ئەوە بەغدا دوژمن بوو، بەڵام خۆتان بۆ وا دەکەن؟

2 ڕۆژ لەمەوپێش
عارف قوربانی
لە هیچ سەردەمێکدا بە ئەندازەى ئێستا کورد سوک و رسواى بەردەم عەرەب نەکراوە، سەبەبکارى ئەوەڵ و ئەخیری ئەم سەردەمى سوککردنەى کورد، کورد خۆیەتى. بەشى هەرە زۆرى هۆکار و بەرپرسیارێتىەکەشى لە ئەستۆى بەرپرسانى پارتى و یەکێتیى و حکومەتى هەرێمى کوردستانە.
بابەتەکەش تەنها موچە نییە، بەڵام موچە یەکێک لە گرنگترینەکانێتى. حکومەتى هەرێمى کوردستان لە مانگى پێنجەوە خۆى باش دەزانێت بەغدا چۆن و بۆچى بڕیاریدا موچە نەنێرێت بۆ هەرێم، دەشیزانى هەر موچەى مانگى پێنج نییە و مانگەکانى دیکەش نانێرێت. لەوەش دڵنیایە دروستکردنى لیژنەو لیژنەکارى هەر قسەى رووتەو قسەش ناچێتە گیرفانەوە.
سەرم لەوە سوڕماوە بڕیار بەدەستانى هەرێمى کوردستان خۆیشیان بۆچى بەم جۆرە خەڵکى کوردستان برسى و بێکار دەکەن؟ هەرچەند بیر دەکەمەوە تێناگەم ئامانجەکەیان چییە؟ ئایا بۆ ئەوەیە خەڵک بزانێت بەغدا دوژمنکارانە لەگەڵ خەڵکى کوردستان رەفتار دەکات؟ ئێ باشە ئەوە وتمان بەغدا دوژمنە، بەڵام ئەى خۆتان بۆچى بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ موچەخۆرانى خۆتان دەکەن؟
خۆ ئەگەر قسەى لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بۆ رێژەو بڕى داهاتى نەوت و نانەوتى راست نەبێت، بەڵام کورد واتەنی گوێز بەژمارە، مایەی دیارە. بەپێى راپۆرتى وەزارەتى دارایى هەرێم مانگانە ٤٠٠ ملیار دینار داهاتى ناوخۆتان لەبەردەستە، جگە لە داهاتى فرۆشى نەوت.
پێشتر ئەگەر شتێکتان لە داهاتى نانەوتى دابێتە بەغدا، بەڵام لە مانگى پێنجەوە هیچ بڕە پارەیەکتان بە بەغدا نەداوە، واتا هەر بە قسەى خۆتان تەنها داهاتى نانەوتى ئەم سێ مانگە بەشى موچەو نیوێک دەکات. بۆچى و لەبەرچى دەست بەدابەشکردنى موچە ناکەن. ئەگەر هەر کورتهێنانێکیش هەیە دەتانتوانى لەو کۆمپانیا و سەرمایەدارە سودمەندانەى خۆتان لە چوار پارێزگاکەى هەرێم هەر بە قەرز شتێکتان لەوان قەرز بکردایەو هەرکات بەغدا موچەى نارد بتاندایایەتەوە بە خاوەن قەرزەکە.
لە هەریەک لە پارێزگاکانى هەرێم زەوییەکى زۆرى گرانبەهاى بازرگانى هەن و جارجار لە زارى کەسانێکى وەک عەلى حەمە ساڵح سەرۆکى رەوتى هەڵوێستەوە گوێبیستى دەبین کە دەیدەن بە خزم و نزیکەکانی خۆتان، هەر مانگى پارچەیەک زەوى بازرگانى بفرۆشن بە سەرمایەدارێک و کورتهێنانى موچەى پێپڕ بکەنەوە. ئەو بە بارەمتەگرتنەى خەڵک لە رێى قوتى رۆژانەیەوە ئەنجامەکەى زۆر چاوەڕواننەکراو دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان. دواتر هەرچیەک بکرێت دەبێتە کەپنەکی پاش باران. ئەوەش دادی کەس نادات خەتاکەی بخرێتە سەر خەڵکیتر.
تکایە هەر ئەمڕۆ و مەیخەنە بەیانى بڕیار بدەن دەست بەدابەشکردنى موچە بکرێت. ئەگەر لەبەر ئەوە نایدەن، دەترسن بەغدا بڵێت پارەتان لەکوێ بوو؟ هەرچەند هەموو شت لای بەغدا ڕوونە، بەڵام چوار سەرمایەدار داوەتکەن و بڵێن لەوان قەرزمانکردووە.
بۆ دواتریش ئەگەر لەگەڵ بەغدا نەگەیشتنە رێککەوتن، دادگاى ناوبژیوانى پاریس تەنها ئەوەى قەدەغە کردووە کە هەرێمى کوردستان دەسەڵاتى ئەوەى نییە خۆى نەوت لە بەندەرى جەیهانى تورکییەوە هەناردەى بازاڕ بکات. نەیووتووە هەرێمى کوردستان مافى نییە نەوت دەربهێنێت. دەتوانن کۆمپانیایەکى بەهێزى ئەمریکى بهێنن و ئێوە هەر لە هەولێر نەوتەکەى پێبفرۆشن.
ئیتر هەناردەو کرێى بۆڕیى و کێشەى گواستنەوە و بە بازاڕکردنى لەکۆڵى خۆتان دەکەنەوەو کێشەکەش دەکەن بەکێشەی عیراق و ئەمریکا. ئەوکات بە پارەى داهاتى ئەو نەوتە و ناوخۆ دەتوانن سەربەرزانە موچەى موچەخۆرانى هەرێم بدەن و خۆتان و خەڵکیش لەو زەلیلییەى بەردەستى بەغدا رزگار بکەن.
