كوژانەوەى ئەستێرە سوورەكان: دەربارەى چەكدانانى پەکەکە

7 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوار محەمەد

یەك: مێژووى خەباتى سەدەى بیست مێژووی "چەکهەڵگرتن" بوو؛ ئومێدێكى زۆر بەوە هەبوو كە "چەك" ئامرازى گۆڕینى مێژوو، هەلومەرجێكى كۆمەڵایەتى، دۆخى چەوساندنەوەى نەتەوەیى بێت. لەو قۆناغە و لە ئامادەیى یەكێتیى سۆڤیەتدا "كڵاشینكۆف"، لەپاڵ کۆمەڵێک چەکی بەڕێژەیی گەورەترەوە، بوو بە باشترین و بەربڵاوترین چەكی دەستی گروپە خەباتكارەکان. سیمبولەکانی وەکو "گیڤارا" دروست بوون. بەڵام "دەوڵەت"، كە خەباتەكە دژى هەڵدەگیرسا، چەكى زیاتر، گەورەتر و مەترسیدارترى هەبوو (وەكو تانك و فڕۆكە)، بەڵام هێشتا جیاوازیى نێوان خەباتگێڕان و دەوڵەت هێندە گەورە نەبوو كە سەركەوتن بەسەر دەوڵەتدا ببێتە مەحاڵ. لەوەدا چۆنیەتى و شوێنى خستنەگەڕى چەكەكانیش ڕۆڵى دەبینى. 

لە ئێستادا جیاوازییەكانى ئەو دوو بەرەیە زۆر گەورە بوون، یەكتێى سۆڤیەت هەڵوەشاتەوە، زۆرینەى خەباتەكانى سەدەى بیست یان سەركەوتن و ئەزموونى باش و خراپیان لێ پێكهات، یان سەركوتكران، یان بەرامبەر داننان بە هەندێ مافدا گەیشتنە ڕێكەوتن لەگەڵ دەوڵەتەكان و كۆتایی خۆیان ڕاگەیاند. 

نموونەى ئەمەى دواییان لەم دە ساڵەى كۆتاییدا فارك و پڵنگەكانى تامیل و گروپە چەكدارەكانى نارگۆنۆ-قەرەپاغ بوون. ئێستا "پەكەكە"ش بڕیارى چەكدانان و دەستپێكردنى "خەباتى مەدەنى" دا. ئەمە بۆ ئەوانەى بڕوایان بە خەباتى چەكداییە، دڵتەزێن و نۆستالژییە. 

لەدواى ئەمە ئەو هێزە دەرە-دەوڵەتییانەى لە ناوچەكەدا دەمێنێتەوە، چیتر سەر بە پارادایمى خەباتگێڕە پێشكەوتنخوازەكان نین، بەڵكو گروپە ئیسلامییە تووندڕە و تیرۆریستییەكانن: میلیشیا شیعەكان، قاعیدە، حوسى و حەماس و هتد. 

دوو: ئەوەى لەم پرۆسەیەدا نامێنێت، تەنیا چەكەكان نین، بەڵكو ئەستێرە سوورەكانیشن كە ماوەى سەد ساڵە لە هێڵى خەباتدا پێكەوە هەن. گروپەكانى خەبات و بە تایبەت خەباتگێڕە سۆسیالیست و ئینتەرناسۆنالەكان، لە سەرانسەرى جیهاندا سیمبولى ئەستێرەى سووریان هەبووە، هەر لە شۆڕشى ئۆكتۆبەر و سوپاى سوورەوە تاوەكو ئاڵاى پەكەكە. ڕەنگە ڕیشەى ئەم سیمبۆلیزەكردنەى ئەستێرە بگەڕێتەوە بۆ ئەستێرەناسى، بەڵام بێگومان لە ئایینەكانیشدا ئەستێرە ڕەمزێكى گرنگە، بۆ نموونە لە مەسیحییەتدا دەگێردرێتەوە كە كاتێك سێ ساحیر/حەكیم/پاشاكە (كاسپەر، میلكیۆر و بالتازار) پێشنبینى لەدایكبوونى مەسیح دەكەن، لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو بەیتلەحم دێن و لە گەشتەكەیاندا ئەستێرەیەك ڕێنماییان دەكات تاوەكو سەر ئەو تەویلەیەى كە مەسیحى تازە لەدایكبووى تێیدا دانراوە. مەسیح ئومێدى ڕزگاریى مرۆڤایەتى بوو. ئەستێرەى سووریش لە خەباتدا سیمبولى ئومێدە، ئەستێرەى ڕێنیشاندەرە بەرەو ئامانجەكانى خەبات، بەرەو لەدایكبوونى "دۆخێكى نوێ" یان بەرەو ڕزگارى. 

