٨ی تەممووز، ڕۆژە ڕەشەکەی یەکێتیی

8 كاتژمێر لەمەوپێش
تاریق فاتیح
ئەمڕۆ یادی ڕۆژێکی تاریکە لە مێژووی یەکێتیی و کایەی سیاسیی کوردستاندا. یادی ٨ ی تەممووزی چوار ساڵ پێشتر، ڕۆژی بەرجەستەبوونی ڕۆحی خێڵ و زاڵبوونی لۆژیکی هێزی ڕووت بوو. ڕۆژی دابەشبوونی مێژووی یەکێتییە بۆ مێژووی پێش و دوای ٨ ی تەممووز.
گرنگە ڕێکەوتێکی وەکو ٨ ی تەمموز بە لەیادنەکراویی لە یادەوەریی گشتییدا ڕابگرین، بۆ ئەوەی هەم بیسەلمێنین کە یادەوەریمان باش کاردەکات و هەم مێژوو و ڕووداوەکانی بکەینە دەستمایەی تێگەیشتنێکی قووڵتر و فراوانتر لە داهاتوو.
یەکێتیی وەکو هێزێکی نوێی ڕۆشنگەر لە دوای نسکۆی شۆڕشەوە لەسەر دەستی گروپێک لە خەڵکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر دامەزرا. یەکێتی دابڕانێکی گەورە بوو لەو کەلەپورە درێژە خێڵەکیی و هۆزگەراییەی کە هەژموونگەر بوو بەسەر کایەی سیاسیی و خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستانەوە.
گوتاری نیشتمانییانەی یەکێتیی و عەقڵییەتی بەڕێوەبردنی وەکو نێوەڕۆکە نوێخواز و ڕۆشنگەرەکەی هەروەها پەیکەری دامەزراوەیی و پێکهاتەی ڕێکخراوەییەکەی وەکو فۆڕمێ حزبێکی سیاسیی مۆدێرن، دابڕانێکی قووڵ بوو لەو مێژووە درێژ و دێرینەی ڕۆحی خێڵ و کولتوری هۆزگەرایی کە ڕەگەکانی لە کایەی سیاسییدا چەقیبوون.
هەموو پلە و دەسەڵاتدارێتییەکی ئەندامانی سەرکردایەتیی بەرئەنجامی کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانی بوو. بڕیار و ڕاسپاردەکانی لە کۆدەنگیی و بنکەیەکی فراوانی ئەندامانی سەرکردایەتییەوە بوو. یەکێتیی بە عەقڵییەتیکی نوێخواز و بە ڕۆحێکی دیموکراتیکەوە دەیتوانی ئەو هەموو ناکۆکییە دەروونیی و کێشە ناوەکییانەی ناوخۆی یەکێتیی چارەسەر بکات و لە بەڕێوەبردنی ململانێ ناوخۆییەکانیدا پەنای دەبردە بەر هێزی لۆژیک و گفتوگۆی شارستانیی و ڕەوایەتی دەنگدان.
لە دوای کۆچی دوایی مام جەلال "ڕۆحی شاد" یەکێتی لەلایەکەوە توانیی، وەکو هێزێک کە هەردەم توانای نوێبوونەوەی هەبوو، خۆی نوێبکاتەوە و هەروەها فۆڕمێکی تری سەرکردایەتییکردن و بەڕێوەبردن ئەزموون بکات، کە ئەویش هاوسەرۆکیی بوو.
لە تێگەیشتنی عەقڵییەتی خێڵەکییەوە حزب وەکو کاڵایەک بۆ خاوەندارێتییکردنە لەلایەن سەرۆک و کەسی یەکەمەوە. لە دوای مەرگ یان هەر جۆرێکی نائامادەبوونی سەرۆک لە لوتکەی دەسەڵاتدا، خۆبەخۆ وەکو هەموو ماڵ و موڵکەکەی، خاوەندارێتییکردنی دەگوازرێتەوە بۆ کوڕ و نەوەکانی. یەکێتی لە ٨ ی تەمووزدا بە تەواوی ئەم مامەڵەیەی لەگەڵ کرا. کوڕانی مام جەلال، وەکو ماڵ و موڵکی کەسیی و تایبەتیی، مامەڵەیان لەگەڵ یەکێتیی بە هەموو دەزگا و دامەزراوە و ئەندامان و کادێران و سەرکردایەتییەکەیەوە کرد.
لە ٨ ی تەممووزی ٤ ساڵ لەمەوپێش، ڕۆژە ڕەشەکەی یەکێتییدا، هێزی ڕووت، هێزی چەک، زاڵ بوو بەسەر هێزی لۆژیک و ڕەوایەتییدا. ڕەوایەتیی هەڵبژاردنی دەزگایی و ڕێکخراوەیی. ڕۆژی ٨ ی تەمموز، ڕۆژی کودەتایەک بوو کە بە پلانێکی دەرەکیی و ناوچەیی و ناوخۆیی چنرا بوو.پلانەکە لە ئاستێکدا ناوچەیی بوو لە ترسی ئەو گوتار و ڕۆحە نیشتمانیی و کوردستانییە بەهێزەی کە یەکێتیی ئەدای دەکرد بە تایبەتی لەلایەن شێخ لاهور جەنگییەوە. پلانەکە لە ئاستێکی تریدا ناوخۆیی و کوردستانیی بوو کە ترس بوو لە هێزی نوێی خاوەن ئیرادەی یەکێتیی و گوتارە نیشتمانیی و کوردستانییەکەی.
٨ تەمووز، ڕۆژی جیاکردنەوەی نێوان دوو مێژووە لە یەکێتییدا. هێڵی جیاکردنەوەی مێژووی پێش ٨ ی تەمووزە لە نوێخوازیی و ڕۆشنگەربوونی یەکێتیی، ڕەوایەتیی و دەزگاییبوونیی یەکێتیی بە پرەنسیپ و نۆڕمە سیاسییە مۆدێرنەکانەوە. مێژوویەکیش لە دوای ٨ ی تەمووز، مێژووی کودەتا و زاڵبوونی هێزی چەک هەروەها لەدەستدانی ڕەوایەتیی و لەناوچوونی ژیانی دەزگاییە. ٨ ی تەمموز هێڵێکە لە نێوان دیموکراتییبوون و سیاسەت بە لۆژیکی دنیای مۆدێرن و شارستانیی کە دەکەوێتە پێش ئەو ڕێکەوتە و دیکتاتۆرییەت و خۆسەپاندن بە لۆژیکێکی خێڵەکییانە و ناشارستانیی لە دوای ئەو ڕێکەوتەوە.
بە داخەوە، لە کودەتای ٨ ی تەمموز و ڕۆژانی دواتر تا بە ئێستا دەگات، یەکێتیی بەو هەموو دەزگا و پێکهاتە فراوانەیەوە، بەو هەموو ئەندام و کادێرەوە، بەو هەموو پلەدارە سەربازیی و حکومییەوە، بەو هەموو ئەندامە لە دەزگا باڵاکانی سەرکردایەتیی و مەکتەبی سیاسیی، بە گشتیی زۆرینە بێدەنگییان هەڵبژارد لە ئاستی خۆسەپێنیی و زاڵکردنی لۆژیکی هێز و چەک بەسەر لۆژیک و هێزی ڕەوایەتیی هەڵبژاردن و دەزگاییدا. بەداخەوە بێدەنگیی بوو بە هەڵوێستیی ئەو ئاپۆڕا گەورەیە لە ئاستی بە بنەماڵەییکردن و بە موڵکایەتییکردنی حزبێکی سیاسیی خاوەن مێژوو. بێدەنگ بوون لە ئاستی لادانی هاوسەرۆکە هەڵبژێردراوە فەرمییەکەیان، شێخ لاهور، کە بەرجەستەبوونی دەنگ و ئیرادەی ئەوان بوو. بێدەنگ بوون لە ئاستی زاڵبوونی ڕۆحی خێڵ و عەقڵییەتی بنەماڵەیی بەسەر گوتاری نیشتمانیی و کوردستانیی و عەقڵییەتی ڕۆشنگەریی و نوێخوازییدا.
