شەڕی شی جینپینگ دژی گەندەڵی

3 ڕۆژ لەمەوپێش



هەڵۆ حەسەن 

کاتێک شی جینپینگ لە کۆتایی ساڵی 2012 بوو بە سەرۆکی چین و سکرتێری گشتی پارتی كۆمۆنیستی چین، کەمپەینی بەرفراوانی دژی گەندەڵی دەستپێکرد کە بەناوبانگە بە کەمپەینی "پڵنگ و مێشوولە"، کە لەو کاتەوە بووەتە نیشانەی سەرکردایەتییەکەی و هێمای ئیرادەی چین بۆ گەڕاندنەوەی یەکپارچەیی لەناو سیستەمی سیاسی خۆیدا.

کەمپەینی "پڵنگ و مێشوولە" چییە؟

“پڵنگ و مێشوولە” (بە شێوەیەکی باو بە “پڵنگ و مێش”یش ناودەبرێت) مەتافۆرێکە کە شی جینپینگ بەکاری دەهێنێت بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی هیچ کەسێک زۆر بەهێز نییە بۆ ئەوەی لە سزای گەندەڵی ڕزگاری بێت. 

لەم چوارچێوەیەدا پڵنگەکان ئاماژەیە بۆ بەرپرسانی پلە باڵا و نوخبە بەهێزەکان، لەوانەش ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی سەر بە دەوڵەت،مێشوولە ئاماژەیە بۆ بەرپرسانی خوارەوە کە کردەوەکانیان، هەرچەندە لە قەبارەدا بچووکترن، بەڵام ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەیە،بە ئامانجگرتنی هەردووکی، هەڵمەتەکە ئامانجی پاککردنەوەی سیستەمەکە بوو لە سەرەوە بۆ خوارەوە،شی جینپینگ بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە گەندەڵی مەترسیی جودی لەسەر داهاتووی چین دروست دەکات. 

لێدان لە پڵنگەکان

هەڵمەتەکە ڕێبازێکی بوێرانەی گرتەبەر بە شوێنکەوتنی هەندێک لە کەسایەتییە بەهێزەکانی سیاسەتی مۆدێرنی چین. "پڵنگ"ە دیارەکان،ژۆو یۆنگکانگ- سەرۆکی پێشووی ئاسایش و ئەندامی لیژنەی هەمیشەیی مەکتەبی سیاسی،بۆ شیلای- سکرتێری پێشووی چۆنگچینگ،لینگ جیهوا- یاریدەدەری باڵای سەرۆکی پێشوو هو جینتاو،سون ژێنگکای- كە بە جێنشینێکی ئەگەری شی دادەنرا.ئەم کەیسانە جیهانی سیاسییان تووشی شۆک کرد و نیشانیان دا کە هیچ پلە و پایەیەک پارێزبەندی نیە.

مێشوولە

لە کاتێکدا سەرنجی میدیاکان لەسەر کەسایەتییە باڵاکان بوو، بەڵام هەڵمەتەکە سەدان هەزار بەرپرسی ئاستی خوارەوەی کردە ئامانج. لەوانە سەرۆکی گوندەکان، سەرکردەکانی شارۆچکەکان، ئەفسەرانی پۆلیس و کارگێڕانی قوتابخانەکان کە خەریکی بەرتیلدان، گەندەڵی، لایەنگری، یان خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بوون،کەمپەینەکە هەوڵیدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەو گەندەڵییە ببێتەوە کە هاوڵاتیان زۆرترین ئەزموونی دەکەن، بەمەش ڕەزامەندی و متمانەی گشتی بەرزتر كردەوە،بەرپرسان نەک تەنها ڕووبەڕووی دەرکردن و لێپێچینەوە بوون بەڵکو ڕووبەڕووی شەرمەزارکردنی گشتی و قەدەغەکردنی گەشت و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانیش بوونەتەوە،کەمپەینی "پڵنگ و مێشوولە" یەکێکە لە هەوڵە گەورەکانی دژە گەندەڵی لە مێژووی نوێدا. بووەتە هۆی لێکۆڵینەوە یان سزادانی زیاتر لە چوار ملیۆن بەرپرس لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا،بۆ سەرۆک شی جینپینگ، گەندەڵی "شێرپەنجە" بوو کە دەیتوانی چین لەناو ببات. ئەم هەڵمەتە، لە زۆر ڕووەوە، بۆتە هێمای دیدگای ئەو بۆ چینێکی بەهێزتر،هەڵمەتی پڵنگ و مێشوولە تەنیا بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی نەبوو- بەڵكو دووبارە داڕشتنەوەی بنەڕەتی کولتوری سیاسی چین بوو. كە توانی سیستەمێکی حوکمڕانی لەسەر بنەمای دەستپاکی و دیسیپلین و متمانە بنیات بنێت.

کەمپەینی "پڵنگ و مێشوولە" دژە گەندەڵی چین لە سەردەمی سەرۆک شی جینپینگدا سەرنجی جیهانی ڕاکێشا- نەک تەنها بەهۆی قەبارەکەیەوە، بەڵکو بەهۆی کاریگەرییەکانی لەسەر دیسیپلینی سیاسی و متمانەی گشتی. ئەمەش پرسیارێکی گرنگ بۆ ئەو وڵاتانە دەوروژێنێت کە نوقمی گەندەڵین: ئایا دەکرێت مۆدێلێکی هاوشێوە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکرێت؟،هەردوو عێراق و هەرێمی کوردستان گەندەڵی ڕەگداکوتاو لە ئاستە جیاجیاکانی حکومەتدا. 

لە بەرپرسە باڵاکانەوە کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی تا دەگاتە کارگێڕە ناوخۆییەکان کە خەریکی بەرتیلدان و لایەنگرین، ئەو تەحەدایە تا ئێستاش وەک بەربەستێکی جددی لەبەردەم حوکمڕانی و گەشەپێدان و متمانەی گشتیدا دەمێنێتەوە،لە کاتێکدا پێکهاتەی سیاسی چین جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە، بەڵام بیرۆکەی سەرەکی لێپرسینەوە لە هەردوو بەرپرسی باڵا و لاوەکی- کە لە مەتافۆری "پڵنگ و مێشوولە"دا هێما کراوە- وانەگەلێک پێشکەش دەکات کە شایەنی لێکۆڵینەوەیە،ئەزموونی چین ئەوەمان پێدەڵێ کە چۆن ئیرادەی سیاسی درێژخایەن دەتوانێت چاکسازییەکی مانادار بباتە پێشەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار