١٣ ساڵ لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و مۆدێڵی چارەسەری
.jpg)
2 هەفتە لەمەوپێش
سەلاح خدر
١٣ ساڵ پێش ئێستا شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ دا لە شاری کۆبانێوە دەستی پێکرد و بەزوویی بەهەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بڵابوەوە.
شۆرش دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتە و کشانەوەی ڕژێمی بەعس لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد.
یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژن هاوشانی گەل هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتیان کۆنتڕۆڵ کرد.
ئەوەش سەرەتایەک بوو بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەری خۆسەر و وەک کاروانی بەرەو ئازادی بەناوکرا، کە پێکهاتەکانی هەرێمەکە بەجۆش و خرۆشەوە پێشوازیان لێکرد.
بناغەی شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر بنەمای پارادایمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی ڕێبەر ئاپۆوە دانراوە.
بنەما سەرەکییەکانی شۆرش ئەمانە بوون.
خۆسەری دیموکراتی: دروستکردنی سیستەمێکی نامەرکەزی کە تیایدا گەل خۆی خۆی بەڕێوەبەرێت
هاوسەنگی ڕەگەزی: پێشەنگایەتی ژنان لە هەموو بەشەکانی ژیاندا لە سیاسەت هەتا سەربازی
فرەلایەنی: پەیوەندی هاوبەش لەنێوان پێکهاتە و باوەڕ و نەتەوەکانی وەک کورد، عەرەب، ئاسوری سوریانی، ئەرمەنی، تورکمان و چەچان
ئیکۆلۆژی: پاراستنی ژینگە و ئاواکردنی ئابورییەکی خۆجێی
خۆپاراستن:بەرگری و خۆپارێزی لە دژی هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر گەلانی هەرێمەکە
ئەم پڕەنسیپانە دەبێتە نمونە و مۆدێلێک بۆ پڕەنسیپەکانی کۆمەڵگای دیموکراتی و یەکسان و ئازاد بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین.
ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا خاوەن ڕۆڵێکی پێشەنگایەتی بەرچاو بوون.
یەپەژە وەک هێزی سەربازی و کۆنگرەی ستار وەک چەتری دەزگاکانی ژنان بوونە هێزی سەرەکی گۆڕانکاری ڕیشەیی.
ژنان لەهەموو ناوەندەکانی شۆڕشدا بەشێوەیەکی چالاکی ڕۆڵیان دەگێڕا، هەربۆیە ئەم شۆڕشە وەک شۆڕشی ژن بەناوی دەکەن.
گەنجان لەژێر چەتری بزوتنەوەی گەنجانی شۆرشگێڕدا خۆیان بەڕێکخستن کرد و بوونە داینەمۆی بەهێزی شۆڕش.
شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر بناغەی نەتەوەی دیموکراتی ئاوا کرا.
ئامانج لەو سیستەمەش ئەوە بوو کە هەموو پێکهاتە و باوەڕ و نەتەوەکانی وەک کورد،عەرەب، ئاسوری و سوریانی، ئەرمەنی، تورکمان و چەچەن، لە کەش و کۆمەڵگایەکی یەکساندا پێکەوە بژین.
بەڕێوبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خاوەن ئەرکێکی گرنگە لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا.
بەڕێوبەرایەتی خۆسەر کار بۆ ئاواکردنی سیستەمێکی نامەرکەزی لەسەر بنەمای کۆمین و ئەنجومەنەکانی گەل دەکات.
دەزگاکان لەو سیستەمەدا بڕیاری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دەدەن، هەروەها لەپاڵ قەسەدە، یەپەگە و یەپەژەدا هەرێمەکانیان لە هەرجۆرە هێرش و هەڕەشەیەک دەپارێزن.
دامەزراندنی دەزگاکانی پەروەردە و فێرکردن بە زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەی پێکهاتەکان، نیشاندەری فرەڕەنگی کلتوورییە لە هەرێمەکەدا.
دەزگای زمانی کورد و ئەکادیمیای نوری دێرسیمی ڕۆڵی گرنگیان لە پێشخستنی زمانی کوردیدا لەوێ بینیووە.
لەگەڵ هەموو گەمارۆ هەمەلایەنەکانیشدا بەڵام بەپێشخستنی ئابووری خۆجێی لەسەر بناغەی هەرەوەزی، کشتوکاڵ و کارگەی بچووک ئابووری پێشدەخرێت.
زۆر جار هەموو ئەم دەستکەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان بوونەتە ئامانجی هێرش و دوژمنایەتی دژوار.
هۆکاریش تەنها ئەوەیە کە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی دژی سیستەمی ئەنتی دیموکراتی، ڕەگەزپەرستی و تاڵانکار و کاولکارە و بەپێچەوانەوە سیستەمی چارەسەری و ڕزگارییە.
هەربۆیە دەوڵەتانی نەتەوەپەرست هەموویان کۆدەنگ دژ بەو سیستەمە دەوەستنەوە، لەسەروویانەوە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی.
گەلانی هەرێمەکە یەکگرتوو و پێکەوە بەتوندی بەرامبەر هەموو هێرشەکانیان وەستانەوە و لەوپێناوەشدا هەزاران شەهیدیان بۆ ئازاد و یەکسانی بەخشیووە.
شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بەهەموو ئەم تایبەتمەندیانەی خۆیەوە نەک تەنها بۆ کوردان و خەڵکی هەرێمەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەڵکو هیوای دواڕۆژێکی ڕووناکە بۆ هەموو ئەو گەلە ژێردەست و چەوساوانەی بەدوای ئازادی و چارەسەریدا دەگەڕێن.
