دوو ژن

3 ڕۆژ لەمەوپێش



 

سەردار محەممەد

لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆر زەحمەتە هەم "ژن" بیت‌و هەم "کەمایەتی‌"، هەم پابەند بیت بەلۆکالی بوون‌و رەسەنایەتی" خۆتەوەو هەم "بشتوانیت بەو ئەندازەیە کاریگەر بیت کە لەئاستی جیهاندا بناسرێیت، وەک فەیروز و لەیلا زانا.

فەیروزو لەیلا، دوو ناوی درەوشاوەن، کە بەهەڵوێست‌و پێداگرییان لەسەر خۆڕاگریی‌و مانەوە لەزێد و نیشتمانی خۆیان، سەڕەرای هەموو سەختی ‌و مەترسییەکان، بوون بە"ئایکۆن" و سەرمەشقی کۆمەڵگەکانیان.

فەیروز

فەیروز، بەئەندازەیەک هێژاو گەورەیە کە هەرچییەک دەربارەی بووترێت، هێشتا کورت دەهێنێت.

ئەو بەدەنگە سیحرئامێز و ئەفسانەییەکەی، کە وەک لوبنانییەکان دەڵێن "نەغمەیەکە لەبەهەشتەوە دێ‌و دەڕژێتە رۆحی شەکەتی مرۆڤەوە"، لە"قاوەی بەیانیان" بەچێژترە، هەموو رۆژێک کە خۆر پاش ئاوابوونی شەوێکی تاریک هەڵدێ، فەیروز لەبەغداوە تا شام، لەبەیروتەوە تا پاریس، "شاژنی بەیانیان"ە.

بەڵام گەورەیی‌و جوانیی فەیروز، هەر بەهونەرە ئاست بەرزەکەیەوە ناوەستێ، بەڵکو ئەوە شێوازی ژیان‌و هەڵوێستە بەنرخەکانی بوون کە ئەویانکرد بە"ئایکۆنی لوبنان".
فەیروز، سەر بەخێزانێکی مەسیحییە، کە ١٠٠ ساڵە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قەتل‌ و عام دەکرێن‌ و لەکۆچێکی بەردەوامدان‌‌.

ئەم ژنە بوێرە، لەرۆژگارێکدا کە بەیروت لەئاگری جەنگی ناوخۆدا دەسووتاو کار لەسەر ئەوە دەکرا لوبنان بەتاڵ بکرێتەوە لەمەسیحییەکان‌‌ و هەرچی هونەرمەند و ئەکتەر و نوسەر و خەڵکی وڵاتەکەی بوو، فڕکان فڕکانیان بوو کامیان زووتر لوبنان بەرەو ئەوروپا و ئەمەریکا بەجێبهێڵن، ئەو نەک هەر لوبنانی بەجێنەهێشت، بەڵکو لەو رۆژگارە سەخت ‌و پڕ لەزەبروزەنگەدا جوانترین گۆرانییەکانی "سلام لبیروت"و "بحبک یا لوبنان" ی پێشکەشکرد، کە جۆرێک لە "شفا" بوون بۆ ئازارو دەردی لوبنانییەکان. 

فەیروز، بەدرێژایی جەنگی ناوخۆش، خۆی لەسەر هیچ حزب ‌و لایەنێکی سیاسی ساغ نەکردەوە و لەبەرژەوەندی هیچ حزب ‌و لایەنێکیش هەڵوێستی وەرنەگرت، وەک وەلید جانبولاد دەڵێت "فەیروز زۆر لەوە گەورەتر بوو، حزبێک بیکات بەهی خۆی".
فەیروز، ئامادەش نەبوو لەژیانی هونەری خۆیدا بۆ "پارەو شاباش"، بەشان‌و باڵی هیچ سەرۆک ‌و پاشایەکی وڵاتانی عەرەبیدا هەڵبداو گۆرانیان بۆ بڵێت، ئەو دەنگی "عەشق‌و ئازادی‌و نیشتمان" بوو.

