چیرۆکە تازەکەی پەکەکە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
نما ناوپردانی
لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، کورد بەگشتی شێوازێک لەتێکۆشانی پەیڕەو کردووە بۆ داواکردنی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، ئەویش خەباتی چەکداری بووە.
ئایا دەکرێت دوای ئەو هەموو ساڵانە، دوای ئەو هەمووو گۆڕانکاریە جیهانی و ناوچەییانە، کورد هەر لەسەر هەمان شێواز و ڕێباز درێژە بە تێکۆشانی خۆی بدات؟
بە دڵنیاییەوە نەخێر، دەبێ کوردیش هاوشانی گۆڕانکاریەکان بڕوات و ئەگەر توانای ڕێکردنیشی نەبێت لەگەڵیاندا پێویستە خۆی بگونجێنێت بۆ قۆناغێکی دیاریکراو.
پرۆسەی ئاشتی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، پێداویستی بابەتیانەی قۆناغ و گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە و جیهانە، دوای نزیکەی نیو سەدە لە خەباتی چەکداری و پارتیزانی.
ئەگەر بەراوردێکی سادەی نیو سەدە تێکۆشانی چەکداری پەکەکە بکەین لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە و ناو تورکیاش، سەدان گۆڕانکاری لەزۆربەی بوارە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکاندا ڕوویداوە، ئایا دەکرێت هێزێکی سیاسی هەر لەو بازنەیەدا بخولێتەوە بێ لەبەرچاوگرتنیان !
پرۆسەکە دوو لایەنە ، بووەتە پێویستیەکی مێژوویی بۆ قۆناغی ئێستا و بەدەریش نییە لە کەم و کوڕی، بەڕێز ئۆجەلان لە بانگەوازە ڤیدیۆییەکەدا یەکێک لەو خاڵانەی ئاماژەی پێدا، داوایکرد ڕەخنە و پێشنیارەکانتان ئاراستەی ئێمە بکەن دەربارەی پرۆسەکە و بەهەندیان وەردەگرین، کەواتە پرۆسەکە درێژخایەنە و هەموو کەسێکی خەمخۆری ئاشتی و پێکەوە ژیان مافی بەشداری هەیە بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە و بەردەوامیدان تا گەیشتن بە ئامانجەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیدا.
ناکرێت سەردەم سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکردبێت و دوژمنەکەشت هەمووی لەبەردەستدابێت بۆ شەڕی تۆ و تۆش هەر کڵاشینکۆفەکەی سەت ساڵ لەمەوپێشت بەشانەوەبێت، دەبێ خەڵک لە خەیاڵی هەندێک ئەفسانە و نوسراوی نێو چیرۆکەکان بێتە دەرەوە و هەڵسەنگاندنێکی مەنتیقیانە بۆ دۆخەکە بکات، خۆ سیاسەت و تێکۆشان هەر بریتی نیە لە خەباتی چەکداری، ئەوەتا بە تەنیشت خەباتی چەکداریەوە ئاشتیش هەیە، دبلۆماسیەتیش هەیە، فەلسەفە و نەخشە ڕێگا هەیە.
جگە لەوەش پەکەکە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، وێڕای خەباتی چەکداری لە تورکیا، سەدان دامەزراوەی فەرهەنگی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری لە دەرەوەی تورکیاش بنیات ناوە، هەر ئەو دامەزراوانەش بوون هێزی زۆریان داوەتە پەکەکە و بەرگەی گرتووە و گەیاندوویەتە ئەو قۆناغەی ئێستای، بۆیە چەکدانانی پەکەکە و خۆ هەڵوەشاندنەوەی مانای ئەوە نیە کە کۆتایی بە چیرۆکەکە هاتووە، بەڵکو ئێستا سەرەتای چیرۆکێکی تازەیە.
