خولانەوە لە نێو بازنەی بەتاڵی خۆپیشاندانەکاندا

2 ڕۆژ لەمەوپێش



تاریق فاتیح

هەرێمی کوردستان لە سێ دەیەی ڕابردووەوە بە دەست کێشە و قەیرانگەلی جیاوازەوە دەناڵێنێت کە هەموویان لە خراپی حوکمڕانێتییەوە سەرچاوەیان گرتووە. هەموو ئەو کێشە و قەیرانانە قورسایی سەر شانی هاوڵاتییانی هەرێمیان تا بێت زیاتر کردووە. ئەم دۆخە بەردەوام ناجێگیر و سەختانە لەسەر چەندین ئاست، کاریگەریی نەرێنییان هەبووە لەسەر بیرکردنەوە و هەست و هەڵوێستی خەڵک لە پەیوەند بە دەسەڵاتدارێتیی و تەواوی کایەی سیاسیی. 

دەرئەنجامێکی سروشتییە و چاوەڕوانکراوە کاتێک توڕەیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵگا لە وەها دۆخێکدا دژ بە دەسەڵاتداران و دەسەڵاتدارێتییەکان لە فۆڕمی خۆپیشانداندا خۆی بەرجەستە دەکات. 

لە دوو دەیەی ڕابردووەوە کۆمەڵگای ئێمە لە نێو دۆخی خۆپیشاندانی ناوەناوە و بەردەوامدا لەلایەن توێژە جیاوازەکانەوە، دەژی. بە تایبەتی لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی ئابووریی درێژخایەنەوە، خۆپیشاندانەکان دیاردەیەکی بەردەوامی شەقام و شارەکان بوون. 

پرسیاری هەر هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە بۆچی ئەم هەموو خۆپیشاندانانە دەکرێن و بەڵام ناگەن بە ئامانج و گۆڕانکاریی لە ڕەوتی ژیانی کۆمەڵگا و شێوازی حوکمڕانێتیی لێنەکەوتووەتەوە؟

بۆچی لە هەر خۆپیشاندانێک و چەند کەسێک دەستگیر دەکرێن، یان هەندێک جار توندوتیژیی لێدەکەوێتەوە تا ڕاددەی برینداربوون و کوژرانی هاوڵاتیان، بەڵام هێشیا دنیای پێش و دوای خۆپیشاندان هەر هەمان شتە؟

ڕەهەندەکان و هۆکارەکانی بێئەنجام مانەوەی خۆپیشاندانەکان زۆرن بەڵام ئێمە لێرەدا هەندێکیان باسدەکەین کە دەتوانین بڵێین ئەمانە هەرە سەرەکیترینیانن:

یەکەم: دەتوانین ناوی بنێین ڕەهەندی شوێن کە بریتییە لە هۆکاری دابەشبوونی هەرێمی کوردستان بۆ دوو ناوچەی کارگێڕیی و دوو زۆنی دەسەڵاتدارێتیی جیاواز. خۆپیشاندانەکان لە ناوچەیەک و زۆنێکی دیاریکراو ئەنجامدراون و نەیانتوانیوە سەرتاسەریی ببنەوە بە تایبەت نەبوونی هیچ ئەکتێکی بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەقینە لە زۆنی چڕبوونەی دەسەڵات و ئەو ناوچەیەی کە دەسەڵات تێیدا زیاتر بەرجەستەیە کە ئەویش پایتەختە. ئەمەش وایکردووە خۆپیشاندانەکان تەنها لە ناوچەکانی دەرەوەی سەنتەری دەسەڵات بمێننەوە و بێکاریگەر بمێننەوە. 

دووەم: ڕەهەندی کات وەکو هۆکاری یەکانگیرنەبوونی خۆپیشاندانەکان لە یەک کاتدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. گرنگە بۆ بەئەنجام گەیشتنی خۆپیشاندانەکان یەکانگیریی و یەکگرتوویی هەبێت لە کاتدا لە تەواوی ناوچە و شوێنەکان. تەنانەت ئەگەر تەنها لە زۆنێکی دەسەڵاتدارێتییدا لە هەرێمی کوردستان، خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت گرنگ و پێویستە لە هەموو شار و شارۆچکەکاندا لە هەمان ڕۆژ و کاتدا ئەنجام بدرێن. هەروەها ئەگەر لە تەواوی هەرێم، لە هەردوو زۆنەکە، لە هەمان ڕۆژ و کاتدا و لە سەرجەم شار و شارۆچکەکاندا خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت ئەوا بە دڵنیاییەوە نەوەکو بە تەنها جێبەجێکیردنی کۆمەڵێک داواکاری دیاریکراوی لێدەکەوتەوە، بەڵکو تا گۆڕینی حوکمڕانێتییەکە دەڕۆیشت بە ئەگەری لاوازەوە لەرزینی تەواوەتی پایەکانی دەسەڵاتدارێتییەکەی لێدەکەوتەوە و کاریگەریی گەورە و هەمەلایەنی دەبوو.

سێیەم: ڕەهەندی مرۆیی خۆی دەبینێتەوە لە هۆکاری تایبەتبوونی خۆپیشاندانەکان بە توێژی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی. خۆپیشاندانەکان لە چێوەی توێژێک یان چەند توێژێکی کۆمەڵایەتیی تێپەڕیان نەکردووە و نەبوونەتە خۆپیشاندانی تەواوی کۆمەڵگا بە هەموو توێژەکانییەوە. بۆ نموونە خۆپیشاندانەکان توێژی مامۆستایان یان هەندێجار توێژی فەرمانبەرانیشیان لەگەڵ بووە. توێژەکانی تری کۆمەڵگا لە دەرەوەی خۆپیشاندانەکان ماونەتەوە و ئەمەش وەهایکردووە کە خۆپیشاندانەکان تایبەت بن بە توێژی دیاریکراو نەوەکو هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا.

