داخستنی بۆری جەیهان گورزێکی كەمەرشكێن دەبێت بۆ کوردستان

13 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕێککەوتننامەی هێڵی بۆری نەوتی خاو کە لە ساڵی ١٩٧٣ەوە تا ئێستا لە نێوان تورکیا و عێراقدا کاری پێکراوە، لە ٢٧ی تەمموزی ٢٠٢٦دا کۆتایی دێت.

بڕیاری سەرکۆماری تورکیا سەبارەت بەم بابەتە لە ڕۆژنامەی فەڕمیدا بڵاوکرایەوە.

بەپێی بڕیارەکە، ڕێککەوتننامەی هێڵی بۆری نەوتی خاوی تورکیا-عێراق، پرۆتۆکۆڵی هێڵی بۆری نەوتی خاو و ڕێککەوتن و پرۆتۆکۆڵەکانی دیکەی پەیوەندیدار، لە ٢٧ی تەمموزی ٢٠٢٦دا کۆتایی دێت.

قۆناغی یەکەمی هێڵەکە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی هێڵی بۆری نەوتی خاو کە لە ٢٧ی ئابی ١٩٧٣ لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوو کرابوو، لە ساڵی ١٩٧٦دا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. ڕێککەوتنەکە لە ساڵی ٢٠١٠ نوێکرایەوە و بۆ ماوەی ١٥ ساڵی دیکە درێژکرایەوە.

بۆچی تورکیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی بۆری نەوتی خاوى لەگەڵ عێراقدا؟
 
نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابوری عێراق، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت:  ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای مادەی (١١)ی رێککەوتنەکە بوو، لە (١٩)ی ئەیلولی (٢٠١٠)هەموارکرایەوە، کە رێگە بە هەر لایەنێک دەدات رێککەوتنی (١٥) ساڵە هەڵبوەشێنێتەوە، بە ناردنی ئاگادارییەکی نوسراو بۆ لایەنی بەرامبەر ساڵێک پێش وادەی بەسەرچونی. 

عێراق بە پشت بەستن بەم مادەیە دەیتوانی دوو ساڵ پێش بەسەرچونی، رێککەوتنەکە درێژ بکاتەوە یان هەموارى بکاتەوە، بەڵام ئەو کارەی نەکرد. 

رەنگە ئەم بڕیارەی تورکیا پەیوەندی بە بێزاری ئەنكەرەوە هەبێت لە عێراق، کە سکاڵای یاسایی لە ژووری بازرگانی پاریس تۆمارکرد، بەوهۆیەوە سزای یەک ملیارو (500) ملیۆن دۆلاری بەسەر تورکیادا سەپاند، بەهۆی رێگەدانی بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆری جەیهانەوە، بە پێشێلکردنی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ عێراق واژۆکراوە. 

هەروەها پێدەچێت زیاتر پەیوەندی بە خواستی تورکیاوە هەبێت بۆ دامەزراندنی هێڵی بۆری نوێ بۆ گواستنەوەی نەوت و غازی سروشتی لە بەسرەوە بۆ بەندەری جەیهان لەسەر دەریای ناوەڕاست. 

بەگوێرەی ئەو پلانە، نەوتی خاو و غاز لە بەسرەوە بەرەو باکور بۆ حەدیسە دەڕوات، بەر لەوەی بەرەو سلۆپی لە باشوری تورکیا بڕوات، هاوكات ئەم رێگایە خاڵی گواستنەوە لە بێجی عێراقەوە بۆ فیشخابور لە نزیک سنوری تورکیا لەخۆدەگرێت.

توانای  پرۆژەکە دەگاتە (2.2) ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکداو، هێڵی بۆری بەسرە-سلۆپی بۆ هەناردەکردنی بەردەوامی نەوتی خاوی عێراق زۆر گرنگە، ئەمەش رێگەیەکی جێگرەوەو ئاسانتر بۆ بازاڕەکانی دەریای ناوەڕاست دابین دەکات، وێڕای ئەوەی دەبێتە درێژەی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانی گەورە، کە ئامانجی بەستنەوەی ئاسیایە بە ئەوروپا لە رێگەی تۆڕێک لە هێڵی ئاسن و رێگاکانی تێپەڕین بە عێراقدا، بۆیە حکومەتی عێراق پەسەندی دەكات و رەزامەندی لەسەرە.
هەروەها ئەم پڕۆژەیە هەوڵەکانی ئەنكەرە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی گەورەی وزەی ناوچەیی بەهێزتر دەكات. 

هێڵی بۆری غازی بەسرە - سلۆپی سودی بۆ ناوچەکە دەبێت، چونکە تورکیا پلانی هەیە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو غازە سروشتییە بۆ عێراق دابین بکات کە پێویستيەتى بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، تا ئەوکاتەی کێڵگە غازە ناوخۆییەکان پەرەیان پێدەدرێت. 

بەڵام داخستنی بۆری جەیهان، گورزێکی كەمەرشكێن دەبێت بۆ کوردستان، كە  تاکە دەرچەیەتی بۆ هەناردەکردن، بەمەش ئابورییەکەی لاواز دەبێت و زیاتر پشت بە بەغداد دەبەستێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار