کۆتایی

14 كاتژمێر لەمەوپێش
یاسین ئافتاو
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شایەتی گیانەڵای ئیسلامی سیاسییە بە هەموو باڵەکانیەوە، گەشبینییەک هەبوو بەوەی کە پۆست ئیسلامیزم، قۆناغێکی ڕاگوزەریی بێت لە ئیسلامیزمەوە بەرەو ڕەوتێکی سیاسیی، کە کرۆکەکەی ڕۆحانیی و ئاکارگەرایە و نزیکترە لە سیکیولاریزمێکی نەریتپارێز و هاوچەرخەوە؛ بەڵام بەداخەوە ئەمە وا دەرنەچوو و وا دیارە پەڕینەوە بۆ ئەو قۆناغە هێشتا دەبێت بە دەریای خوێن و یەکترسڕینەوەدا بڕوات.
ئیسلامیزم، نەوەک ئیسلام و مسوڵمانان، جگە لە کوشتن و بڕین، یەکڕەنگرکردنی تابلۆیەکی فرەڕەنگی خودایی هیچی دیکەی بۆ مرۆڤایەتیی و بەتایبەتیی بۆ کۆمەڵگەی مسوڵـمانان و تایبەتتریش بۆ خۆرهەڵاتی ناوین پێ نییە.
ئیسلامیزم، کە ئیسلامی سیاسیی باڵێکیەتی، ئیخوان موسلیمینیش ناوکی ئەو باڵەیە، هەوڵێکی کۆمیدییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مێژوو. هەمیشە کە بیر لە ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگە دەکەمەوە، بیر لە کەسێکیش دەکەمەوە کە بە بەرمیلێک بۆیاخەوە هەوڵی گوایا جوانکردنی باخچەیەک دەدات کە خودا فرە ڕەنگی کردووە و دەیەوێت بۆیاخی بکات. هەربۆیە، ئیسلامیزم ڕەوتێکی دژەخودا، دژەسروشت، دژەفیتڕەت و دژە مێژووشە.
تاشینی سمێڵ و ئەتککردنی نامووسی دروزییەکان، بەشێکە لە کۆتایییەکە، هەتا کۆمەڵگە مسوڵمانەکان زووتر کۆتایی بە ڕەوتە ئیسلامییستە جیاوازەکان بهێنن زووتر دەحەسێنەوە.
ئینجا، دەستبەرداربوون لە ئیسلامیزم، دەستبەردار بوون نییە لە ئیسلام، باوەشکردنەوەش نییە بۆ فسق و فجوور و بەرەڵڵایی و هاوڕەگەزخوازیی، بەڵکو، خۆهاویشتنە ناو دونیای هاوچەرخە بە تایبەتمەندییەکانی خۆمانەوە، دەکرێت خاوەن شارستانێتییەکی لیبراڵ-دیموکراس-سەرمایەداری مسوڵمانانەی زۆر پێشکەوتوو بین، بەها باڵاکان: کەرامەت، ئیحتیشام (نەک بورقوع و حیجابی عەرەبی)، میهرەبانی، بەتەنگەوەهاتن، سەردارمان بن، دەشێت ئیسلامیی نەبین و بە ڕۆحێکی سۆفیگەریی ئیبن عەرەبییانەوە باوەش بە دونیا و ژیان و خۆشگوزەرانییدا بکەین.
من خەون دەبینم لە دونیایەکدا بژیم، سپێدان کە هەڵدەستم، نوێژێک لە دڵەوە بکەم، سەر بۆ خودا میهرەبانەکەم دابنەوێنم، وەرزشێکی بەیانیان بکەم، بەدەم بەرچاییەوە گوێ لە شێخ عەبدولباست بگرم کە سوورەی یوسف دەخوێنێت، ئینجا بەدەم بردنی کچەکەم بۆ قوتابخانە گوێ لە ئوستاد عەدنان کەریم یان فەیرووز بگرم... خەون دەبینم منداڵەکانم لە دونیایەکدا چاو بکەنەوە کە دیموکراسی سەر نەکێشێت بۆ تاکگەراییەکی هێندە بێتام کە مرۆڤ لە شوققەکەی پاڵیدا خۆی بکوژێت و تەنیا بە بۆگەنکردنی لاشەکەیدا بە مردنی بزانین و دواتر تەرمەوانەکان بێن بینێژن.
من دەمرم بۆ ڕۆژانێک، کاتێک کچێکی یارسان و کاکەیی دێت و پێم دەڵێت دەمەوێت بێمە سەر دینەکەی ئێوە، پێی بڵێم ئەزیزم بۆ دینی خۆت عەیبی چییە؟ کچەکەم دوای ڕۆژووگرتنی ڕەمەزان لەگەڵ کچە مەسیحییە هاوڕێکەی پێکەوە بچنە گەشت، ئەگەر خاچەکەی لێکەوت بۆی هەڵگرێتەوە و تەپوتۆزی غەدری کەوتن لە مەسیحی شکۆداری ڕۆحی خودا بتەکێنێت.
دەمەوێت و دەمرم لەپێناو ڕۆژانێکدا، زۆرلێکردنی ئاییندارانی هاوئایینم نەبێتە هۆی درووستکردنی سوپایەک لە دووڕوو، بە زۆر سەرپۆش نەکەمە سەر ئەو گوڵانەی بێ خۆرەتاو سیس دەبن، هەروەها ئەو مروارییانەش لە قاوغ دەرنەکەم کە بەدیار شەنگیی و شیکیی خۆیانەوە نوێژیان دابەستووە.
مارەکردنی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانیی لە ڕۆحانییەت بۆچی دەبێت خەونێکی قەدەغە بێت؟ بۆچی مەستیی و مزگەوت دژی یەک بن؟ بۆچی دەبێت مەی و منارە ڕقیان لە یەکدیی بێت؟
من هیوام بە ڕۆژانێکە، دار و سەوزایی کوردستان هێندە گەشە بکات، سەوزیی بەشی هەموو ئەو تابلۆیانەش بدەین کە سیس هەڵگەڕاون، بە لای داردا بڕۆین و وەکو چۆن سڵاو لە مرۆڤ دەکەین ئاوا سڵاو لە درەختی برامان بکەین و کەسیش بەلایەوە نامۆ نەبێت، ئەوە نامۆ بێت لەپای سێبەرێکی هاوین سەر بۆ درەختێک دانەنەوێنین، وشەی (دوژمن) وەکو ئاشی ئاو تەنیا لە فەرهەنگەکاندا بمێنێت...
من هیوام بە ڕۆژانێکە، نیوەی دۆستەکانم باوەڕدار و نیوەکەی دیکەیان بێباوەڕ بن و کەچی بتوانین پێکەوە بچینە سەیران، کاتێک یەکێکیان دەڵێت: ئادەی بزانم خودا دەتوانێت گاشەبەردێک درووست بکات و نەشتوانێت هەڵیبگرێت؟ لەوێدا بکەوینە بنی گۆمێکی قووڵی گفتوگۆی فەلسەفییەوە بە غەوسی گەیلانییش نەهێنرێینە دەرەوە و کاتێکیش تەواو دەبین، هێندە لە حیکمەت و دانایی تێر بووبین؛ خواردنەکەمان بۆ سوێسکە و کڵاوکوڕە و ڕێوییەکان جێ بهێڵین.
من خەون بە دونیایەکەوە دەبینم، سێکیولاریزم بریتیی نەبێت لە داماڵینی مرۆڤ لە هەموو پیرۆزییەک، زانست بریتیی نەبێت لە تەنیا پێشکەوتنی ماددی، سەرمایەداریی وەحشێک نەبێت بۆ گیانی مرۆڤ، ئازادیی بریتیی نەبێت لە خۆوێرانکردن و سەرگەردانیی.
من خەون بە ئاوابوونی بتەکانەوە دەبینم، بتی سیاسیی، بتی کۆمەڵایەتیی، بتی خێڵ و بتی کولتوور و بتە زۆرەکانی ئەکادیمیا و فەلسەفە، بەڵام ئەمە بۆ سەلماندنی ئەوە نەبێت کە تەنیا ئیمانەکەی من ڕاستە.
من خەون بە ڕۆژگارێکەوە دەبینم، دەنگی ئومکەلسووم و مەنشاویی هەردووکیان پیرۆز و بۆ هەموو مرۆڤەکان دڵنشین بن. تەنبوور و سەڵا، خاچ و شەشگۆشەی جووان درەوشاوە بن.
