ئۆجالان بۆچی لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا باسی ئینتیگراسیۆن دەکات؟

11 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕزگار شەوکەت

ئینتیگرەیشن(integration) یانی یەکخستن، تەواوکاری و بەیەکەوە گرێدان و ئاوێتە کردن، ئەم چەمکە لە ئەوروپا هەندێک جار بۆ دۆخی پەنابەر بەکار دەهێنرێت، بریتییە لە سیاسەتی دەوڵەت بۆ گرێدان و ئاوێتەکردنی پەنابەران لەگەڵ ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگایەی کە پەنابەرەکەی تێدایە، وەک جۆرێک پەیوەستکردن بە کۆمەڵگاوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا چیتر وەک تەنێکی نامۆ مامەڵە لەگەڵ پەنابەر نەکات و لە خۆی بگرێت.

تورکیا ویستی کورد بتوێنێتەوە، نەکرا، ئێستا کورد لە تورکیا سەرەڕای هەموو کێشەکانی ژیاوەتەوە، بەڵام بە دیدی ئۆجالان ئەمە بەس نییە، کورد دەبێت چیتر کەنار نەگرێت، وەک بزنی شاخ شکاو دوور نەگرێت، بەڵکو بخزێت و بکشێت بۆ ناو سیستەم و دام و دەزگای فەرمانڕەوایی تورکیا.

دیارە پەیامی ئینتیگراسیۆنی ئۆجالان بۆ تورک و کوردیشە، با نموونە بە ئەزموونی هەردوو نووسەری کتێبی (بۆچی نەتەوەکان شکست دەهێنن) بهێنینەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە پەیامەکەی ئاپۆ تێبگەین، هەردوو توێژەر( دارۆن ئاسمۆگلۆ و جەیمس ڕۆبینسۆن) باسی دوو جۆر دەزگای ئابووری و سیاسی دەکەن کە بەرپرسن لە شکست و هەستانەوەی نەتەوەکاندا.

دوو دەزگاکە ئەم دوو جۆرەیە:
(inclusive and extractive institutions)

ئینکلوسیڤ بە کورتی واتا لە خۆگر یان کۆگیر، ئەو جۆرە دەزگا ئابووری و سیاسییە کە قۆرخکار نییە و دەیەوێت زۆرترین بەش و لایەنی کۆمەڵگا لە چالاکی ئابووری و سیاسیدا بەشدار بێت، دەزگای ئابووری و سیاسی وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ئەمریکا و یابان و ئەڵمانیا لەم جۆرەن.

ئیکستراکتیڤ یانی داگوشەر، هەموو سەروەت و دەسەڵاتی کۆمەڵگا قۆرخ دەکات، دایدەگوشێت و دەیخاتە خزمەت گرووپ، یان دەستە و ئۆلیگارشییەکی دیاریکراو، زۆرینە لە ئیمتیاز بێ بەش دەکات و دەریدەپەڕێنێت، ئەمیش بۆ کۆکردنەوە و گووشینی سەروەتی سرووشتی و ناسرووشتی وڵات بۆ ئەو دەستە دەستڕۆیشتووە.

جا ئۆجالان لە ڕێگای چەمکی ئینتیگراسیۆنەوە دەیەوێت بە تورکیا بڵێت، قۆرخکار و دەستبەسەرداگر مەبن چوون ئەوە سیفەتی شکستخواردوو ترین وڵاتانی ئەفریقا و ئەمریکای لاتین و هەرێمی کوردستانە، لە خۆگر و کۆگیر بن چوون ئەوە تایبەتمەندی وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیایە، بە کوردیش دەڵێت چاوەڕوانی خوڵک مەبن دوورمەگرن و بچنە پێشەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار