تێگەیشتن لە دەسەڵاتدار

دوێنێ
هۆمەر محەمەد
خاڵی هاوبەشی سەرۆکەکان، جا هی خێڵ بن یان ھی حزب و دەوڵەت (بەسوک تەماشاکردنی خەڵکە) شەڕ و ئاشتبوونەوەیان بەڵگەیە، کە بێگوێدانە خوێنی هەژاران، شەڕ هەڵدەگیرسێنن و لە ئاشتبوونەوەشدا، دەست لە ملی یەک دەکەن و یەکتر ماچ دەکەن و بەدەم یەکترەوە دەتریقێنەوە.
کەچی هەژاران وەک چاویان بۆ بینین و گوێیان بۆ بیستن نەبێ، پەندی لێ وەرناگرن، هەزاران ساڵە بکوژو کوژراوی مەیدانی شەڕن، لە ئاشتی نێوانیاندا نەگبەتترین زوڕناژەنی برایەتی و لە شەڕیشدا کەوا سوری بەرلەشکرن!
مرۆڤی باش پەلاماری ئەویدی نادات بە بیانوی ئەوەی نەیاری حزب و سەرۆکە. ئەوە دەخاتە خانەی ماف و جیاوازی بیروڕاوە. سەرۆک و دەسەڵاتداران لە سەرەوە دوژمنی یەک نین. دوژمندارییەکە لە خوارەوەیە، هەژارەکانن لەکەوڵی مرۆڤ بوونی خۆیان دەچنە دەرەوە و دەبن بەشتیکی تر، هێندەی دەلوێت یەکتری سوک و ڕیسوا دەکەن.
لە بیرمانە و بینیمان سەرانی بەرەی کوردستانی لەو شاخە چەند کوردیان بەکوشتدا.. یادەوەرییە تۆمارکراوەکانی خۆیان پڕە لەڕاستی تاڵ، بۆسە دانان و شەڕ و تیرۆر و تێکبەربوون بۆ (هەژاران) و (داوەت و خواردنەوەی گرانبەها) بۆ مەراسیمی ئاشتبوونەوەی خۆیان. خوێنی بەهەدەرچووی خەڵکیش بۆ فەرامۆشی.
ئەمە تایبەت نییە بە سەرۆک و دەسەڵاتداری حزبی کوردی. لە دوای ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ کە بەعسیەکان لە کوردستان چۆکیان شکابوو، سەرانی بەرەی کوردستانی بێ گوێدانە خوێنی شوێنکەوتووەکانیان و ئەو هەموو قوربانیانەی فەیلیەکان و بارزانیەکان و ئەنفال و کیمیاباران چوون بۆ بەغدا و بەبەرچاوی کامێرای هەموو جیهانەوە بە تاسەوە لەگەڵ سەدام و تاوانبارانی دی. یەکتریان لە باوەشگرت و یەکتریان ماچ کرد..!! (بەلۆژیکی ئەوان ئەمە سیاسەت و دبلۆماسییەتە) بەڵام بە دیدی من بەسوک تەماشاکردنی ژیان و خوێنی خەڵکە. ئەوە بۆ سەدام و بەعسیەکانیش هەر ڕاستە.
چ لە ئاگر بەست و گفتوگۆ باشترە. بەڵام ئامێزگرتنەوە پەیامێکی ڕوونە، نەک هەر بۆ کورد بۆ تەواوی عێراقیەکان ئەویش ئەوەیە خوێنی (سەربازەکان و جاشەکان و پێشمەرگەکان و جێنۆسایدکراوان) و هەموو ئەوانەی زیانی گیانی و ماڵییان بەرکەوتووە بەهای ماچ و ئامێز و بەرژەوەندی سەرۆکەکانی نیە. بەدیدی ئەوان خەڵک بەها و مافی ئەوەی نییە سنور بۆ هەڵسوکەوتی سەرۆک دابنێن. شەهید و جەنگاوەر دەبێت گیانفیدای سەرۆک بن (نەک هی نیشتمان) جا بانیشتمان پەروەریش بن، مادام شوێنکەوتووی سەرۆک نین تاوانبارن.
عێراق قیبلەی کورد نییە. قەوارەیەکی دژە کوردە.
