لە ئەشکەوتی جاسەنەوەوە بۆ باکوری کوردستان

20 كاتژمێر لەمەوپێش
فارس نەورۆڵی
ئەشکەوت تەنیا شوێنێکی ڕەق و تەق نیە بەڵکو سیمبوڵێکی ناو ئاینەکان و فەلسەفەیشە، لەدەقە پیرۆزەکان و فەلسەفەی کۆندا ئەشکەوت خاڵی وەرچەرخانە، لەتاریکییەوە بەرەو ڕووناکی.
لە ئاینی ئیسلامدا دەقێکی قورئانی بەناوی هاوڕێیانی ئەشکەوت هەیە چیرۆکی کۆمەڵە کەسێکی خاوەن باوەڕو ئازادیخواز باس دەکات کە لەبەهۆی بێ باوەڕ و ستەمکارەکانەوە بۆ پاراستنی بەهاو باوەڕەکەیان بۆ ماوەی سێ سەد ساڵ چونەتە ئەشکەوتێکەوە، دوای گۆڕانکارییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتداریەتی ئەو سەردەمە هاتوونەتە دەرەوە دەبینن جیهان زۆر گۆڕاوە.
هەروەها ئەشکەوتی حەڕا لەلای موسڵمانان جێگایەکە بۆ ڕزگاری. لەئاینی زەردەشتیدا ئەشکەوت شوێنی دەرکەوتنی ڕوناکی بووە بۆ ڕزگاری لە تاریکی... لەکولتووری مەسیحیدا ئەشکەوت جێگای خۆ کەنار گرتنی ڕاهیبەکان و سۆفیەکان بووە بۆ خۆ دوورگرتن لەژیانی مادی و نزیک بونەوە لەخودا، بۆ پاککردنەوەی ڕۆح.
لە فەلسەفەشدا ئەشکەوت مانایەکی قووڵی هەیە، لەفەلسەفەی یۆنانی کۆندا ئەفلاتون لە کتێبی کۆماردا بەخەیاڵ جیهانێک دروست دەکات، گروپێک لەناو ئەشکەوتێکدان و تەنیا سێبەری شتەکان دەبینن، دواتر یەکێکیان دێتە دەرەوە و خۆر دەبینێ ئیتر هەوڵی هاتنە دەرەوەی هەموویان دەدات.
لەمێژووی کورددا ئەشکەوت هەرپەناگەیەک نەبوو بەڵکو جێگایەک بووە بۆ خۆ ڕێکخستنەوە، ئەشکەوتی جاسەنە دوای بەریەککەوتنی شێخ محمود و ئینگلیزەکان، شێخ محمود ئەشکەوتی جاسەنە دەکاتە پەناگەو جێگای خۆ ڕێکخستنەوە و دەرکردنی ڕۆژنامە و پیشاندانی هێزی کورد.
ئێستاش هەڵبژاردنی ئەشکەوتی جاسەنە بۆ یەکەم دەسپێکی چەکدانانی پەکەکە لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا و شێوازی هاتنە دەرەوە لەئەشکەوتەوە دواتر گەڕانەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکە جگەلە ئامانجی سیاسی مانایەکی فەلسەفی هەیە، هاتنە دەرەوەی ئەو گەریلانەی کوردانی باکور لەئەشکەوتی جاسەنەو بینینی کوردانی باشور لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و ئەحزابی سیاسی و میدیای کوردی باشور هێزێک و مانایەکی زیاتر دەدات بەپرۆسەکە، دواجار دەرچون لەئەشکەوت لەم قۆناغەدا ڕێگایەکە بەرەو گەشتن بە ئامانجێک کە سەردەم قبوڵی جۆری دەرچون و جوڵەکان بکات بەرەو ئەقڵانیەت، بەڵام هیوادارم وەک بابایی دەڵێ دەرچون لەئەشکەوت وا نەبێت (تورکەکان: ژەهرت پێدەدەن و پێت دەڵێن ئەم ژەهری ئاشتییە بنۆشە!
ئێرانییەکان: شەربەتی ژەهراویت پێدەدەن و لە شەو و ڕۆژێکدا دەبی بە پارێزەری یەکپارچەیی خاکەکەیان!
عەرەب: بێجگە لە ئەنفال و برسیکردن شتێکی دیکە نازانێت!
کورد: مێشکی پڕ دەکات لە خەیاڵانی خاوی برایەتی و چاوی پڕدەکات لە وێنەی کەرتەشیی ئاودار تا بناگوێی و شاگەشکەیی دایدەگرێت.
کورد گوتەنی: من مردوو و ئێوە زیندوو ئاوێنەکە دەشکێ و ڕاستییە پووچەکان دەردەکەون، لە ئێستادا هیچ کەس بڕوا بەوە ناکات پاشامان ڕووتە، منداڵیی ئێمە "سفربوونەوە"یە، ئیدی لەو دەمەدا تێدەگەین لەنێو ئەم چەند حەیوانەدا کێ گوێی کورتە و کێ گوێی درێژ. بەو هیوایەی کورد لەم گۆڕانکاریانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست بەتاڵ لێی دەر نەچێت و جارێکی دیکە پێویستمان بەگەڕانەوە بۆ ئەشکەوت نەبێت دواجار کورد هەنگاوی بۆجێبەجێ کردنی پرۆسەکە هەڵگرت بابزانین تورک چی دەکات وچی دەڵێت ... بە دیوەکەی تریشدا دەرچوون لە ئەشکەوت و گەڕانەوە بۆ ناو شار و کۆمەڵگا ئەوە پیشانی تورک و دەسەڵاتەکەی دەدات کە کورد زۆرباش دەتوانێت هەم بە شۆڕش و بە ئاشتیش ببێتە پارێزەری نەتەوەکەی... لە ئەشکەوتەوە بۆ شار تەنیا نیشاندانی یەک وێنە و یەک مێژوونیە بەڵکو تەواوکەری هێزی گەلەکەیەتی بۆ پێکەوە ژیان و ڕاگەیاندنی بوونی خۆی... لە ئەشکەوتی جاسەنەوە بۆ باکوری کوردستان لە شۆڕشەوە بۆ کایەی سیاسی وەڵامێکی مێژوویە تا تورکەکان هەست بکەن کورد بە هێزی سەربازی و زەبروزەنگ لەناو ناچێت و نەخشەی جەنگ دژبە کورد بۆ نەیارەکانی شکستی خواردووە بۆیە دەکرێ ئیتر شارەکان ببنە هۆکاری ململانیە بۆ پێکەوە ژیان و برایەتی.
