !
هاووڵاتی : مامۆستا جەعفەر
ئەندامی یەكێتی نووسەرانی جیهان PEN
ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی
02.07.2025