هەرگیز عێراق قیبلەی کورد نییە بەڵکو هی حزبەکان و دەسەڵاتدارانە، سەرۆک و دەسەڵاتداران رۆژێک بەگیان داکۆکی لێدەکەن و ڕۆژێک دژایەتی دەکەن. ڕۆژێک بانگەشەی جیابوونەوە لە عێراق دەکەن و ڕۆژێک ئەوانە بەخائین ناودەبەن کە داوای جیابوونەوە دەکەن. هیچ کاتێکیش جیابوونەوەیان نەویستووە چونکە ئەو ڕاستیە دەزانن. ئەگەر قەوارەی هەرێم نەبێت ئەوانیش نازو نیعمەتیان نە لە هەرێم و نە لە عێراقیش نامێنێت. چ ئەوانەی گوایە داکۆکی لە هەرێم دەکەن و چ ئەوانەی دژن باش دەزانن ئەگەر کارتی کوردبوون نەبێت عەرەبی سوننەو شیعە بە شایانی موچەی وەزیر و پەرلەمانیان نازانێت. مەگەر وەک سەردەمی بەعسیەکان ببنە پیاوی حزب و لەبری قاتی زەیتونی بپۆشن، عەمامە لەسەر یان ببەستن.
دەوڵەتی عێراق قەرزداری کوردەکانە. هێشتا قەرەبووی خوێنی سەدان هەزار شەهید و جێنۆساید و ڕوخاندنی گوند و وێرانکاریی نەداوەتەوە. نەدانی موچە بەفەرمانبەرانیش تاوانێکی ترە. ئەگەر عێراق رێزی دەوڵەتداری خۆی بگرتایە لەیەکەم مانگی موچە برینەوە چاوپۆشیان لە دەسەڵاتدارانی هەرێم نەدەکردو بەشە مووچەیان لە بودجەی گشتی هەرێم جیادەکردەوە و قایل نەدەبوون هاوڵاتیان ئەو ستەمە گەورەیان لێ بکرێت. ئەگەر بەچاوی دوژمن تەماشای کورد ناکەن با مافی رەنجی فەرمانبەران تێکەڵ بە کێشەی خۆیان نەکەن. بەڵام عەقڵییەتی ئاخوندەکان و ئەفەندییە کۆنە بەعسیەکان ئەوەیە بەبەرچاوانەوە.
کوشتارێک بەبێ خوێن ڕژان.
ئێستا مەرگێکی شێنەیی کورد لەڕێیە بەبێ خوێنڕشتن. ئەوا بۆ سێ مانگ دەچێت فەرمانبەرانی هەرێم، هەقی کارەکانیان (مووچە)یان وەرنەگرتووە. پێشتریش نزیکەی ١٨ مانگیان خوراوە واتا ساڵ و نیوێک بە بێگار کاریان پێکراوە. میللەتێک داوای مافی خۆی لە سەرۆک و وەزیرو گزیرو (پەرلەمانکار) دەکات. کەچی باکیان بە ناڵەو ئازاریان نییە. ئەمە هەم لەروی ئەخلاقییەوە و هەم لەروی یاساییەوە تاوانە، ئەم بەدڕەفتارییە لە دەسەڵاتدارانی عێراقدا کورت نابێتەوە، ئاوەکە دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕشتویانەو پێش شیعەکان و سوننەکان ئەزموونیان کردووەو مووچە بڕینیان فێری ئەوانیش کرد.
خەیاڵ پڵاوی بەغدا
ئەوانەشی خۆشخەیاڵ بوون بە ئاخوندو ئەفەندییەکانی عێراق، بەهاریان لە خەڵک هێنابووە چۆکان. هەر دەنگێکیان تەخوین دەکرد، ئەگەر بیگوتایە چارە لەلای دادگای فیدراڵی و دەوڵەتی عێراق نییە و دەسەڵاتدارانی شیعەو سوننە نەیارن فریاد ڕەس نین. ئەوەتا میللەتێک بەبەرچاوی مەلاو ئاخوندو ئەفەندییەوە دەمرێت و مویان ناجوڵێ. (نوێنەرانی كورد) ڕاستترە بڵێین نوێنەری خێڵ و بنەماڵەکان لە بەغدا. بێباک و بێ غیرەتن. مەگەر بۆ چاوبەستەو گەمەی سیاسی قسەی بێ بەها بکەن. دەنا هەڵوێستیان نەچووەتە سنورێکەوە بەرژەوەندییان بخاتە مەترسییەوە لەبەغدا.
ئەگەر نوێنەری کورد بوونایە لەسەرۆک کۆمارەوە بۆ کارمەندێکی پلەنزم. عێراقیان بەجێدەهێشت، گومانی تێدانیە ئەگەر تاک تاکەش هەبن وەها هەڵوێستێک بنوێنن ئەوا حزب و سەرۆکەکانیان رێگەیان نادەن.
بۆیە بوون و نەبوونی (نوێنەرانی كورد لە بەغدا..!!)، بەهایەکی لای خەڵکی کوردستان نییە جا سەرۆك بن یان وەزیرو گزیر و پەرلەمانکار. ئەوان هەرچییەک بن لە چاوی خەڵکەوە جگەلە کاسبی ماڵی خۆیان و گوێ لەمستی سەرۆک شتێکی تر نین.