جوانییەکەی دیکەی فەیروز ئەوەیە کە هەرگیز عاشقی "خۆدەرخستن‌"و "خۆنمایشکردن" نەبووە، کەمترین "دەرکەوتن‌"و کەمترین باسی خۆی‌و چاوپێکەوتنی لەژیانیدا کردووە، تەنانەت پێشنیاری "ملیۆنێک دۆلار"ی کەناڵێکی وەک "جەزیرە"ی لەبەرامبەر چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا رەتکردوەتەوە، هەربۆیە ئەم خانمە میهرەبانە کە ژیانی تایبەتی چەند پڕ لەشکۆمەندییە، ئەوەندەش پر لەخەم ‌و کارەساتە‌ و چەندین ساڵە بەدوور لە ژاوەژاوی میدیاکان ژیانی بەسەردەبات، بە"خانمی بێدەنگی" ناودەبرێت‌.

لەخۆڕا نییە کە تا ئێستاش، جیهان ئەو "لوبنانە شەکەت ‌و ماندووە"، لەڕێگەی "فەیروز"ەوە زیاتر دەناسن، تا لەڕێگەی سەرکردەو سیاسەتمەدارە گەندەڵەکانییەوە.

لەیلا

لەیلا زانا، یەکێکە لەو ژنە کاریگەرو بوێرانەی کە مێژووی هاوچەرخی کورد بەخۆیەوە بینیویەتی، ئەو کە لەسەر "کوردبوون"، ١٠ ساڵ خرایە کونجی زیندانەوە، بوو بەسیمبولی خەباتی میللەتێک‌.

لەیلا، کە لەهەڵبژاردنەکانی ١٩٩١دا، وەک یەکەمین ژنی کورد چووە پەرلەمانی تورکیاوە و بە کوردیی سوێندی خوارد، سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، ئەوکات دەیتوانی وەک زۆرێک لەو خەڵکە ناڕازییە، وڵات بەجێبهێڵێ ‌و بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵبێ‌، بەڵام بەوپەڕی ئازایەتی ‌و لەخۆبردوییەوە چووە بەردەم دادگاو خرایە زیندانەوە.
گرنگی ئەم هەنگاوەی لەیلا، لەوەدا بوو کە لەژاروژەنگی ئەو رۆژگارەدا کار لەسەر چۆڵکردنی باکوری کوردستان لەدانیشتوانە رەسەنەکەی دەکرا لەڕێگەی ناردنیانەوە بۆ ئەوروپا، لەیلا وتی "کوردستان وڵاتی هەمیشەیی منە، دەبێ بەو داخەوە سەر بنێنەوە من کوردستان بەجێبهێڵم".

دوای ئازادکردنیشی، چەند جارێک دۆسیەی دادگایی کردنی بۆ کرایەوەو تۆمەتبار کرا بۆ ئەوەی "بڕوات"، بەڵام لەیلا باکی بەو سزایانە نەبووە و هەمیشە وتویەتی "ئاوات دەخوازن‌ ئەم سزایانە واملێبکات وڵات بەجێبهێڵم‌، بەڵام من بەو داخ لەدڵانە دەڵێم: بەڵێنم داوە تا دوا هەناسەی ژیانم لێرە ناڕۆم‌".

لەیلاش، یەکێکە لەو ژنە هێژایانەی کە حەزی بەخۆدەرخستن ‌و بەر کامێرا و "خۆ نمایش کردن" نییە، ئەو لەو جۆرە مرۆڤانەیە کە لەژیانیاندا "قسەی کەم‌و کاری زۆر دەکەن"، پێویست نەکات نادوێ‌ و پێویستیش نەکا دەرناکەوێت. 

لەیلا، کە بەرگەی زۆر ئازاری گرتووە و ژیانی پڕاوپڕە لەئیرادە و خۆڕاگریی، هەمیشە کاری لەسەر ئەوە کردووە هێزە کوردییەکان پەرتەوازە و ناکۆک نەبن‌، زۆرجار باجی ئەم هەڵوێستەشی داوە، کە زۆرجار بەدەنگێکی پەژارەهێنەوە ویستویەتی ئەم پەیامە بگەیەنێت: "ئەگەر پەکەکەو پارتی کۆک بن من لەگەڵ هەردووکیانم، ئەگەر ناکۆک بن لەگەڵ هیچ کامیان نیم، ئەگەر شەڕ بکەن، من لەدژی هەردووکیانم".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار