دژی دەسەڵاتدارانی هەرێمیت یان دژی قەوارەی هەرێم ؟

8 كاتژمێر لەمەوپێش



هۆمەر محەمەد 

دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، نەک ئەمڕۆ لە مێژە فەشەلیان وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە، بۆیە شایانی پشتیوانی نین، بەڵکو مافی هاونیشتمانیانە ڕەتیان بکەنەوە. چونکە نە ئیدارەیەکی باشیانداوەو نە ڕێزیان لە مرۆڤی کوردو شوناسی کوردبوون و قوربانیدانیان گرتووە.
 
بەڵام کوردستان نیشتمانی ئێمەیە، ڕاستە دەسەڵاتداری کورد وەک هەر داگیرکارێک و بگرە دڵڕەقانەتر مامەڵەیان لەگەڵ هاونیشتمانیان کردووە. بەتایبەتیش ئەگەر دەربارو شوێنکەوتووی خۆیان نەبێت ئەوا کەمتر لە هاوڵاتی پلەسێ و بگرە خوارتریش تەماشایان کردووە.

بەم حاڵەشەوە خۆشخەیاڵ بوون بە دەوڵەتی عێراق جۆرە گێلێتیەکە، ئەنجامەکەی باش نابێت چونکە زەمینە ساز دەکات بۆئەوەی دەوڵەت فاشیانەتر مامەڵەمان لەگەڵدا بکات و دەستی ستەمکاریی شیعە لەسەر کورد درێژتربێت. بۆیە ئەگەر عەرەقخۆریت ئەوا لە ژێر دەسەڵاتی شیعەدا دڵنیابە دەبێت لە ئەشکەوت و پەناو پەسیودا عەرەقەکەت هەڵقوڕێنیت. ئەگەر ئیمانداری سووننە مەزهەبیت ئەوا شیعەکان هەر بەسوکایەتی پێکردنت داناسەکنێن بەڵکو دەبێت چاوەڕوان بیت بەدرێل کەللەی سەرت کون بکەن و بەکۆسەرە قۆڵت ببڕنەوە، وەک چۆن لەم ساڵانەی رابورد سووننەکانیان بەو دەردە برد. وابزانم پێویست ناکات نمونەش لەسەر دەسەڵاتداری سووننە بهێنینەوە بیبابانەکان پڕن لە گۆڕی بە کۆمەڵی کورد و شیعە. دڕندایەتی داعشیش بەبەرچاوانەوەیە. 

ئێستا کەشیعە دەسەڵاتدارن ئەگەر هەرێمیان بکەوێتە دەست لە باشترین حاڵەتدا وەک ئاخوندەکانی ئێران دەبن، کە رۆژانە کوردی رۆژهەڵات لە سەر بیروڕای سیاسی لە سێدارە دەدەن. 

بۆیە چار و ناچار پێویست بە خۆڕێکخستنێک دەکات دژی دەسەڵاتدارانی هەرێم و ملپێکەچکردنیان بۆ هەرێمێکی شایان بە مرۆڤ لەوەش زیاتر شایان بە (کوردبوون) چونکە کورد قوربانی زۆری داوە بۆ ژیانێکی ئازادو شکۆمەندانە.. 

رۆژگار ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساندین کە دەسەڵاتی سووننەو سەدامی لە کۆڵکردینەوەو رزگارمان بوو، بەڵام ئازاد نەبووین ..!  چونکە ملکەچی زاڵمی تربووین، بیرمان نەچێت (ڕزگاربوون و ئازادبوون دوو چەمکی جیاوازن) هەروەک چۆن ئێمە لەدەست سەدام رزگارمان بوو بەڵام ئازاد نەبووین چونکە بە چەپلە کوتان و دەنگدان و ئاوەدانکردنەوەی سەنگەرەکانی شەڕی ناوخۆو بێدەنگ بوون لە ملهوڕییەکانی جووت حزبەکە ئەم دۆخە نا ئازادەت خوڵقاندووە. 
ئەوەندە بفامە دەسەڵاتدار ئامانی نییە، هەتا بۆی شلکەی ئەو زیاتر لێت توند دەکات. 

باش دەبێت ئەگەر قسەیەکی د. عەلی وەردی وەبیر بهێنمەوە ئەو ڕای وایە
عێراق هەرگیز ئارامی بەخۆیەوە نابینێ چونکە : "خەڵک فێرنابن زوڵم بگۆڕن ئەوان هەر زاڵم دەگۆڕن و زولم لە شوێنی خۆی دەهێڵنەوە." هەر جارناجارێک ئەم زاڵم لادەبەن و بەدەستی خۆیان زاڵمێکی تر دەهێنن سیستمی ستەمکارییەکە بەرێوەبەرێت. ئەمە بۆ کوردستانیش هەروایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار