لە نێوان ئەردۆگان وئۆجەلان دا: ڕێکەوتنێکی مێژوویی یاخود گەمەیەکی سیاسی

6 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردنی: دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد
دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ pkk لە ئایاری ٢٠٢٥ بڕیارییدا دەستبەرداریی خەباتی چەکداریی ببێت ولەهەنگاوێکی چارەنوسسازدا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. ئەم بڕیارەش دوای بانگەوازەکەی ڕێبەری حزب ئاپۆ هات، کە لەزیندان نامەیەکی ئاڕاستەی سەرکردایەتی حزب و ڕێکخستنەکان وجەماوەریی حزبەکەی کرد.
ئەم بانگەوازەی ئاپۆ ئاماژەگەلێکی سیاسی وئەمنی قوڵیی لە نێوخۆیی تورکیا وناوچەکەش هەیە بە عێراق وئێرانیشەوە کە دوو دەوڵەتی هاوسنوریی تورکیان، PKKش قوڵایی چەکداریی وڕێکخستنی لە نێو هەر دوو وڵاتدا هەیە.
خوێندنەوەکانی نێوخۆیی تورکیا
ئەم هەنگاوەی pkk لەلایەن ناسیۆنالیستەکان بە سەرکەوتنی ستراتیژی دەوڵەت دادەنرێت، دوای ئەوەی ماوەی زیاتر لە چوار دەیەیە دەوڵەت بە هەموو شێوەیەک دژ بە pkk و حزب وڕێکخراوە کوردییەکانی نزیک لەو حزبە جەنگێکی بە ئاگر وئاسن بەرپاکردووە.
بەڵام لە نێوخۆی تورکیاش دەنگی ئاشتی وپێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی ئەم هەنگاوە بە کارێکی ئەقڵانی دادەنێن، هەروەها ناوەندی ستراتیژییەکانی تورکیا بەئاگان لەو باهۆزیی گۆڕانکارییەی لەڕۆژهەڵاتی ناوڕاست ڕوودەدات بەتایبەتی لەدوای هەڵهاتنی بەشار ئەسەد و کوشتنی سەرکردەکانی حزب الله ولەم دوییەشدا جەنگی ١٢ ڕۆژەی ئیسڕائیل ئێران.
ستراتیژیی ئەردۆگان
ئەردۆگان بەشێوەیەکی پراگماتیکی مامەڵە لەگەڵ ئەم پڕۆسەی ئاشتییەدا دەکات، ئەگەرچی تائێستا ئامادەنییە وشەی تیرۆر لە حزبەکە بکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی ودەرەکییدا میراتێکی گەورەی سیاسیی جێبهێڵێت.
لەسەرئاستی ناوخۆیی دەیەوێت خۆی وا نیشان بدات لەسەر دەستی ئەردۆگان کێشەی کورد چارەسەر دەکرێت، ودەیەوێت ئەو بارە قورسە ئابوری وئەمنییەی بەهۆی جەنگی کوردەوە دروست بووە کەم بکاتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ژێرخان وسامانی سروشتی لە تورکیا بەگشتی ناوچە کوردنشینەکان بەتایبەتی وەبەرهێنانی تێدابکرێت. لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت دەنگی لایەنگرانی دەم پارتی مسۆگەر بکات بۆ هەموارکردنەوەی دەستور بۆ ئەوەی ماوەی ویلایەتەکەی درێژ بکاتەوە.
لەڕووی دەرەکی ئەردۆگان دەیەوێت هەژموونی تورکیا فراوانتر بکات، وپەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا تۆکمەتر بکات، و لەبەرامبەر ڕوسیا وئێران ئەگەر باڵادەست نەبێت هاوسەنگی ڕاگرێت.
چارەنوسی چەک وگەریلا
پرسی چارەنوسی چەک وگەریلا خاڵێکی ئاڵۆزی پڕۆسەی ئاشتییە، بە گوێرەی هەندێک لە ڕاپۆرتەکان گوایە لەژێر چاودێریی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان لەهەرێمی کوردستان چەکەکان ڕادەست دەکرێن. بێگومان ئەمەش هەروا ئاسان نییە، چونکە ڕەنگە هەندێک بەبێ هیچ گرەنتییەک ئامادە نەبێت چەکەکەی دابنێت.
سەبارەت بە چارەنوسی گەریلا تائێستا چارەنوسیان نادیارە، دەنگۆی ئەوە هەیە ئەوانەی ڕەگەزنامەی بیانیان هەیە بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانی خۆیان. یاخود لێبوردنی گشتییان بۆ دەربکرێت، ئەمەش هەروا کارێکی ئاسان و سوک نییە بۆ تورکیا، کە ڕەنگە پڕۆسەی ئاشتی توشی مەترسی بکات.
لێکەوتەکانی خۆهەڵوەشاندنەوەی pkk لەسەر عێراق وئێران بێگومان ئەم بڕیارەی pkk کاریگەریی لەسەر هەر دوو وڵاتی هاوسنوری تورکیا دروست دەکات کە ئەوانیش عێراق وئێرانن. سەبارەت بەعێراق دەبێت تورکیا ئەوە بزانێت کە بنکە وبارەگای سەربازیی زۆریی هەیە لە هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەگەر pkk چەک دابنێت پێویستە تورکیا بارەگاکانی بکشێنێتەوە، ئەگەرچی هەندێک لە خوێندنەوەکان بۆ ئەوە دەچن تورکیا ئامادە نییە بارەگاکانی کەم بکاتەوە یان بکێشێتەوە، چونکە تورکیا وەک باسمان کرد دەیەوێت هەژمونی ئیقلیمی خۆی فراوانتر بکات، لەبەرامبەردا عێراق ئەم هەنگاوەی pkk بە بڕیارێکی دروست لە قەڵەم دا چونکە دەبێتە مایەی سەقامگیرکردنی ئاسایشی ئیقلیمی.
سەبارەت بە ئێران، ئەگەرچی پەیوەندییەک لەنێوان ئێران و pkk دا هەبوو بەڵام ئێران کۆنتڕۆڵی کردبوون، ئەمەش بۆ ئەوەی هیچ گرفتێکی لەگەڵ تورکیای درواسێدا بۆ دروست نەبێت. ئەم بڕیارەی pkk کاریگەری لەسەر هێزە کوردییە ئێرانییەکانیش دەبێت، بەڵام جۆرێک لە جۆرەکان ئێران ئەم هەنگاوە بە هەلێک دەزانێت پەیوەندییەکانی خۆی زیاتر بەهێز بکات، و هەوڵیش بدات هەژموونی خۆی لە عێراق و سوریا فراوانتر بکات.
بەڵام لەبەرامبەر ئەم هەنگاوەی pkk دەبێت چاکسازیی گەورە لە دەستوریی تورکیا ئەنجام بدرێت، مافی کورد وەک دووەم نەتەوە بچەسپێت، چیتر کورد بە هاوڵاتی پلە دوو وتورکی شاخستانی نەناسرێت.