چوارەم: ڕەهەندی ڕێکخراوبوون و هۆکاری نەبوونی پلانی وورد و تۆکمە و ڕێکخستنێکی هەمەلایەن یەکێکی ترە لە بێئەنجام مانەوەی خۆپیشاندانەکان. خۆپیشاندانەکان پلانی وورد و تۆکمەیان لە پشتەوە نەبووە بۆ جێ پێ لێژکردنی دەسەڵاتی حوکمڕانێتیی و یان تەنانەت تا ئاستی جێگرتنەوەشی. هەروەها ڕێکخستنێکی هەمە لایەن و باشیان لە پشتەوە نەبووە. پلانی تکمە و ڕێکخستنی هەمەلایەن لە توانای ئۆپۆزیسیۆنێکی سیاسیی بەهێزدایە کە وەکو حزبی سیاسیی بوونی هەبێت و خاوەن دیگایەکی قووڵ بێت  جیاواز لە دیدگای دەسەڵاتدارێتیی. توێژی کۆمەڵایەتیی بە گوێرەی دابەشبوونیان بەسەر گوتارە جیاوازە سیاسییەکاندا بۆیە ناتوانێت خاوەنی یەک گوتاری یەکگرتووی سیاسیی بێت و ئامانجی لادانی دەسەڵاتی سیاسیی هەبێت، ئەمەش وەهایکردووە کە خۆپیشاندانەکان کاریگەر و بەهێز تەنانەت ئەگەر هەندێجار ژمارەی خۆپیشاندەرانیش زۆر بووبێت.

پینجەم: ڕەهەندی داواکارییەکان  و هۆکاری قەتیسبوونی داواکاریی خۆپیشاندانەکان لە چێوەیەکی بەرتەسکدا یەکێکیترە لە هۆکارەکان. بەوپێیەی خۆپیشاندانەکان تایبەت بوون بە توێژێکی دیاریکراو یان چەند توێژێکی دیاریکراو ئەمەش خۆبەخۆ وەهایکردووە داواکارییەکانی خۆپیشاندان لە چێوەی داواکارییەکانی ئەو توێژە یان ئەو چەند توێژە تێپەڕ نەبن، کە بە زۆریش داواکارییەکە مووچە و هەموو ئەو بابەتانەی دیکە کە گرێدراو بوون بە مووچەوە بووە. لێرەوەیە کە تەواوی کۆمەڵگا بە هەموو توێژەکانییەوە خۆیان بە خاوەنی خۆپیشاندانەکان نەزانیوە و وەکو چاودێر و تەماشاکار لە دەرەوەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکان ماونەتەوە.

واتا داواکارییەکان داواکاریی تەواوی کۆمەڵگا نەبوون. بۆ نموونە بابەتی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەکو کارەبا، ئاو، ڕێگەوبان و گەندەڵییە گەورەکان لە ئاستەکانی سەرەوەدا. 

شەشەم: ڕەهەندی بەرپرسیارێتیی لەلای هاونیشتمانیان لە ئاستی کێشە گشتییەکانی کۆمەڵگادا بەرجەستە دەبێت. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە نموونەیەک دەهێنینەوە، کاتێک لە خۆپیشاندانی خانەنشینانی فەڕەنسا، ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری لە کچێکی گەنج کرد و ووتی تۆ وەکو گەنجێک بۆچی هاتووی لە کاتێکدا خۆپیشاندانی بەتەمەن و خانەنشینەکانە؟ ووتی منیش لە ئایندەدا هەمان چارەنووسی ئەوانم هەیە. خۆم بە بەرپرسیار دەزانم لە کێشەی ئەوان و بە کێشەی خۆمی دەزانم. ئامادەنەبوونی ئەم جۆرە لە بەرپرسیارێتیی و تێگەیشتن لە ئاگایی گشتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە ئاستی کێشە جڤاتییەکاندا یەکێکی ترە لە هۆکارەکان. 

دەرئەنجام بە کورتی، نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکبەرەیی یەکگرتووی کارا و نەبوونی داواکاریی گشتی کۆمەڵگایی و نەبوونی پلانی تۆکمە و ڕێکخستنێکی هەمەلایەن و هەروەها لە سەروو هەمووشیانەوە تایبەتبوونی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان لە زۆنێکی دیاریکراو و سەرتاسەریی نەبوونیان، وەهایکردووە نارەزایەتیی و خۆپیشاندانە ناوەناوە و بەردەوامەکانی هەرێمی کوردستان لە بازنەی بەتاڵی بێئەنجامیی و بێئاکامییدا بخولێنەوە. 

دۆخی هەنوکەیی لە هەرێمی کوردستان لە پلەی کوڵاندایە و دۆخەکە گەیشتووە بە ئاستێک کە ڕەنگە لە ساتێکدا خۆبەخۆ هەموو ڕەهەندەکان و هۆکارەکان پێکبگەن و گەڵاڵەببن و ئەمەش خۆپیشاندان و قڵپبوونەوەی لێبکەوێتەوە و بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستان تەواو ببێت. لە ئەنجامدا قەوارەی هەرێم و ئایندە و ژیانی خەڵکەکەی، کراوە بن لە بەردەم هەموو ئەگەرەکاندا، بە باش و خراپ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار