کورد و ئیگۆی نەتەوەیی

2 هەفتە لەمەوپێش
د. شاهۆ سەعید
ئێمە وەک کورد ئیگۆی نەتەوەییمان زۆر گەورە نیە. ئەوە بە دیوێکدا باشە و بە دیوێکدا خراپە. باشە ئەگەر نەبێت بە زیندانی ئایویۆلۆجیایەکی رەگەزپەرست و خێڵەکی، بەڵام خراپە گەر ببێتەهۆی خۆبەکەمزانین لە ئاست نەتەوەکانی تردا.
کوردبوون دەکرێت مایەی شانازیی بێت گەر لەسەر ئاستی ناوخۆ چەترێکی دادپەروەر و کۆکار بێت بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو کەسانەی هەڵگری شوناسی کوردن، بەو مەرجەی شیاوترین رایەڵەی پەیوەندیی کراوەو شارستانی لەگەڵ شوناسە ئاینی و ئیتنی و مەزهەبیەکانی تر دروست بکەین.
کورد بە درێژایی مێژوو خاوەن قەوارەیەکی دەڵەمەیی نەخەمڵیو بووە، نە ئەوە بووە هەبێ نە ئەوە بووە نەبێ. ئەڵبەت هۆکاری ئەو نەخەمڵینە زۆرە، ڕەنگە سەرەکیترینیان ئەوە بێت کە لە جوگرافیایەکدا ژیاوین بە سێ نەتەوەی زۆر گەورەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تەنراوین، کە هەرسێکیان هەڵگری رۆحیەتی ئیمپراتۆرین، هەرسێکیان بۆ سەدان ساڵ نەک هەر فەرمانڕەوای ناوچەکە بوون، بەڵکو خاوەن ئیمپراتۆریای بێ ڕکابەری هەموو جیهان بوون.
مانەوەمان لەنێوان ئەم سێ زل نەتەوەیەدا خۆی لەخۆیدا سەرکەوتنە بەو مەرجەی "خۆکرد" بێت نەک "سروشتکرد"، واتە ئیرادە وایکردبێت بمێنینەوە نەک سروشتی سەخت و نشێوی ئەو ناوچە شاخاویەی تیایدا ژیاوین.
بۆ ئەوەی بیسەلمێنین ئیرادە ئێمەی هیشتووەتەوە، یان لانی کەم بۆ ئەوەی لێرە بەدوا بەرهەمی ئیرادە بین، دەبێت دیدگای خۆمان بەراورد بەهی ئەوانی تر تاقی بکەینەوە، واتە هەڵگری هەمان دیدگای عەرەب و فارس و تورک نەبین لە بینینی خۆماندا، یان لە پەرچەکرداری ناسیۆنالیزمی عەرەبی و فارسی و تورکیدا نەبین بە خاوەنی هەمان ناسیۆنالیزم، بەڵام بە ڤێرژنە کوردییەکەی.
هاوکات قەدەرمانە چاوێکمان لەسەر عەرەب و فارس و تورک بێت و چاوێکیشمان لەسەر کورد خۆی بێت. واتە لە یەک کاتدا کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکان و پێکەوەژیان بکەین لەگەڵ ئەوان، کاریش لەسەر ئەو جیاوازیانە بکەین کە دەگمەنایەتی دەبەخشێت بە کوردبوون. بۆ نمونە دەکرێ بپرسین: ئایا کورد لە باشور چ ئیزافەیەکی بەخشیوە بە عێراق؟، ئایا بووەتە هۆکاری جوانکردنی سیستێمی فیدراڵی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و گەشەی سیاسی و ئابوری؟ یان لە سوریا، ئایا کورد توانیویەتی نمونەیەکی حوکمڕانی پێشکەوتوتر و گەشەسەندوتر لە هی عەرەب و پێکهاتەکانی تر دروست بکات؟ دەکرێت پرسیاری هاوشێوە دەربارەی رۆڵی ئایندەیی کورد لە تورکیا و ئێران بوروژێنین.
بەدیوەکەی تردا، پێویستە کە بەهەمان ئەو ئەندازەیەی لەگەڵ ئەوان دایەلۆگ و ململانێ دەکەین لەگەڵ خۆشمان مۆنۆلۆگ و ململانێی ناوەکی بکەین، چونکە لەنێوان شانازیکردن بە شوناسی کوردیی و رەوایەتی بەخشین بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن کورد خۆیەوە سەرەداوێکی باریک هەیە کە دەشێت لەهەر کاتێکدا کورد خۆی بیبەزێنێ.
بە هەمان شێوە لەنێوان ڕەخنەگرتن و بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی کوردیی و خۆبەکەمزانین و تەسلیمبوون بە گوتاری داگیرکەرانیش هەر سەرەداوێکی باریک هەیە و هەمان هاوکێشەی بەسەردا جێبەجی دەبێت.
واتە زۆر گرنگە بە دیدێکی ڕەخنەیی بەرەنگاری ڤێرژنە خراپەکەی کوردایەتی ببینەوە، بە تایبەتی لە باشور و رۆژئاوا کە لەسەر زەوی دەسەڵاتیان هەیە، بەو مەرجەی سەرچاوەی ئەو بەرەنگارییە هۆشیاربوون بەوەی کە دەبێت کوردبوون لە زیندانی ناسیۆنالیزمی خێڵەکی و ڕەگەزپەرست و قۆرخکار دەرباز بکەین.
بەڵام هۆشیارییەکی لەمجۆرە نابێت پاساو ببەخشێتە کەسانێک کە لە دژایەتیکردنی دەسەڵاتی کوردیدا دەبنە کەسانی ماسۆشی بەرامبەر شوناسی خۆیان، واتە چێژ لە خۆئەشکەنجەدان وەردەگرن و لە ڕقی دەسەڵاتی کوردی دژایەتی خودی کورد دەکەن، هەندێ جاریش دەبنە هاوئاوازی ڕەگەزپەرستە عەرەب و فارس و تورکەکان کە کورد وەک خائین و خەنجەری ژاراوی دەستی ئەمریکا و جولەکە و دوژمنانی ئیسلام و خۆرهەڵات دەبینن.
لەسەر ئاستی فیکریی، ڕاگرتنی هاوسەنگی لەمجۆرە پێویستی بە پەیڕەوکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەییە. بیرکردنەوەی ڕەخنەییش پێویست دەکات بە کوردی بیربکەینەوە. بیرکردنەوەش بە کوردی دەمانکات بەگژ هەموو ئەوانەی ڕقیان لە بیرکردنەوەیە، جا ئیتر کورد بن یان غەیرە کورد.
