دڵی سلێمانی یان شکاند

3 ڕۆژ لەمەوپێش
د. ئەحمەد فاتح محەمەد
بڕیار وابوو ڕۆژی هەینی کاتژمێر ٨ی شەو لە یاریگای یانەی نەورۆز لە سلێمانی گەورەترین کەرنەڤاڵی وەرزشی لەسەر ئاستی هەموو عێراق بەڕێوەبچێت، ئەو کەرنەڤاڵە بریتی بوو لەیاری کۆتایی جامی عێراق لەنێوان هەردوو یانەی هەرێمی کوردستان، ئەوانیش یانەی دهۆک ویانەی زاخۆ.
بەڵام لەناکاو بەپاساوی ئەوەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی ناتوانن ئاسایشی یاریگا دابین بکەن، یارییەکە گوازرایەوە بۆ بەغداد وئەو شەرەفە بەر سلێمانی نەکەوت، ئەوەش بۆ ناپیشەیی وخەم نەخواردنی دەسەڵاتدارانی شاردەگەڕێتەوە.
سلێمانی پێشەنگە
سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی سەخت دایە ئەویش بەهۆی ئەوەی وا دەچێت بۆ سێ مانگ موچە خۆرانی هەرێمی کوردستان موچەیان وەرنەگرتووە. بەڵام هەقیقەتێک هەیە ئەویش ئەوەیە یاریگای یانەی نەورۆز لەسلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیریی بووەتە هێمایەکی جوانی وەرزشی نەک تەنها بۆ سلێمانی وهەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو عێراق، یاریگای یانەی وەرزشی نەورۆز لە تەواوی میدیا عێراقییەکان ومیدیاکانی کەنداو دەنگی داوەتەوە.
دەبێت ئەوە بزانین کەنداوییەکان بەقورسی هێما بۆ کارێک دەکەن، چونکە ئەوان بەهۆی ئەوەی دەتوانن لە ڕوویی داراییەوە کاری گەورە ئەنجام بدەن، بەڵام یاریگای نەورۆز بۆ ئەوان بووە کارێکی جوان هەر بۆیە بەتایبەتی کوەیتییەکان وقەتەرییەکان وئیماراتییەکان زۆر بەجوانی ئاماژەیان پێدا، ئەمە بەدەر لەوەی خەڵکێکی زۆر هەر بۆ بینینی ئەم یاریگایە ڕوویان لە سلێمانی دەکرد. هەر بۆیە یەکێتی تۆپی پێی عێراق یاریگای نەورۆزیی دیارییکرد تا ئەو کەرنەڤاڵە وەرزشییەی تیادا ئەنجام بدرێت.
وەرزش و سیاسەت
زۆرجار وەرزش یاخود بڵێین تۆپی پێ لەگۆڕەپانی وەرزشیدا سیاسەتوانەکان یاخود بڵێین وڵاتە نەیارەکانی پێکەوە کۆکردۆتەوە، نمونەش بۆ ئەمە زۆرە.
دیارە ئێمە لێرەدا باس لە دژایەتی ناکەین، بەڵام ئەگەر ئەو کەرنەڤاڵە لە سلێمانی ئەنجام بدرایە ئەوا هەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادە دەبوون بێگومان ئەمەش ڕووداوێکی جوان وهیوا بەخش دەبوو، ڕەنگە ئەمەش بەستەڵەک وتێڕوانینی توندی هەردووکیانی لەسەر پرسی موچە هێور بکردبایەتەوە، بەدەر لەوەی کە ئەمە دەبووە دەستکەوتێکی گەورە بۆ سلێمانی ویانەی وەرزشی نەورۆز.
لێرەشدا خەڵکی سلێمانی و وەرزشکاران وگەنجانی سلێمانی لەنێو ئەو دۆخە ناخۆشەی لەئێستادا هەیە، شەوێکی خۆش وجوانیان بەڕێ دەکرد وچێژییان لە یارییەکە وەردەگرت، جارێکی تریش دڵیان بەوە خۆش دەبوو کە شارەکەیان وێڕای ئەوەی لە ڕووی خزمەتگوزاریی و ڕێگاوبان وگەشەسەندنەوە وەک پێویست نییە، بەڵام قەڵایەکی وەرزشی یان گۆڕەپانێکی وەرزشی وەک گۆڕەپانی یانەی نەورۆز بوونی هەیە کە خۆی سەپاندووە بەسەر هەموو گۆڕەپانەکاندا.
دڵی سلێمانی یان شکاند
ئەفسوس دەسەڵاتدارانی پارێزگای سلێمانی زۆر خەمساردانە پێشوازییان لەم بڕیارەی یەکێتی تۆپی پێی عێراق کرد، لەبری ئامادەسازیی بۆ ئەوەی ئەم کەرنەڤاڵە بە جوانترین وقەشەنگترین شێوە بەڕێوەبچێت، پەڵپ وبیانوی ناوەرزشی و نادڵسۆزیی دەهێننەوە گوایە ناتوانن ئارامی یاریگا لە ئەستۆ بگرن، ئەگەر ئەمنیەت وئاسایشی یاریگایەک لەئەستۆ نەگرن، کەواتە تواناکانی ئێوە لەژێر پرسیاردایە.
ئەم بڕیارە زۆر ناپیشەییانە بوو، دەبێت ئەوە بزانن یاریگای نەورۆز بووەتە هێمای وەرزشی گەنجان و وەرزش دۆستانی سلێمانی، ئەم یاریگایە لەسەر جوگرافیای شاری سلێمانی بونیادنراوە ولەم شارە جیاناکرێتەوە، گەنجان ووەرزش دۆستانی سلێمانی بەم بڕیارە دڵیان شکا، بۆیان دەرکەوت دەسەڵاتدارانی شار لە خزمەتی خۆشەویستی شاردا نین.
هێندە دەڵێم هیوادارم دەسەڵاتدارانی سلێمانی دەتوانن بە دروستکردنی دەیان گۆڕەپانی تر هاوشێوەی گۆڕەپانی وەرزشی نەورۆز خزمەت بەشار وکاروانی وەرزشی بکەن، لەم شارەدا یاریگای مەلعەبەکە بوونی هەیە بەڵام ناتوانن وەک پێویستیش خزمەتی بکەن.