سێ: بۆ پەكەكە، ئۆجالان ئەو كەسەیە كە ئەسترۆنۆمى دەزانێت و لە نهێنیى ئەستێرەكان تێدەگات، دەزانێت چ مزگێنی یان شوومییەكیان پێیە و كامەش ئەستێرەى ڕێنیشاندەرە؛ ئەو خۆى گەر بە وردیش نەزانێت بۆ كوێ دەچێت، كە ئەستێرەى ڕێنیشاندەری ناسییەوە، متمانەى پێ دەكات و دواى دەكەوێت. لە چل ساڵى ڕابردوودا، ئۆجالان بە پەكەكەى گوتبوو دواى چ ئەستێرەیەك بكەون، دەشیزانى لەو ڕێگایەدا و بۆ مانەوەش لەسەر ڕێگاكە پێویستیان بە "چەك" هەیە. ئێستا دواى نزیکەی نیو سەدەى خەبات ئەستێرەكە لە هەنگاوەكانى ئامانجەكەى بردە پێش، بەڵام بەر لەوەى بگاتە "شوێنى خۆى" كوژایەوە. ڕەنگیشە هەر لەو شوێنەدا كە كوژایەوە، ئەوێ شوێنى خۆى بێت و هەر لە سەرەتاوە تا ئێرە "بەڵێن"ـى هاتنى دابێت. 

چوار: لەگەل ئەوەشدا دەزانین كە چەك هیچ كات تەنیا "تفەنگ، بۆمپ، فڕۆكە و هتد" نییە؛ چەك هەر شتێكە كە دەكرێت ببێت بە چەك، واتە لە دۆخى پەكەكەدا هەر شتێكە كە بۆ نموونە ببێت بە ئامرازى "خەبات". لەبەرئەوەیە ژیل دۆلۆز زۆرجار بەشێوەى ئیمپارەتیڤ ئەو گوتەیەى خەباتگێڕی ئەمریكى "جۆرج جاكسۆن" دووبارە دەكاتەوە دەڵێت: "هەڵى، بەڵام لە هەڵهاتنتدا بەدواى چەكێكدا بگەڕێ". مەبەستیش لەوەیە شتانێكى زۆر هەن كە دەتوانن ببن بە چەكى هەڵهاتن لە دەوڵەت، بە چەكى چوونە دەرەوە لە دەوڵەت و لۆژیكى دەوڵەت تەنانەت لەنێو دەوڵەتیشدا. دۆلۆز ناو لەمە دەنێت "نائاگایى شۆڕشگێڕى". نائاگایى شۆڕشگێڕى بەو جۆرە كار دەكات كە لە هەر ساتێكى دیاریكراودا هەر شتێك بگۆڕێت بە "چەك"ى بەرەنگارى و ئەم چەكە هەمەجۆرانەش پێكەوە ببەستێتەوە. چەكى بزووتنەوە بەرەنگارییە نوێیەكان، لە ڕووى تیۆرییەوە، تەنیا "تفەنگ" یان ئەو ئامێرەى تەقە دەكات، ئەو ئامێرەى دەتوانێت "بكوژێت" نییە، تفەنگ بەشێكە لە تۆڕەكە. گەر پەكەكە، لەدواى "چەكدانان"، زۆر شت نەكات بە چەك و  خۆى نەكات بە تۆڕێك كە لە ڕۆژئاواى توركیاوە تا قەندیل بگرێتەوە، ئەوا بە ئەگەرى زۆر ئەوەى پێى دەوترێت "پرۆسەى ئاشتى" بە قازانجى توركیا و زیانى كورد دەشكێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار